سەردێڕ:

چۆن ئەم قۆناغەی مێژوو تێپەڕێنین؟

7/1/2020 10:19:40 PM
4780 جار خوێندراوەتەوە
زینۆ کاکەیی
+ -

کورد وەک نەتەوەیەکی یەکگرتووی خاوەن عەقڵی سیاسی و ھێزێکی ماتریاڵی و ئایدیایەکی ئەفسانەیی لەمێژوودا ھەرگیز بوونی نەبووە، ھەرچەندە یەکێکە لەکۆنترین میللەتەکانی جیھان و لە شارستانیەتی لاگاش – سۆمەر (٣٠٠٠ ھەزار ساڵی پێش زاین) لە ناوچەی میسۆپۆتامیا ڕۆڵی سەرەکی ھەبووە، بەڵام ھەرگیز نەیویستووە یان نەیوێراوە مێژووێک بۆخۆی تۆماربکات، بەڵکو ھەردەم لەخزمەت ئەوانی تردا بووە و شوێنکەوتوویان بووە، سەردەمێک لەگەڵ میللەتە سەردەستەکانی وەک ئاشوری و بابلی بەرەو دەشتی نەینەوا ھێرشی کردووە و سەردەمێکیش بەپێچەوانەوە لەگەڵ پارسەکان بەرەو ڕۆژھەڵات پەلی کوتاوە، ئەم شوێنکەوتن و دوالیزمەیە وای لێکردووە کەخەیاڵی تایبەت بەخۆی نەبێت تا بەدیبھێنێت و بەردەوام لە خزمەت بەدیھێنانی خەونی ئەوانی تردا بێت، ئەم فاکتەرە کە ڕیشەیەکی قوڵی مێژوویی ھەیە وای لەم میللەتە کردووە کە زیاتر لە(٥٠٠٠ھەزارساڵ) لەدەرکەوتنی تا ئێستاش دەوڵەتی نەبێت .

دوای قۆناغی گەشەکردنی شارستانیەت و فراوانبوونی جوگرافیا و دانیشتوانەکەی ئیتر شەڕی بەرژەوەندیی و فراوانخوازیی سەریھەڵدا، ئەو قۆناغەش کە تایبەتمەندیەکانی بریتیبوون لە داگیرکاری و سڕینەوەی یەکتر دیسان کورد غیابی ھەبووە وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ، ھەربۆیە ئێستا ھیچ نوسینێکی فەرمی نە لە شارستانیەتی میزۆپۆتامیا نە لەشارستانیەتی پارس – ماد لەسەر کورد نییە، چونکە کورد ئەوکات نە داگیرکەربووە و نە داگیرکراو، مێژوویش کە تۆماری ڕووداوەکانە ھیچی بۆ ئەم تۆمار نەکردووە چونکە ڕووداوی نەبووە، بۆیە تا ئێستا ئێمە خاوەن مێژوو نین، زۆرێک لە بۆچونەکان بەرەو ئەوەمان دەبەن کە پرسیار لەسەر نەتەوەبوونی خودی کورد بکەین .

لەھەمانکاتدا مانەوەی کورد لەو مێژووەوە تا ئەمڕۆ و لەنێو ئەو ھەموو ململانێ سەختەی ھەرسێ شارستانیەتی (پارس، ئاشوری، بابلی) ئەو ڕاستیە دەردەخەن کە ئەم نەتەوەیە توانیویەتی خۆی لە نەمان بپارێزێت کە ئەمە خاڵێکی نەرێنی میللەتی کوردە، بۆیە دەبینین لەمێژووی نوێی کورددا ئەم خۆپارێزییە ڕەنگی داوەتەوە و ھەمیشە لەسەنگەری بەرگریدا بووە، بەڵام ئەم عەقڵیەتە لەڕووی ساسییەوە لاوازە و دەمانگەیەنێتە ئەم حاڵەی ئێستامان کە بریتییە لە (ھەبە ، بەڵام ھیچ مەبە)!.

لوغزێکی تری مانەوەی کورد لەناوچەکەدا ئەوەیە کە ھێزەکانی ناوچەکە حەزیان بە بوونیان کردووە و وەک سیاسەتی ھاوسەنگی ھێز بەکاریان ھێناون بۆ نموونە لەگەڵ سۆمەرەکان دژی ئەکەدیەکان جەنگاون، لەگەڵ ئاشوریەکان دژی بابلیەکان جەنگاون، لەھەمانکاتیشدا ھیچیان بۆ خۆیان نەویستووە، بۆیە مانەوەیان سودی لەزیانی زۆرتربووە .

