سەردێڕ:

قازانجەكانی عێراق لە سەربەخۆیی كوردستان

9/21/2020 10:12:09 PM
7704 جار خوێندراوەتەوە
رێبین سەلام
+ -

زۆرجار تیشک دەخەینە سەر ئەوەی بۆ کوردستان باشترە سەربەخۆ بێت و لە عێراق جیا ببێتەوە، ئەمەش تەنیا لە بەرژەوەندی کوردستان نییە و ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین، دەبینین سەربەخۆیی کوردستان چەند لە قازانجی کوردستانە، دوو ئەوەندە لە قازانجی عێراقدایە، تەنیا کاڵفامی سیاسی و شۆڤێنییەکانی عێراق کە کوێرانە بەرگری لە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکەن، ئەو راستیە نابینن. بۆ سەلماندنی ئەم راستییە چەند خاڵێک بە کورتی دەخەینەڕوو کە لە داھاتوودا بە شێوەی لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەل و بە زانیاری وردترەوە بڵاوی دەکەینەوە:

١.لەوەتەی دەوڵەتی عێراق چێ بووە، ئەم دەوڵەتە خاوەنی سەروەری و سەربەخۆیی نییە و دەستی دەرەکی بە راست و بە چەپ دەستکاری ژیانی سیاسی ئەم وڵاتە دەکات، پێدەچێ ئەجیندایەک لە کاردا بێت کە ھەر دە ساڵ جارێک گۆڕانکاری گەورە و بنەڕەتی لەم دەوڵەتەدا بھێنێتەدی. ئەگەر سەرنج بدەین عێراق لە ساڵی (١٩٢٠) دامەزرا لەژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی بەریتانیا تا ساڵی (١٩٣٢) پاشان لە بن ئینتیدابی بەریتانیادا مایەوە، جەنگی دووەمی جیھانی لە نێوان ساڵەکانی (١٩٣٩-١٩٤٥) بەردەوام بوو پاشان سیستمی حوکمڕانی لە ساڵی (١٩٥٨) لە پادشایەتییەوە بووە کۆماری، زۆری نەبرد لەبەرئەوەی گەلی کورد ئەو ئومێدەی بە سیستمی کۆماری ھەیبوو لەبارچوو، شۆڕشی ئەیلوولی (١٩٦١) سەری ھەڵدا و بەرھەمەکەی بەیاننامەی ئازاری (١٩٧٠)ی لێکەوتەوە، پاشان ساڵی (١٩٨١) عێراق دەستی کرد بە شەڕێکی ماڵوێرانکەر لەگەڵ ئێراندا، ئەوجا ساڵی (١٩٩٠) پەلاماری دەوڵەتی کوەیتی دا و لە (١٩٩١) دا بە فیعلی کوردستان جیابووەوە لە عێراق، ئەو بارودۆخە بەردەوام بوو تا ساڵی (٢٠٠٣) و ھەرەسھێنانی سیستمی سیاسی لە عێراق و دامەزراندنی سیستمی بەناو فیدڕاڵی لە ساڵی (٢٠٠٥)، ئەمجارە لەبەر زوڵم و ستەم و نایەکسانی، سوننەکانی عێراق چوونە پاڵ دەوڵەتی داعش کە لە ساڵی (٢٠١٤) دا سەری ھەڵدا، خەڵکی کوردستانیش بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسی داوە لەبەرئەوەی دەستوورە فیدڕاڵییەکەی عێراق جێبەجێ نەکرا و پرەنسیپی ھاوبەشی لە حوکمڕانی و رەچاوکردنی مافی کەمینە جێبەجێ نەکرا و کوردستان لە بری ھەڵبژاردنی رێگەی توندوتیژی و شەڕ و ئاشوب رێگەیەکی دیموکراتییانە و ئاشتییانەی گرتۆتەبەر کە گشتپرسییە بۆ سەربەخۆیی، تاوەکو کوردستان و عێراق وەک دوو ھاوسێی سالار بە ئارامی مامەڵە بکەن و بەرژەوەندی ھاوبەش پێکەوەیان ببەستێتەوە، بێگومان گشتپرسی وەک بژاردەیەکی ئاشتییانە لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە زۆر لەو بژاردەیە باشترە کە زۆربەی سوننەکانی عێراق ھەڵیانبژارد.

