سەردێڕ:

ئایا کات ماوە بۆ رزگارکردنی عێراق لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا؟

10/29/2020 11:15:49 PM
5435 جار خوێندراوەتەوە
سابیری سەندیکا
+ -

ئەمریکا بەو ھەموو توێژینەوە زانستی و پێشکەوتنانەی لەبواری پێکوتەی ڤایرۆسی کۆڕۆنادا کردوێتی، ئەوا وەکو ھەندێک لە بەرپرسانی سیاسی ‌و ئیداریی ھەرێم بەرەھایی مژدەی چارەسەری رانەگەیاندووە، چەند رۆژێک لەمەوبەریش ھەمان ئەو بەرپرسە ئیدارییانە رایانگەیاند کە تاکە چارەسەر خۆپارێزییە.

ئەو شوێن و جێگایانە وەک ماڵی خۆت نییە، یەک کەس بە متمانە و پاکوخاوێنییەوە خواردن و خواردنەوەت بۆ ئامادە بکات، یان تەنیا ئەندامانی خێزانەکەت لەچوار دەورت بن، دەیان و سەدان کەس دەچنە ئەو شوێنانە بەبێ خۆپارێزیی.
خەڵکانێک ھەن بەڕۆژ سەرمای بووە، کەچی شەو درەنگ خۆی دەکات بە یانەیەکدا تا بەخەیاڵی خۆی کەشێکی خۆش بۆخۆی بڕەخسێنێت داوای بیرەی سارد و خواردنەوەی کھولیی سارد دەکات. ئیدی بیر لەوە ناکاتەوە کە ئەو سەرمای بووە و پێویستە قاوە و نیسکافە و خواردنەوەی گەرم بخواتەوە، نەک بیرە و خواردنەوەی سارد، لەکاتێکدا لەسەرەتاوە ھەموو جیھان ھەر ئەوەی وتووە، خۆپارێزی باشترین چارەسەرە، تا ئەمڕۆش ئەوە ھەروایە.

بەگوێرەی زانیارییەکان بێت، لە شارێکی وەک سلێمانی یان شارەکانی تری باشووری کوردستان رۆژانە چەند کەسێک بەھۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیان لەدەست دەدەن، ئەوانەشی کە پەتاکەیان گرتووە، پێویستیان بە چارەسەرە، پێشبینیش دەکرێت، پەتاکە زیاتر پەرەبسێنێت و قوربانیی زیاتریشی لێ بکەوێتەوە، ئەوەش بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی تەندروستیی ھەرێم، لەبەرئەوەی وەک دەڵێن لە مانگی یانزەدا جارێکی تر ئەم ڤایرۆسە تەشەنە دەکاتەوە.

جا ھەندێک لەو کەسانەی لەبەردەمی پەرستگە و چایخانە و بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا کۆدەبنەوە چ بۆ نوێژی جەماعەت، یان چایی دەخۆنەوە یاخود بەحساب لە شوێنە تەرفیھییەکاندا جەوێک دەگۆڕن، ھاکا ڤایرۆسەکە خۆیکرد بەناو دەم ‌و لوتیاندا و ئەوانیش گواستیانەوە بۆ خێزان ‌و دەوروبەریان.

ھەندێک کەس گومانی ئەوە دەکەن کە بەرپرسانی ئیداریی ھەرێم دۆخی کۆڕۆنایان قۆستبێتەوە و لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرماندا رێککەوتبێتن، بەناوی دۆزینەوەی چارەسەری ڤایرۆسی کۆڕۆناوە، لەژێرەوە چەندین ساتوسەودای تریان کردبێت بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و ھەندێک بەرپرس لەنەزانیینەوە کەوتبنە تەڵزگەوە، کە بۆ خۆم ھیوادارم ئەوە وانەبێت.
لە ھەندێک میدیاوە وا باس دەکرێت کە ئێستا تەنھا سلێمانی ھێندەی چەند پارێزگایەکی تری عیراق گیانلەدەستدانی بەو ڤایرۆسە تێدا تۆمارکراوە و گوایە پارێزگاری سلێمانی لەسەر ئاستی عیراق رێزبەندیی یەکەمی گرتووە و بەغدا لە پلەی دووەمدایە و ھەولێرش بە پلەی سێیەم دێت.

جێگەی داخ و ئازارێکی زۆرە و ئێمەی مرۆڤ رانەھاتووین لەگەڵ ئەمجۆرە تاقیکردنەوە قورسەدا مامەڵە بکەین، ھەموو ئەو شوێنانەی خەڵک تێیدا کۆدەبنەوە، داخران و راگیران، ژیان و کەسابەت لە زۆرینەی وڵاتانی دنیادا وەستێنرا. کافتریا و چایخانەکان، دوکانی لەفە و چێشتخانەکان، عەرەبانە و دەستگێڕەکان ھەموو ئەو شوێنانەی ئەگەری ئەوەیان لێدەکرێت ببنە ھۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکە و بڵاوبوونەوەی پەکخران.

ئەگەر وابێت کە ھەندێک لە میدیاکان باسی دەکەن، ئێستای عیراق بەگشتی و بەتایبەتیش کوردستان سەبارەت بە کۆرۆنا لە دۆخی سەرەتای ئیتاڵیا دەچێت و پێویستە فریای خۆیان بکەون، پێوستە ھاوڵاتیان کەلتووری خۆپایزیی پەیڕەوبکەن. ناشێت تۆ توشی نەخۆشییەک بوویت کە پژمە و کۆکەت ھەیە و لووتت تەڕە، بەڵام بە عینادی ھاتوچۆی مزگەوت دەکەیت ‌و دەچیتە نوێژی ھەینی، یان گازینۆ و کافتریا ‌و شوێنی قەرەباڵغ. ئاخر کەی رەوایە و چۆن دەبێت ھۆڵەکەنی شار و شارۆچکەکانی کوردستانی عێراق بەگشتی و بەتایبەتی ھۆڵی نوێژخوێندنی مزگەوتەکان دووسەد کەس دەگرێت، چوارسەد کەس خۆیان تێ بترنجێنن؟

بەھەرحاڵ ئەوەی دەوترێت رۆژ بەڕۆژ عیراق مەترسیدارتر دەردەکەوێت، ھەڵکشانی ھەڕەشە و ھێرشی گروپە چەکدارەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ‌و نێردە بیانییەکان رۆژبەڕۆژ لە ھەڵکشاندایە، ئابووریی عێراق و کوردستان توشی شکستێکی گەورەبوون، گروپە شیعەکان ئێستا کۆنترۆڵی بەشی زۆری عێراقیان کردووە لەڕووی ئەمنی ‌و سیاسی ‌و ئیداریی ‌و ئابوورییەوە، سونەکانیش لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا خۆیان بە پەراوێزخراو دەزانن، بۆیە پێناچێت مستەفا کازمی وابەئاسنی چاکسازیی پێبکرێت وەک لەمیدیاوە بانگەشەی بۆ دەکات.

جگە لەویش بەرپرسەکانی دیکەی عیراق خۆیان راستییەکان دەدرکێنن لەبارەی کێشە و ئاریشەکانەوە، لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئاخۆ کات ماوە بۆ رزگارکردنی عێراق لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا؟