ئەم ڕاستییە مێژووییە تاڵە بووەتە پێکھاتەیەکی سەرەکی سایکۆلۆجیای تاکی کوردی بۆیە دەبینین ئێستاش کە زەمینە لەبارە بۆ ئازادبوونی سڵی لێ دەکاتەوە و پێی وایە لەژێردەستەیدا ئاسوودەترە. پێویستە کورد بەھاوکاری خۆی ھەوڵبدات ئیتر لێرەوە ئەو ڕاستیە تاڵەی خۆی قبوڵ بکات و بەسوودوەرگرتن لە ھەڵەکانی ڕابردووی خۆی داھاتوو بونیاد بنێت، چی دی تاوانی ژێردەستەیی خۆی نەخاتە ئەستۆی ئەوانی تر، ئەگەر ئێستا سیستمی جیھانی و بەرژەوەندی زلھێزەکان و حکومەتی شۆڤێنی ناوخۆیی بەربەستە لەھەمبەر دۆزی کورددا، خۆ لەسەردەمی کۆندا نە ئەو سیستمە جیھانییە بوونی ھەبووە و نە شۆڤینیەت، زلھێزەکانیش کە ئەوکات لە شێوازی ئیمپراتۆریەتدا بوون ھیچ بەرژەوەندییەکی ھاوبەشیان نەبوو کە کیانی کوردی بتوانێ بخاتە مەترسییەوە، ئەم وەڵامانە لەبەرامبەر ئەو واقعەدا زۆر لاوازە .

بۆیە پێویستە لە خاڵێکدا بووەستین و مێژوو پێچەوانە بکەینەوە لەبەرژەوەندی خۆمان، بۆ ئەم دەسپێکەش تازە درەنگە، چونکە دوژمنەکانمان ئێستا فۆرمێکی یاساییان لەبەردایە کە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە بەفەرمی ناسێنراوە و بەدەر لەوەش لەناو گەمەیەکی قوڵی بەرژەوەندی(سیاسی و ئابوری) جیھاندان و ھەر مەترسییەک بۆ سەر ئەوان بەمەترسییەکی جیھانی دەبینرێت ، ھەروەھا بەھۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای سەربازییەوە تاڕادەیەک خەباتی چەکداری و شەڕی پارتیزانی وەک جاران ڕەواجی نەماوە، بۆیە تەنھا ڕێگەچارە بۆ دەربازبوونمان لەم قۆناغەی تری مێژوو بریتییە لە گفتوگۆ و تەبایی ناوخۆی بە پلەی یەکەم و خوێندنەوەی بەرژەوەندییە ئابورییەکانی جیھان بە پلەی دووەم، چونکە ھەرگیز جیھان بەقەد ئێستای خەریکی بازرگانی نەبووە، ھەربۆیە گەلی کورد ئەمجارە زووتر ھەستی بە مەترسییەکان کرد و ھەر زوو خۆی خستە سەر نەخشەی ووزەی جیھان، ھەرچەندە لە ئیدارەدانی ئەم مەلەفەدا لاوازین و ئەگەر چاکسازی نەکەین ئەوا لەدەستی دەدەین، چونکە ئەوانی تر لەھەموو شت زیاتر مەبەستیانە کورد لەڕووی ئابورییەوە ژێردەستەبێت، چونکە نەبوونی ئابورییەکی سەربەخۆ بەدرێژایی مێژوو خەونی سەربەخۆیی دەخاتە بەر مەترسی گەورە، ھەربۆیە نابێ ئەم دەسکەوتە ھەوێنی شکستمان بێت لەئایندەدا، پێویستە بۆ جیھانی بسەلمێنین کە ئێمە دەتوانین ئیدارەی خۆمان بدەین نەک بەپێچەوانەوە، چونکە سیستمی جیھانی ئێستا بەدوای دەوڵەتی بەھێزی سێنتراڵیزمدا دەگەڕێت، ئەو ناسەقامگیریەی سەدەی بیست و یەک وەک چۆمسکی دەڵێ بەرەنجامی دروستبوونی (دەوڵەتە شکستخواردووەکان)ە کە عێراقیش یەکێکە لەو دەوڵەتە شکستخواردوانە، بۆیە بینیمان بۆ فەترەیەکی زەمەنی دیاریکراو چاوی جیھان لەسەر کورد بوو بەتایبەت ئەزمونی سەرکەوتووی لەبوارەکانی (ئاسایش، بەرگری) ئەمەش ئەو دوو خەونە بوو کە ئەمەریکا لەھەریەک لە (عێراق و ئەفغانستان) ساڵانێکە خەونی پێوە دەبینێت، بەڵام لەدوای جەنگ و لەئاشتیدا ئێمە دۆخەکەمان پێچەوانە کردەوە و نەمانتوانی دوای گەمارۆی بەغدا بۆ چەند مانگێک خۆمان بژێنین، ئەمەش بووە خاڵی لاوازی ئێمە و بەردەوام نەیارانی ئێمە کاری لەسەر دەکەن.

بۆیە ھیچ کات بەقەد ئێستا کورد وەک میللەت چاوی لەدەستی بەغدا نەبووە، لە ڕووی تەبایی و یەکڕیزی ناوخۆیشەوە کەم قۆناغ ھەبووە وەک ئێستا کورد ناتەبا و فرە گوتار بێت، ئەمەش ئەو بەربەستە مێژوویانەن کە دیسان وەک قۆناغەکانی تر ئێمە دەخاتەوە پەراوێز، بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە پێویستمان بەوەیە (کورد خەریکی بونیادنانەوەی خۆی بێت) واز لەترس و دوالیزمەیی بھێنێت و راست و دروست بەرەو مێژوو ھەنگاو بنێت ڕوبەڕوی ھەموو ئەو ئازارانە بێتەوە کە نەتەوەکانی تر لەمێژوودا توشی ھاتوون .