٢.پاش سەربەخۆیی کوردستان دەوڵەتی عێراق دەتوانێت بە شێوەیەکی تەندروست و ئاسایی ئاوێتە بێت لەگەڵ کەش و ھەوای وڵاتە عەرەبییەکان و کەس پێی نەڵێت پشتی چاوت دوو برۆیە، چونکە ھەروەک ئاشکرایە ئەم سەردەمە سەردەمی دەوڵەتی کیشوەرییە و دەوڵەتان خۆیان دەخونجێننە نێو ھاوپەیمانێتییە زەبەلاحەکان وەک یەکێتی ئەوروپا، یەکێتی ئەفریقا، وڵاتانی کەنداو و...ھتد.

٣.لە بری خەرجکردنی وزە و تواناکانی دەوڵەتی عێراق بۆ دژایەتیکردنی بەشێک لە گەلی خۆی کە خەڵکی کوردستانە، ئەو توانایانە ئاڕاستە دەکرێت بۆ پێشخستنی پێکھاتەکانی عێراق لە داھاتوودا، چونکە بە درێژایی تەمەنی دەوڵەتی عێراق دژایەتی پێکھاتەیەکی سەرەکی کردووە کە بە ھەردوو دیوەکەدا زیان بەر خۆی کەوتووە واتە بە بردنەوە و نەبردنەوەی شەڕ دژی کوردستان ھەر دەوڵەتی عێراق لە کۆتاییدا وەک دەوڵەت زەرەرمەند بووە.

٤.لە کۆڵبوونەوەی یەکێک لەو ھەمەچەشنەییانەی کە دەوڵەتی عێراق لەوەتەی دامەزراوە پێوەی دەناڵێنێت، ئەویش فرە نەتەوەییە، کە نەتەوەی کورد بە بەشێکی زۆری ئاشووری و کلدانی و تورکمانەکانەوە سەربەخۆیی راگەیاند لە عێراق ئەو کاتە تەنیا فرە مەزھەبی لە عێراق دەمێنێتەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بابەتە ئاسانتر دەبێت بۆ عێراق.

٥.پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەوڵەتی عێراق لەگەڵ دەوڵەتانی دیکە کە ھەندێک جار بەھۆی پشتیوانیکردن لە شۆڕشی کوردستان لەمەوبەر و ئێستاش بە بۆنەی مامەڵەکردن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان وەک دەوڵەتێک عێراقی نیگەران کردووە.

٦.گەڕانەوەی (١٧%)ی داھاتی عێراق بۆ عێراق بێ ھیچ گلەیی و گازندەیەک لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە، سەرەڕای وەرگرتنەوەی سەرجەم ئەو پۆست و پلە و پایە ئیدارییانەی کە وەک پشکی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا بۆ کورد تەرخانکراوە.

٧.پێکھاتە نوێیەکانی نێو پەرلەمانی عێراق پتر دەگونجێن پێکەوە و بڕیار و یاسا لە پەرلەمانی عێراقی عەرەبی بە ساناتر دەردەچوێندرێت.

٨.دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە عێراقی نوێ لە یەک پێکھاتە پێک دێت کە نەتەوەی عەرەبە و بەشێوەیەکی رژد و مکوڕ بڕیاری خۆی دەدات بێ ئەوەی ناچار بێت ھەستێت بە لاواندنەوەی نەتەوایەتی و دووچاربوون بە ھەستیاری فرە نەتەوایەتی لە عێراقی عەرەبیدا.

٩.مامەڵەکردنی عێراق لەگەڵ کیانێکی نێودەوڵەتی کە دەوڵەتی کوردستانە زۆر باشتر و ئاسانتر دەبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ھەرێمێک کە وەک دەوڵەتێکی دیفاکتۆ ناسراوە لە ناوچەکەدا.

١٠.گواستنەوەی ئەرکی پاراستنی سنوورێکی دوور و درێژ لە سەرشانی دەوڵەتی عێراق بۆ سەرشانی دەوڵەتی کوردستان کە سنووری وڵاتی تورکیا و بەشێکی وڵاتی ئێران و بەری باکووری رۆژئاوای عێراق دەگرێتەوە.

١١.چارەسەرکردنی کێشەی سوننەکانی عێراق ئاسانترە کاتێک کوردستان سەربەخۆ بێت، ئەو کاتە عێراقی عەرەبی دەتوانێت فیدڕاڵییەک پێک بھێنێت و ھەرێمێکی سوننی ھەبێت لە بری ھەرێمی کوردستان.

١٢.دەستکراوەیی زیاتری حکومەتی مەرکەزی بە پێدانی پێکھاتەی سوننە چەندین پۆستی ئیداری و سەربازی کە بۆ کورد تەرخانکرابوون.

ئەمانە و چەندین خاڵی ئەرێنیی دیکە کە عێراقی نوێ قازانجی لێ دەکات بەھۆی سەربەخۆبوونی کوردستانەوە.