سەردێڕ:

سیستمی نوێی ھەڵبژاردنەکانی عێراق

10/31/2020 12:04:41 AM
4602 جار خوێندراوەتەوە
رێبوار محەمەد ساڵح
+ -

ھەڵبژاردن وەک ئامڕازی بەرجەستەکردنی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات پەنای بۆ دەبرێت لە وڵاتانی جیھاندا بەپێی تێپەڕبوونی کاتێکی دیاریکراو بەسەر ھەڵبژاردنی پێشوودا، ئەو ماوەیەش لە زۆرێک لە وڵاتان وە لە عێراقدا بە ٤ ساڵی نوێنەرایەتی دیاریکراوە وەک ٥٦ی دەستووری عێراقدا ھاتووە.

لە یاسای ھەڵبژاردندا و لە دەستووری عێراقیدا ھەڵبژاردنی پێشوەخت بە دەقێکی ئاشکرا رێکنەخراوە، ئەمەش وای کردووە راجیاییەک دروست بێت لەسەر ئەوەی ئاخۆ سەرۆکوەزیران دەسەڵاتی دیاریکردنی ھەڵبژاردنی پێشوەختی ھەیە، بەڵام لە ھەموو بارێکدا ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت دەوەستێ لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەلایەن خودی پەرلەمانەوە ( حل الژاتی) ئەمەش بەداوای یەک لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان یان بە داوای سەرۆکوەزیران بە رەزامەندی سەرۆککۆمار دەبێت و دواتر پەرلەمان ھەڵوەشاندنەوەی خۆی دەخاتەوە دەنگدانەوە بەپێی ماددەی ٦٤ی دەستوور و سەرۆککۆمار داوای ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دەکات لە ماوەی ٦٠ رۆژدا لەکاتی ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانەوە، بە پێچەوانەوە دەسەڵاتی جێبەجێ کردن بە ھەردوو بەشەکەیەوە دەسەڵاتی ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی نییە، ھەربۆیە تا پەرلەمان ھەڵنەوەشێتەوە ھەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام نادرێت.

لەراستیدا ھەڵبژاردنی پێشوەخت ھەرچەند ئەزموونێکی نوێیە بۆ عێراق بەڵام دەتوانین بە پڕۆسەیەکی ئەرێنی ھەژماری بکەین و لە زۆرێک لە وڵاتاندا پەنا بۆ ئەم جۆرە لە ھەڵبژاردنە دەبرێت کاتێک چارەسەری کێشەکانی وڵات ئاڵۆزدەبن، بۆ نمونە ئیسرائیل لە ساڵی  ٢٠١٨-٢٠١٩  ھەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجامدا، ئەم جۆرە لە ھەڵبژاردن رێگەخۆشکەرە بۆ گەشەی پڕۆسەی دیموکراسی، بە پێچەوانەی دواکەوتنی ھەڵبژاردنەوە کە بۆشایی یاسایی لە وڵاتدا دروست دەکات و پاشەکشە بە پڕۆسەی دیموکراسی دەکات، ئەم جۆرەیان زیاتر باوە لەو وڵاتانەی کە لە قۆناغی راگوزەری دیموکراسین وەک عێراق و ھەرێمی کوردستان کە زۆرجار ھەڵبژاردن دوادەخرێت یان پەرلەمان ماوەی نوێنەرایەتی خۆی درێژدەکاتەوە بە شێوازێکی نادیموکراسی.

لەیاسای نوێی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کە لە پێناو ھەڵبژاردنی پێشوەختدا دەرچوێنراوە کۆمەڵێک گۆڕانکاری سەرەکی تێدا کراوە کە گرنگترینیان بریتیە لە رێگەدان بە کاندیدکردنی تاکەکەسی و دابەشکردنی بازنەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکان بۆ چەندین بازنەی بچوکی تر، لەم وتارەدا تیشکی زیاتر لەسەر ئەم دوو تەوەرەیە دادەنێین.

