سەردێڕ:

‏‎ کازمی موچەی فەرمەنبەرانی ھەرێم دەنێرێت؟

8/9/2020 9:41:21 PM
12929 جار خوێندراوەتەوە
کاروان عەلى شامار
+ -

لەدوای پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و بڕینی شایستە داراییەکانی حکومەتی ھەرێم لەلایەن مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانەوە، مژاری گەرمی رۆژ لە میدیا و سۆشیالمیدیاکانی دەسەڵاتدا، باسکردنە لە ھەبوونی رێککەوتنی نوێ لە نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراقدا. 

لە میدیاکاندا وا بڵاوکراوەتەوە کە ھەرێم و بەغدا لەسەر کۆی گرفتەکانی نێوانیان رێککەوتون و تەنھا واژوی رێککەوتنی کۆتایی ماوە! بەپێی ئەم رێککەوتنە نوێیە دەبێ کازمی دوای جەژن مانگانە (٣٠٠) بۆ (٤٠٠) ملیار دینار بۆ ھەرێم بنێرێ و تا کۆتایی ساڵی (٢٠٢٠) بەردەوام بێ، واش بریارە بۆ ساڵی ئایندە گۆرانکاری بەسەردابێ و رێککەوتنی نوێ لەنێوانیاندا بکرێ! 

بەپێی ھەموو ئاماژەکان، ھەواڵی رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا ئەگەرێکی لاوازە و دوورە لە راستیەوە، میدیاکانی نزیک لە سەرۆکی حکومەت تەنھا بۆ چەواشەکاری و خۆڵکردنە چاوی میللەت ئەو بابەتە دەوروژێنن! لێرەدا ئاماژە بە چەن فاکتێک دەکەین کە دەرخەری ئەوەن ئەگەرەکانی رێککنەکەوتن زیاترن وەک لە رێککەوتن:

١. بەھۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگاکانی عێراقدا و ھەروەھا دابەزینی نرخی نەوت و ھەبوونی گەندەڵیەکی بێشومارەوە، ھەنوکە حکومەتی عێراق لە دۆخێکی خراپی ئابوریدایە و بەزەحمەت دەتوانێ موچەی فەرمانبەرانی خۆی دابین بکا و ھەندێک سەرچاوەش باس لەوە دەکەن عێراق بۆ دابەشکردنی موچەی ئەمساڵی فەرمانبەرانی دەست دەبات بۆ پارەی نەختینەیی و قەرزی دەرەکی. ئەم فاکتەش وادەکا کە حکومەتی عێراق نەتوانێ پابەند بێ بەناردنی تەواوی شایستە داراییەکانی ھەرێمەوە.

٢. وەک دیاردەی ھەمیشەیی لەسەروبەندی نزیکبوونەوەی وادەی ھەڵبژاردنەکانی عێراقدا بەھۆی موزایەدەی سیاسی عەرەبە شۆڤێنییەکانەوە پەیوەندیەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا تەنگەژە و گرژی بەخۆوە دەبینێ، بەھۆی ئەم فاکتەشەوە رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا لە ئێستادا مەحاڵە و بەتایبەت ھەڵبژاردنی پێشوەختە نزیکە و ھەر لیست و ھێزێکی سیاسی دەیەوێ بەجۆرێک لە جۆرەکان سۆزی زیاتری شەقام و دەنگدەر بەلای خۆیدا راکێشێ!

٣. لە تەواوی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقدا (ھێز) حکومی کردووە، کازمیش سەر بە ھیچ حیزب و رەوتێکی سیاسی نییە و خاوەن ھیچ کورسیەکی پەرلەمانی عێراق نییە و ئەگەر خواستی رێککەوتنیشی ھەبێ لەگەڵ ھەرێمدا لێ مەحاڵە بتوانێ تاک لایەنە و بەبێ گەرانەوە بۆ  شەقامی عێراقی و ھێز و لایەنە سیاسیەکان و بەتایبەت ھێزە شیعیەکان رێککەوتنی کۆتایی نێوان ھەرێم و بەغدا پەسەند بکا! 

٤. پارتی دیموکراتی کوردستان بەھۆی ئەو گرێبەستە نەوتیانەی کە بۆ ماوەی پەنجا ساڵ بەنھێنی لەگەڵ وڵاتی تورکیادا کردونی ئامادە نییە بەھیچ شێوەیەک چەندێتی و چۆنیەتی گرێبەستەکان ئاشکرا بکات و ھەروەھا نەوت رادەست بە سۆمۆ بکات، فرۆشتنی نەوت بەمجۆرەی ئێستا لە قازانجی پارتیدایە و بەھۆیەوە مانگانە دەیان ملیۆن دۆلار بۆ خەزێنەی پارتی و ماڵباتی بارزانی دەروات. ئەم فاکتەش ھۆکاری سەرەکیە لە رێک نەکەوتنی ھەردولادا!

٥. حکومەتی ھەرێم ھیچ ترسێکی لە شەقام نەماوە و ھەنوکەش ئۆپۆزسیۆن لەوپەری لاوازیدایە، باشتر بڵێین موچە بە ماوەی زیاتر لە دوو مانگ و بەھەر شێوازێکی لێبرین دابەش بکرێ موچەخۆران پێی رازین و ھیچ پەرچەکردارێکی سلبیان نابێ! بۆیە ئەم فاکەتەش پێمان دەڵێ بەھۆی نەبوونی فشاری شەقام و ئۆپۆزسیۆنەوە حکومەتی ھەرێم ھیچ بەلایەوە گرنگ نییە رێککەوتن بکرێ یاخود نەکرێ.

خولاسە، رێککەوتنی نێوان حکومەتی ھەرێم و بەغدا تەنھا بۆ کات کوشتن و سەرقاڵکردنی ھاونیشتیمانیان و دڵخۆشکردنیانە!

گومان لەوەدا نییە بەشێک لە وڵاتانی ئیقلیمی دراوسێ و کاربەدەستە شۆڤێنییەکانی حکومەتی عێراق بەھەموو شێوازێک ھەوڵ ئەدەن بۆ دژایەتی و بچوکردنەوەی زیاتری قەوارەی ھەرێم، وەلێ ئەگەر ئیرادە و نییەتی جدیی ھەبێ لەلایەن ھاوڵاتیان و بەشێک لە ھێزە سیاسیەکانەوە لەوەی کە حکومەتی ھەرێم پابەست کرێ بە رادەستکردنی نیوەی داھاتی خاڵە سنورییەکان و ھەروەھا (٢٥٠) ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەکۆمپانیای سۆمۆ، ئەوا ئیستحقاقی یاسایی و دەستوری خەڵکی ھەرێمی کوردستانە کە حکومەتی عێراقی و موستەفا کازمی مولزەم بن بە رێککەوتن و ناردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستانەوە، بەمەش دۆخی دارایی و گوزەرانی مووچەخۆران ھاوشێوەی پارێزگاکانی تری عێراق باشتر دەبێ.