سەردێڕ:

سەرۆکی ھەرێم بۆ داوای ڕوانگەی ھاوبەش دەکات؟

4/15/2021 10:53:06 AM
4534 جار خوێندراوەتەوە
جەواد قادر
+ -

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا ئەو نەخشەڕێگەیەی خستە ڕوو کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا، بێ پاشەکشە، پێداگری لەسەر کردووە. ئەو بە سەرکردە عێراقییەکانی گوت کە ئێستا دەرفەتێک ڕەخساوە بۆ دەرچوونی یەکجاریی عێراق لەو تەنگژانەی دوو دەیەیە بەرۆکیان گرتووە. ئەو دەرفەتە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە داھاتوو و چۆنییەتیی پێوەندیی عێراق لەگەڵ کۆمەڵەگەی نێودەوڵەتی (بە تایبەت ئەمەریکا) کە لە دیالۆگی ستراتیژیی عێراق و ئەمەریکادا ڕەنگ دەداتەوە.

 ئەو پێی گوتن ھەموو ڕێگەیەکمان تاقی کردەوە، ھەر لە پێکدادان و ململانێی گرژەوە تا شەڕی بودجە و داھاتەوە. پێی گوتن دوای دوو دەیە، نە عێراق بوو بە دەوڵەتێکی سەرکەوتوو، نە کورد ھەستی بە حەسانەوە کرد. باسی ئەوەی کرد کە عێراق ئێستا دەتوانێت ھەستێتەوە و بۆ ئەو کارە، دەتوانێت پاڵپشتیی ناوخۆیی و دەرەکی دەستبەر بکات. بەڵام گوتی، ھەموو ئەوانە گرێدراوی کێشە ناوخوییەکانیەتی، بە تایبەت کێشەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا. 

پێی گوتن، بۆ ئەم کارە، دەبێ لەسەر ڕوانگەیەکی ھاوبەش لە عێراقدا ڕێک بکەوین. ئەگینا، عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە دەکەونەوە گەڕێکی دیکەی گێژاوی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە. 

لە ڕاستیدا، دانوستانەکانی ئەم گەڕەی ھەولێر و بەغدا بەختی سەرکەوتنیان زیاترە لە جاران. ھۆکارەکەیشی سادەیە: دیالۆگی ستراتیژیی ئەمەریکا و عێراق شکست دەھێنێت، ئەگەر ھەرێمی کوردستان پابەندی بڕیارەکانی بەغدا لەمەڕ دیالۆگەکە نەبێت. ئەگەر دیالۆگی ستراتیژی شکست بھێنێت، ئەمەریکا وەک پاڵپشتی سیاسی، ئابووری و سەربازی دەکشێتەوە،  عێراق وەک دەوڵەت دەکەوێتە تەنگژەوە  و توانای خۆپاراستنی لە پێکدادنی تاییفی ناوخۆ (شیعە - سوننە) و ھەڵمەتی سیاسی و چەکداریی دراوسێ زلھێزەکانی نابێت، دامەزراوەکانی ھەرەس دەھێنن و دواجار عێراق بە تەواوی وەک وڵاتی میلیشیا بە ڕێوە دەچێت، کە ھەر لە چەند ساڵی ڕابردووەوە ئاماژەکانی دەرکەوتوون. 

ئەگەر دیالۆگی ستراتیژی سەر نەگرێت،  شەقامەکانی بەغدا، لە پێکدادانی تاییفیدا، وەک ٢٠٠٧یان لێ دێتەوە، کە وێنە خوێناوییەکانی ھێشتا لە بیرەوەرییماندا ماونەتەوە.

ئەم پێشبینییانە لە بەرژەوەندیی حیزبە سیاسی و لایەنە تاییفییەکانی عێراقدا نییە. ئەم ھێزانە لە دوو دەیەی ڕابردوودا بەرژەوەندییەکی زۆر گەورەی ئابوورییان بۆ خۆیان و لایەنگرە تاییفی و حیزبییەکانیان (کە ژمارەیان دەیان ملیۆن دەنگدەرە) دەستەبەر کردوەە و وەک ھەر سەرمایەدارێکی ژیر، حەز ناکەن لە شەڕ و تەراتێنی ناو عێراقدا، ئەم سەروەتە ماددی و کۆمەڵایەتییە لە دەست بدەن. بۆیە خوازیاری دانوستانن، نەک ھەر لەگەڵ کورد، بەڵکوو لەگەڵ ئەمەریکایش.