سیستمەکانی ھەڵبژاردن بریتییە لە چۆنییەتی ترجمەکردنی دەنگە دروستە دراوەکان بۆ کورسی نوێنەرایەتی و چۆنییەتی دیاریکردنی کاندیدی سەرکەوتوو لە ھەڵبژاردندا، ئەم سیستمەش چەندین جۆری جیاوازی ھەیە لە گرنگترینیان بریتیە لە سیستمی زۆرینەی و سیستمی نوێنەرایەتی رێژەیی و سیستمی تێکەڵاو، ئەمانەش ھەریەکەیان دابەش دەبن بۆ چەندین جۆری تر کە لێرەدا دەرفەت نییە باسی ھەموویان بکەین.

لە عێراقی نوێدا چەن جۆرێک لەو سیستمانە تاقی کراونەتەوە و وەک سیستمی نوێنەرایەتی رێژەییی و ماوەیی بەھێز بەپێی یاسای ھەڵبژادنی  ژمارە ١٦ی ساڵی ٢٠٠٥، کە ئەم جۆرە سیستمە دەتوانین بڵێین دادپەروەرترین سیستەمی ھەڵبژاردنە چونکە ھەموو لایەک بەپێی دەنگەکانی خۆی کورسی نوێنەرایەتی بەردەکەوێ، دواتر بەچەند قۆناغێک گۆڕانکاری لە سیستمی ھەڵبژاردنەکاندا کرا، وە لە ساڵی   ٢٠١٣ ئەم سیستمە گۆڕانکاری تێدا کرا و گۆڕا بۆ سیستمی سانتلیگۆ کە ئەمەش لە پێناو دەستەبەری بەرژەوەندی حزبە گەورەکانی عێراقدا، وەھەروەھا لە ساڵی ٢٠١٨ دیسان ھەموارکرا و گۆڕا بۆ سانتلیگۆی ھەموار کراو کە لەم ھەموارەشدا حزب و لایەنە بچوکەکان زیاتر زەرەرمەند بوون لە کورسی نوێنەرایەتی، دوا گۆڕانکاری بریتییە لە یاسای نوێی ھەڵبژاردن کە تیایدا سیستمی زۆرینە پەسەند کراوە، وەک پێشتر وتمان ئەم سیستمەش چەند جۆرێکی ھەیە، ئەوەی لە یاسای نوێدا پێی وەرگیراوە بریتییە لە سیستمی زۆرینەی یەک دەنگی نەگوازراوە ئەمەش بریتییە لەوەی کە دەنگدەر دەتوانێ تەنھا یەک کاندید ھەڵبژێرێت ھەرچەندە ئەو بازنەیە زیاتر لە نوێنەرێکی بەربکەوێ، دواتر بەپێی ریزبەندی دەنگەکان کاندیدی براوە دیاری دەکرێ ئەمەش بەپێی ماددەی ١٥ برگەی ٤ لە یاسای نوێی ھەڵبژاردندا، لە خراپییەکانی ئەم سیستمە ئەوەیە کە کۆمەڵێکی زۆر دەنگی دەنگدەران بەفیڕۆدەچێت، بە مانایەکی تر بەشێک لە دەنگدەران نوێنەریان ناچێتە پەرلەمان چونکە لەسەر بنەمای زۆرینە و کەمینە کورسییەکان دابەشدەکرێت.

