سەردێڕ:

سفر ئیدارە

5/25/2020 6:28:18 PM
18157 جار خوێندراوەتەوە
تەنیا کوردی
+ -

پارتی و یەکێتی وەک روئیای حزبی و روئیای حوکمڕانی بۆشایی گەورە لە نێوانیاندا ھەیە، خاڵی ھاوبەشی ھەردوولا سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە، ئەم دوو بەرپرسە باڵایە لە ئاستی حوکمڕانی دا زوو فریای کورد کەوتن لە بەغدا و تاڕادەیەک لە بەغدا ھێڵی لێکتێگەیشتنیان لەنێو ھێزە سیاسییەکانی عێراق بۆ ھەرێم وێناکرد، لەوەی کە پێویستە ھەولێر و بەغدا بگەنە رێککەوتن، لە نێوخۆی کوردستانیشدا رۆڵیان گێڕا کە لێکتێگەیشتنی ھێزە سیاسییەکان لە کوردستان لە دوای جەژن بێتە ئاراوە.

لە سەردەمی کابینەی پێشووی حکومەتی ھەرێمی کوردستان یەک بەرمیلی نەوت بە بەغدا نەدرا، بەڵام لە کابینەی ئێستای حکومەتدا پارتی و یەکێتی دەیانەوێ بە زوویی نەوت رادەستی بەغدا بکەن، چونکە بەدیلی بەغدا لە ئێستادا ھەر گەڕانەوەیە بۆ بەغدا چونکە دۆخە ھەستیارەکە لە ئێستادا وا دەخوازێ، رێگاچارەی دیکە لە ڕوویی ھاوسەنگی ئیقلیمی و دەولی سەختە.

لە گوتارەکەی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نیەتەکە خوێنرایەوە کە کابینە لەگەڵ بەغدا لەسەر ھێڵ دەبێ، تا دەگەنە رێککەوتن، ھەم لە نیەتی وەزیری دارایی عێراقیش نیەتەکە روونکرایەوە کە رێککدەکەون، گەڕانەوەیش بۆ بەغدا شەرعیەت دانە بە فیدڕاڵیەتی عێراق لە پەنای بژێوی ھەرێمی کوردستان، لە پێناو کردنەوەی دەرچەیەک بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارگرژییە سیاسییەی لە ئێستادا لە ھەرێم ھەیە، بەڵام تەفسیری ئەم گەڕانەوەیە لە کەسێک بۆ کەسێکی دیکەی سیاسی جودایە و ئامانجیش بەدیلی بەغدامان لە ئێستادا نییە.

کۆدەنگی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان ھەوڵی زۆری بۆ درا، بەڵام کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە جاران یەکێتی و ھەندێ حزب سەرنجیان لەسەر سەرۆکایەتی ھەرێم لە سەردەمی سەرۆک بارزانی ھەبوو، ئێستا سەرنجەکانیان گواستووەتە سەر حکومەت، کێشە جەوھەرییەکەش لەوەدایە کە نە سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەشێک لە دەسەڵاتی تەنفیزی یەکیتی دەخوێنێتەوە و نە ئەم بەشە دەسەڵاتە تەنفیزیەی یەکیتیش سەرۆکی حکومەت دەخوێنێتەوە، ئەمە وایکردووە لە عومقی ستراتیژیدا ھەندێ پرۆگرام بۆ ئاشتەوایی سیاسی بەرلەوەی لەدایکبێ، لەبار بچن.

وێنە گەورەکەی رەسمی سیاسەتی ھەرێم لە ناوچەکە لەبەردەم پرۆسەیەکی نەشتەرگەری سەختدایە، بۆیە پزیشکی سیاسی باشی دەوێ بۆ راستکردنەوەی دۆخی سیاسی ئێستا، ئەگەر ھەر ھەڵەیەک لە ستراتیژیەت بکرێ دەبێتە چەوتی ستراتیژی، ئەم کات راستکردنەوەی دۆخەکە زۆر سەخت دەبێ.

بەر لە ھەموو شتێکیش، سەردەمی رابردوو سەردەمی سەرۆک بارزانی بوو لە سەرۆکایەتی ھەرێم، سەردەمی سەرۆکی حکومەت بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و جێگرەکەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی بوو، سەڕدەمی بەڕێز مەسرور بارزانی بوو وەک راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش، تەواوی ئۆپۆزسیۆن و حوکمڕان پێکەوە بوون، ئەم دەستکەوتە سیاسییە جێگەی شانازی کوردستان بوو، کە ئێستاش دەستکەوتەکان تەواوکەری ئەو سەردەمەن، بۆیە پارتییەکان شانازی بە کابینەکانی خۆیان دەکەن بە کابینەی رابردوو تا کابینەی ئێستا، یەکێتییەکانیش ھەمان شت، بەڵام ئەوەی کە گرینگە کە لە ئێستاوە دەبێ تەرکیز لەسەر ھەنگاوەکانی داھاتوو بێ ئەوەیە کە ھەڵە لە چەوتی ستراتیژی نەکرێ، چونکە ئەگەر ئەمە رووبدات وەک جەنابی سەرۆکی ھەرێم گوتەنی، دەگەڕێینەوە سفر کابینە.