سەردێڕ:

ھەڵەی سیاسەتی کورد و دروستبوونی ئەم ھەموو قەیرانە لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە؟

5/23/2020 4:04:28 PM
5654 جار خوێندراوەتەوە
دابان خەسرەو
+ -

ئەوەی پێیوابێت فەشەلی سیاسی و داڕمانی سیستمی حوکمڕانی ھەرێمی کوردستان دۆخێکە ھەنووکە دروستی کرووە و پەیوەندی بەو ھاوکێشە ئاڵۆزانەوە ھەیە کە لە ئێستادا ئامادەگیان ھەیە، ئەوە تەفسیرێکی زۆر سادە و کاڵ و کرچە و بیرکردنەوەی لە چوارچێوەیەکی تەسک و ڕوانینی تا ئاسۆیەکی کورت بڕ دەکات و ناتوانێ گۆشەی تازە و ئەگەری نوێ بدۆزێتەوە بۆ ڕوانینەکانی. 

ڕادەستکردنی نەوت یان ڕادەست نەکردنی و ناردنی بودجە و نەناردنی بودجە و دابەزینی نرخی نەوت و خراپی پەیوەندیەکانی بەغداد و ھەرێم و ھەژاری و نەداری خەڵک و ڤایرۆسی کۆرۆنا و ھاتنی مووچە بە ٦٠ ڕۆژ، ئەمانە کێشەی سەرەکی نین و قەیرانێک نین ئێستا درووست بوبێتن، بەڵکو لێکەوتە و دەرەنجامی سیاسەتی ھەڵەجو نەزانی و خراپی ئەزموونی کوردە لەماوەی پتر لە یەک سەدە حوکمڕانی کورد دا، واتە ئەمانە بەشێکن لە پێکھاتە و بونیادی کێشەکان و کۆی ھەموو کێشەکان نین، ئەوەی ئێمەی گەیاندە ئەم دۆخە و زەمینەسازی کرد بۆ ئەم ھەموو قەیران و گەندەڵی و قوڵ بوونەوەی زیاتری برین و ئازارەکانی کورد، کۆمەڵێک ھۆکار و ھاندەر و مۆتیڤن کە لەپشت درووست بوونی ئەم دۆخەو خوڵقاندنی ژینگەیەکی سیاسی ناتەندروستەوەیە کەئەوانیش بریتین لە:   

١- نەبوونی عەقڵانیەت لەبەڕێوەبردن و ئاڕاستەکردنی سیاسەتێکی درووست، کە ئەمەش درێژکراوەی ئەو کەلتورە سیاسیەیە، کە بەدرێژایی سەد ساڵ بە ھەموو قورسایی و وجودی خۆی ئامادەیە و کورد پێوەی گیرۆدەیە و لە گشت قۆناغەکاندا وێنەیەکی ناشرین و دزێوی بەخشیوە بە پڕۆسەی سیاسی کورد.

 ۲ـ ھەژاری کورد لە ھەبوونی سەرکردەیەکی نەتەوەیی کە لەو بازنە بەرتەسک و بچوکەی حیزب بێتە دەرەوە و ڕووانین و ویست و چاوەڕوانی و تەماحەکانی، مەودایەکی فراوانتر و گشتگیرتر ببڕێت و پەتی ئایدۆلۆژیاو دەمارگیری تاک لایەنی ببچڕێنێت و فرە ڕەنگی ئامانج و خواستی بێت، کە ئەم جۆرە لە سەرکردە بەداخەوە تا ئەم ساتە کورد پێی ئاشنا نەبووە.

۳ـ ڕۆحیەتی خێڵگەرایی کە ڕووبەرێکی زۆری لە مێژووی ئێمەدا داگیر کردووە و ھەبوونی نوخبە و کوتلەی پەرتەوازە، کە ڕێگر بووە لە یەکخستنی گوتارێکی عەقڵانی و زانستی کە ھەموو پێکەوە بتوانین لە ژێریدا یەک دەست بین.

٤ـ تێکەڵبوونی سیستمی ئابوری و سیستمی سیاسی و نەبوونی سنورێکی بەرچاو لەنێوانیاندا، بەجۆرێک، لە دوای ڕاپەڕینەوە ئەو کاراکتەر و گەمەکەرەی جومگەی سیاسی بەدەستە، ھەمان ئەو کاراکتەرەیە کە بۆتە ڕەمز و بەگەڕخستن و کەڵەکەکردنی  سەرمایە و ئابوری و پارە و جوڵەی بازاڕ.

٥ـ ململانێ و ئینشیقاقی حیزبی، لەبری ئەوەی لەسەر بنەمای خزمەت و جوانترکردنی پڕۆسەی سیاسی و بەرەو پێشبردنی وڵات و پێشکەشکردنی حوکمڕانیەکی سەردەمیانە و مۆدێرن بێت، کەچی بەداخەوە ھەمیشە وڵات و خەڵک و کۆمەڵگای کردووە بە دوو کەرتەوە و لە خانەی جیا و پۆڵی جیاواز دانراون، بەجۆرێک کرانەوە و ھەماھەنگی و ھاریکاری دەستە جەمعی شتێکی مەحاڵ بووە.