وەھەوەھا یەکێکی تر لەو گۆڕانکارییانەی کە لەم یاسایەدا کراوە بریتییە لە دەنگدانی تاکەکەسی ( التێویت الفردی)، ھەرچەند لە یاساکەدا باسی کاندیدی تاکەکەسی و لیستی کراوەی کردووە کە بەبڕوای ئێمە پێویست نەبوو یاسادانەر باسی لە لیست و لیستی کراوە بکات مادام رێگە دراوە بە دەنگدانی تاکەکەسی، ئەم جۆرە لە شێوازی دەنگدان باشی و خراپی خۆی ھەیە، لە باشییەکانی بریتییە لە گەشە و پێشکەوتن لە سیستمی ھەڵبژاردندا وادەکات کە ھەیمەنەی حزب کەمبێتەوە و رۆڵی کەسانی بەتوانا و خاوەن بڕوانامەی باڵا و پسپۆڕ و بە ئەزموون زیاتر بێت، ئەم خاڵەش سەرەکیترین خاڵە کە ئەوانەی لەپشت ئامادەکردن و پەسەندکردنی ئەم یاسایەوەن شانازی بە دەرچوونیەوە بکەن و پێیان وایە عێراق لەم رێگەیەوە قۆناغێکی باش لە پڕۆسەی دیموکراسی دەبڕێت و رۆڵی گروپی چەکدار و میلشیا کەم دەکەنەوە، بەڵام ئێمە پێمان وایە راستە ئەم جۆرە لە سیستمی ھەڵبژاردن ئەم باشیانەی تێدایە بۆ دەوڵەتانێک کە پڕۆسەی دیموکراسیان پراکتیک کردبێ و لە ئاستێکی باشی گەشەی سیاسی و یاسا سەروەری دابن، بەڵام پێمان وانییە ئەم خاڵە باشانەی ئەم سیستمە بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان بەدی بێت چونکە وەک دەزانین لە عێراقدا ھێزی نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبی و تەنانەت گروپ و ملیشیای چەکدار پێکھێنەری سەرەکین و رۆڵی باڵایان دەبێ لە یەکلاییکردنەوەی پرسە گرنگەکاندا و تەنانەت لە ھەندێ کات و پرسدا زۆرینەی پەرلەمانیش گوێی لێ ناگیرێت. 

بازنەکانی ھەڵبژاردن یەکێکی ترە لەو بابەتانەی کە گرنگی زۆری ھەیە لە سیستمی ھەڵبژاردندا و لە عێراقدا بەپێی بڕیاری ژمارە ٩٦ی ساڵی  ٢٠٠٤ عێراق بە یەک بازنەی ھەڵبژاردن دیاری کراوبوو، دواتر بەپێی یاسای ژمارە ١٦ی ساڵی ٢٠٠٥ بازنەکانی ھەڵبژاردن بەپێی ژمارەی پارێزگاکان دیاری کراو و سنوری ھەر پارێزگایەک بە بازنەیەکی ھەڵبژاردن دەستنیشان کرا، ئێستاش بەپێی یاسای نوێی ھەڵبژاردن بازنەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکان دابەشکران بۆ چەند بازنەیەکی بچوک، ئەمەش ھەوڵێکە بە ئاڕاستەی دیاریکردنی سنورێک بۆ دەسەڵاتی حزب لە پڕۆسەی حکومڕانی عێراقدا، ئەم خاڵە زۆرترین مشتومڕ و گفتوگۆی سیاسی و یاسایی لەبارەوە کراوە تا دواجار لە رۆژی شەممە و دووشەممەی بەرواری  ( ٢٤ و ٢٦ /١٠/٢٠٢٠) پەسەندکراو بەشێوەیەک کە ھەموو عێراق دابەشکرا بۆ ٨٣ بازنەی ھەڵبژاردن کە پێشتر تەنھا ١٨ بازنەی ھەڵبژاردن بوو، ئەم جۆرە لە فرەبازنەی گونجاوە لەگەڵ ھەردوو سیستمی ھەڵبژاردنی لیست و ھەڵبژاردنی تاکەکەسیدا، بەڵام تاکو بازنەکانی ھەڵبژاردن بچوک بێت پرسە ستراتیجی و نیشتیمانییەکان فەرامۆش دەکرێن و زیاتر گرنگی بە ئاستی خزمەتگوزاری و پێویستییە رۆژانەییەکانی ناوچەکان دەدرێت ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە ئەم سیستمە کۆمەڵێک خراپی ھەیە لەوانە گەڕانەوە بۆ ھێزی خێڵ و عەشیرەت، و سەرۆک ھۆزەکان رۆڵیان دەبێ لە دانان و یەکلاییکردنەوەی کاندیدەکاندا بەتایبەت لە ھەندێک بازنەی ھەڵبژاردندا.