ئینجا، دیالۆگی ستراتیژی ئەگەر سەربگرێت (کە ھێشتا ئەگەری یەکجار زۆرە)، سوودێکی بەرزەفڕانەی بۆ عێراق دەبێت لەودا کە دەرگای وەبەرھێنان و سەرمایەی نێودەوڵەتی بەسەر عێراقدا دەکاتەوە. بۆیە، حیکمەت لە سەرگرتنی دیالۆگەکە و بەشداریی کوردستاندایە. 

ھەرێمی کوردستانیش پێویستی بە بەغدایە. کوردستان ناتوانێت بەبێ پاڵپشتی ڕاستینەی عێراق گەشەی ئابووریی خۆی دەست پێ بکاتەوە. ئەمە ھەقیقەتێکە کە نابێ ھەرێمی کوردستان لێی بێباک بێت. کۆمپانیا جیھانییەکانی ئەمەریکا و ڕۆژاوا، (کە بۆ ئابووریی کوردستان زۆر گرنگن) نایەن، ئەگەر ھەرێم پالپشتیی فەرمیی دەوڵەتی عێراقی نەبێت. ئەو نیزامە ئابوورییەی کە لە دوای ھەرەسی بانکیی ٢٠٠٨ ەوە دونیا بەڕێوە دەبات، زەمینەیەکی ئەوتۆی بۆ قەوارەی بێدەوڵەتی وەک ھەرێمی کوردستان نەھێشتووەتەوە کە بەبێ پشتگیریی دەوڵەت (عێراق)، بتوانێت بیر لە گەشەی ئابووریی درێژخایەن بکاتەوە. دۆخیکی وەھا لە ٢٠١٤دا ڕووی دا، کاتێک پێوەندیی ھەولێر و بەغدا گرژیی تێکەوتوو و ئاکامەکەی وەستانی گەشەی ئابووری بوو. 

بۆیە، ھەم بەغدا و ھەم ھەولێر، بەرژەوەندیی کورت و درێژخایەنیان لە دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیی یەکتریدایە. ڕێک لێرەدایە کە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی داوای ڕێککەوتن لەسەر ”ڕوانگەی ھاوبەش” بۆ سەرجەم ھێزە و پیکھاتەکان دەکات. بە تایبەت لە پرسی ھەرێمی کوردستاندا، سەرۆکی ھەرێم دەڵێت کە ھەولێر ئامادەیە پابەندی تەواوی بڕیارەکانی بەغدا بێت و عێراق بە نیشتمانی خۆی بزانێت. بەڵام بۆ ئەوە و پێش ئەوە، بەغدا دەبێ بە دڵێکی فراوانەوە، کێشەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان چارەسەر بکات، لەسەر بنەمای دەستوور، لە چوارچێوەی فیدرالیزم و بە نییەتی پاکی ھەردوولاوە.  

پێکھاتنی ئەم ڕوانگە ھاوبەشەی کە سەرۆکی ھەرێم لە بەغدا لەسەر نەخشەڕێگەکە داوای کرد، دەتوانێت یارمەتیی ھەم عێراق و ھەم کوردستانیش بدات تا لەو گێژاوەی ئێستا و خرابتری داھاتوو، بە سەری بەرزەوە دەربچن، چونکە نەخشەڕێگەکە پاڵپشتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە تایبەت ئەمەریکا و فەڕەنسایشی ھەیە. لەسەر ئاستی ناوخۆی ھەرێم، دەستگرتن بەو نەخشەڕێگەیە دەتوانێت پرۆسەی سیاسی ڕاست بکاتەوە کە دەیەیەک زیاترە لە تەنگژەی نەپساودایە.