٦ـ نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینە، کە خاوەن بیرکردنەوە و گوتارێکی زانستی بێت و ھەمان ئەگەر و ھەمان دۆخ و ھەمان سیاسەت و ھەلومەرج بەرھەم نەھێنێتەوە کە دەسەڵات بەرھەمی ھێناوە، واتە ئۆپۆزسیۆن لای ئێمە ھەر دەسەڵاتە، بەڵام بە کەمێک ماکیاژ و دەمامکێکی ئایدۆلۆژی بۆ داپۆشینی گشت ناشرینیەکانی دەسەڵات.

۷ـ نەبوونی بیرمەند و ڕۆشنبیر و فەیلەسوف و ھونەرمەند، کە بیر و بۆچوون و تێڕوانین و تێزەکانی فەزایەکی جودا لەوەی دەسەڵات و حیزب بۆی خوڵقاندوین دروست بکات، بەداخەوە بەدرێژایی مێژووی کورد، شاعیر و ھونەرمەند و ڕۆشنبیرەکانیش نەیانتوانیوە ببنە نوخبەیەکی سەربەخۆ و ئەکتیڤ، کە بیرکردنەوە و بەرھەمەکانیان ھەمیشە بۆنی حیزبایەتی لێھاتووە و داخران و چوارچێوەی بەرتەسکی دەسەڵات ئەوانیشی ئیفلیج کردووە.

۸ـ نەبوونی ھۆشیاری و خود ئاگایی لای تاکی کۆمەڵگای ئێمە، بەدرێژایی مێژوو ئینسانی کۆمەڵگای ئێمە ھیچ کات ھۆشیار و بە ئاگا نەبووە بە دۆخی خۆی و نەیتوانیوە جوڵە و گۆڕانکاریە مێژووییەکانی پەنا خۆی ھەست پێبکات و بخوێنێتەوە و ھەمیشە لە ترس و پەلاماردان ژیاوە، بۆیە لەگەڵ ھەموو ناشرینیەکانی دەسەڵات، لە سێبەریدا خۆی مەڵازداوە.

۹ـ زاڵبوونی کەلتوری دینی و ترادسیۆنی دینی کە بوونەوەری دۆگمایی و چەقبەستووی دروست کردووە و ئەفیون و خورافەت و بیر تەسکی بووەتە لەمپەر و ڕێگر لەبەردەم کرانەوە و جیھانگیری و ئاشنابوون بەکۆی دەرکەوتەو مۆدێلەکانی مۆدێرنێتە و ھەمیشە ئینسانی ئێمە کۆمەڵگا و مرۆڤی دەرەوەی خۆی بە نامۆ و دوژمن زانیوە، بەتایبەت خۆرئاوا و ئەوروپا و نەیتوانیوە تێکەڵ بێت بەو کرانەوە و ھەماھەنگی و گڵۆباڵییەی دونیا، کە ھەمیشە داخراو بەرەو ناوەوەی خۆی ھەنگاوی ناوە.

۱٠ـ لە ھەمووی ئەسەفتر و بەئازارتر، نەبوونی زانستی مێژوو و ئارکیۆلۆژیا بۆ ڕابردووی قۆناغەکانی کورد، کە ببێتە کەرەستەو ئامڕاز بۆ لادان لەو ھەڵانەی لە ڕابردوودا کراون.

۱۱ـ دامەزراندنی لەشکرێک لە فەرمانبەری بێکار و تەمبەڵ دوور لە ھەموو داھێنان و جوڵە و گۆڕانکاریەک و بەڕێکردنی ڕۆتینیەت و کاری تەقلیدی و دەم کردنەوە و دەست لە ئاسمان بۆ داواکردنی مووچە، کە ئەمانەش مرۆڤی نارسیست و داماڵراو لە ڕۆحیەتی ڕەخنەو فوتێکراوی نابەرپرس بەرھەم دەھێنێت.

۱۲ـ جیانەکردنەوەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری، لاوازی سیستمی پەڕلەمانی، کە نەیتوانیوە لەژێر ھەژموون و ھەیمەنەی حیزب و دەسەڵات، خۆی قوتار بکات و ببێتە چاودێر بەسەر جوڵەو ھەنگاوەکانی دەسەڵاتەوە.

۱۳ـ سەربەخۆ نەبوونی یەکێک لە گرنگترین کایەکان کە زانستە و بەتایبەتیش سەنتەرەکانی خوێندن و زانکۆو قوتابخانەکان، کە ھەرگیز نەیانتوانیوە شوێنێک بن بۆ داھێنان و دروستکردنی مرۆڤی زانستخواز و پڕ گۆڕانکاری و پڕ پرسیار و مۆڕال و بەھای جیاواز، لەبری ئەمە، ھەمیشە وەک کارخانەیەک بووە بۆ دروستکردنی مرۆڤی لەیەکچوو، یەک ڕوانین و یەک بیرکردنەوەو دەستەمۆ و تاکی شەرمن و ھیچ لەبارا نەبوو.

۱٤ـ گرنگترین شت کە پێویستە بیزانین کۆمەڵگای ئێمە قبوڵی ھەموو تەکنەلۆژیا و مادیەت و شتە ماتریاڵیەکانی ئەوروپا و ئەمریکایان کردووە و ھەموو ئەگەرە نێگەتیڤەکانیان وەرگرتووە، تەنھا ئەو عەقڵ و بیرکردنەوەو تازەگەری و توانست و داھێنانانە نەبێت، کە ئەوروپای گەیاندە ئەو شارستانیەت و بەرگە تازەیەی کە تەپوتۆزی جیھانی کۆن و کەلەپوریان لەخۆیان تەکاند.