لە دابەشکردنی بازنەکاندا دەبێت بنەمای دادپەوەری رەچاوبکرێ، بۆ ئەمەش چەند پێوەرێک دانراوە وەک ژمارەی دانیشتووان، ژمارەی دانگدەران، سنوری جوگرافی، سنوری ئیداری، بەرەچاوکردنی ئەم پێوەرانە دادپەروەی دێتەدی لە دابەشکردنی کورسییەکاندا بەسەر بازنەکانی ھەڵبژاردندا، لە ھەندێک دەوڵەتدا بازنەکانی ھەڵبژاردن لەرێگەی دادگایەکی تایبەتەوە دیاری دەکرێت وە بڕیاری دادگا شیاوی تانەلێدان دەبێت ئەگەر دادگا ئەو بنەمایانەی سەرەوەی پێشێل کردبێ، ئەمەش لەپێناو بەدیھێنانی یەکسانی و دادپەروەری لە دابەشکردنی کورسییەکاندا، ئەمریکا نمونەی ئەو دەوڵەتانەیە کە بەم رێگەیە بازنەکانی ھەڵبژاردن دیاری دەکات، لە ھەندێک دەوڵەتی تردا بە نمونەی عێراق بە یاسا بازنەکانی ھەڵبژاردن دیاری کراوە، وە لەم شێوازەشدا دەبێت یاسادانەر پشت بەو پێوەرانەی سەرەوە ببەستێ لە دیاری کردنی بازنەکانی ھەڵبژاردنەکاندا، بەپێی ماددەی لە دەستووری عێراق ھەر کورسییەکی پەرلەمانی نوێنەرایەتی سەد ھەزار کەس دەکات، ئەمەش واتە رێژەی دانیشتووان رەچاودەکرێ لە دابەشکردنی کورسییەکاندا بەسەر بازنەکاندا، بەڵام چۆن بازنەکان دیاری دەکرێ؟، لێرەدا وەک باسکرا دەبێت سنوری جوگرافی و ئیداری پێوەری سەرەکی بێت، بەڵام پەرلەمانی عێراق لە دیاریکردنی بەشێک لە بازنەکان دا ئەم پێوەرانەی پێشێلکردووە، بۆ نمونە سێ پارێزگاکەی ھەرێم دابەش کراوە بۆ ١٢ بازنەی ھەڵبژاردن و بەشێوەیەک ھەندێک ناوچە لە رووی ئیدارییەوە لە سنوری پارێزگایەکدایە و بەڵام بۆ ھەڵبژاردن خراوەتە سەر بانەیەکی تر، (سلێمانی ١٨ کورسی ھەیە و دابەش کراوە بۆ ٥ بازنەی ھەڵبژاردن ، ھەولێر ١٥ کورسی ھەیە و دابەش کراوە بۆ ٤ بازنە، ١ کورسی مەسیحیەکانی ھەیە، دھۆک  ١١ کورسی گشتی و ١ کورسی مەسیحیەکان ھەیە و دابەشکراوە بۆ ٣ بازنەی ھەڵبژاردن)، بۆ نمونە بەشیک لە قەزای خانەقین لەسەر بازنەی کەلار ھەژمار کراوە لەکاتێکدا سنوری ئیدارییان جیاوازە، ئەمەش بۆ پڕۆسەی دەنگدان سلبیاتی خۆی دەبێت.

خاڵیکی تری گرنگ کە پاکی و نزاھەتی ھەڵبژاردنی لەسەر دەوەستێ بریتییە لە پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمان ، ئەمەش لە عێراق دا ئەرکی دادگای فیدڕاڵییە و ئەم دادگایەش لە ئێستادا لەکاردا نییە، بۆیە قۆناغی دووەمی کاری پەرلەمان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن پەسەندکردنی یاسای دادگای فیدڕاڵییە کە لەئێستادا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە.

لە دەرئەنجامدا ئەڵێین دروست نییە سیستمی ھەڵبژاردنی وڵاتێکی تر کە لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتورییەوە جیاوازە بھێنرێت لە وڵاتێکی تردا جێبەجێ بکرێ، ھەربۆیە دەڵێین سیستمی ھەڵبژاردنی گونجاو ئەو سیستمەیە کە لەگەڵ دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ھەر دەوڵەتێکدا گونجاوە.