سەردێڕ:

یاسای نوێی ھەڵبژاردنەکان، پێشێلکردنی دەستوورە

8/3/2020 1:16:49 PM
11134 جار خوێندراوەتەوە
مەیادە نەجاڕ
+ -

ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی عێراق لە پڕۆسەی سیاسی ئەو وڵاتەدا رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت، بەتایبەتی لە ئێستادا کە دۆخی سیاسی عێراق بە ئاقارێکی زۆر ھەستیاردا تێپەڕ دەبێت، لەکاتێکدا ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ئەنجومەنی نوێنەران بەبێ ئامادەبوونی فراکسیۆنە کوردستانیەکان تێپەرێندرا، بەڵام ئەم یاسایە پڕە لەکەموکوڕی و بەشێکی زۆری یاساکە بەشێوەیەکی نادروست ھەموارکراوەتەوە، چەندین سەرپێچی بەرامبەر بەدەستووری عێراقی تێداکراوە.

یەکێک لەو خاڵانەی بەئاشکرا پێشیلی دەستوورە، بەھەڵە دابەشکردنی کورسیەکانی ھەڵبژاردنە لەسەر ئاستی قەزاکان، چونکە ھەتا ئێستا لە عێراقدا سەرژمێری نەکراوە، شێوازی دابەشکردنەکە بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوانی ئەو قەزایە دیاری دەکرێت، لەکاتێکدا پشت بەژمارەی دانیشتوانی پارێزگایەک بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی دەبەستن، ئەمەش خالێکی زۆر لاوازە کەموکوڕی لە خودی یاساکەدا دەردەخات، چونکە بەگوێرەی دەقە یاساییەکان نابێت لەکاتی جێبەجیکردنی ھەر پرۆسەیەکی یاساییدا پشت بەشێوازی ھەڕەمەکی ببەسترێت.

فەرامۆشکردنی ئافرەتان

خاڵی دووەم کە کەموڕییەکانی یاساکە دەردەخات فەرامۆشکردنی ئافرەتانە، چونکە بەگوێرەی یاسا نوێیەکە لە (٤٥) بازنەی ھەلبژاردندا، ئافرەتان فەرامۆش دەکرێن، لەم بازنانەدا تەنیا رێگە بە رەگەزی نێر دەدرێت خۆی کاندید بکات، ئەمەش پێشێلکردنێکی ئاشکرای دەستووری ھەمیشەی عێراقە، چونکە بەگوێرەی دەستوور لەھەر پارێزگایەک پێویستە لە ٢٥% کورسیەکان بۆ ئافرەتان تەرخان بکرێت.

لەلایەکی ترەوە ئەم یاسایە بەئاشکرا مادەی (٢٠) لەدەستوری عێراق پێشێل دەکات، چونکە ئەو مادەیە جەخت لەیەکسانی ھەردوو رەگەز لەکاتی ھەڵبژاردن و خۆھەڵبژاردن دەکاتەوە .

لەلایەکی ترەوە بەپێی ئەم یاسایە زۆربەی قەزاکان بێ نوێنەری ئافرەت دەبن، تەنیا لەسەر ئاستی پارێزگا نوێنەری ئافرەت دەبێت ئەمەش پێچەوانەی مادەی (٤٩)، بەندی چوارەم لە دەستور دەکات، کە دەڵێت (یاسای ھەڵبژاردن رێژەی ٢٥% بۆ بەشداریکردنی ئافرەتان دیاریکردووە.
ھەروەھا ئەوەمان لەیاد نەچێت رێگەی ھەژمارکردنی کورسیە قەرەبووکراوەکان، لەم یاسایەدا پێشێلکراوە، چونکە بەگوێرەی یاساکە دەدرێتە کەمترین کۆکراوە، ئەمەش سوکایەتیە بەدەستوور کە بۆ ھەر کورسیەک سەد ھەزار کەسی دیاری کردووە.

ساختەکاری

ئەوەشمان لەیاد نەچێت دابەشکردنی بازنەکانی ھەڵبژاردن بەم شێوازەی کە ئێستا ھەیە کە لەسەر بنەمای قەزا دابەشکراوە کە ئەمەش دەرفەتی گەورەی ساختەکاری تێدا ئەنجام دەدرێت. ھاوکات بەکارھێنانی چەک بۆ ترساندن و خەڵەتاندن بەتایبەتی لەناوچەکانی باشووری عێراق، ھەروەھا وا دەکات جارێکیتر ئەقڵیەتی عەشایەری وابەستەیی کۆمەڵەی بچوک بچوک بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر بەم شێوەیە لەسەر ئاستی قەزا نەوەک لەسەر ئاستی بازنەیەکی فراوانتر کاندیدەکان دیاری بکرێت، چونکە وەک دەزانین لەناو بازنەی بچوکدا ساختەکاری زۆر ئاسانترە لەبازنەی فراوان.

لەلایەکی ترەوە ئەو کەسەی دەیباتەوە ئەوەیە کە بەرزترین دەنگ بەدەست دەھێنێت، نەوەک ئەوەی دەنگی ٥٠+١ بەدەست دەھێنێت. ئەمەش بۆ خۆی مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر دیموکراسی، چونکە ئەگەر لە قەزایەک ٧٠ کەس خۆی بپاڵێوێت، واتە کەسێک ١٢ ھەزار دەنگ بھێنێت دەیباتەوە، کەسێک زۆرترین دەنگ بھێنێت کە ئیتر ھەرچەندێکە دەیباتەوە، نەک ٥٠+١ی دەنگدەران کە ئەمە بۆخۆی دیسانەوە مەترسیدارە. 

شێوازێک بۆ عێراق ناگونجێت

لە ھەمووی گرنگتر و مەترسیدارتر، ئەو ئالییەتەیە کە بژاردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانە بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی، وەک خۆتان دەزانن کە ئەوە چی ناوبانگێکی خراپی ھەیە لە ھەڵبژاردنی رابردوو، لەکاتی جیاکردنەوەی دەنگەکان بەشێوازی ئەلیکترۆنی، ئەمەش جارێکی تر پرسیار لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق دروست دەکات.

ھەروەھا ئەم یاسایە سوکایەتی بەدیموکراتی دەکات و رێگر دەبێت لەگەراندنەوەی متمانە لەلای دەنگدەر، بۆ عێراق ناگونجێت، چونکە تەواوی یاساکە پشتی بە  سیستمی فرەبازنە بەستووە ئەمەش پێچەوانەی رەوشی راستەقینەی عێراقە، چونکە عێراق وڵاتێکی فرە میللەت و کەمایەتی جیاوازە، بەھیچ شێوەیەک یاسایەکی لەو جۆرە بۆ عێراق ناگونجێت.

گرفتە یاساییەکان

لەلایەکی ترەوە سنووری قەزا و ناحیەکان یەکلایی نەبووەتەوە، بۆ نموونە ھەندێک ناوچە لە وەزارەتی پلانداناندا ناحیەیە، بەڵام لە وەزارەتی بازرگانیدا لە لیستی قەزادایە، ئەمەش گرفتی زۆر بۆ خودی یاساکە دروست دەکات و ئەستەمە لەم قۆناغەدا سەرکەوتووبێت، ئەوەشمان لەیاد نەچێت راستەوخۆ حزبە شیعە دەستەڵاتدارەکان لەرێگەی یاسایەکی لەم جۆرە دەیانەوێت بازنەکان کۆنترۆڵ بکەن، بەتایبەتی ئەگەر ھەر کاندیدێک سەربە چینێکی مامناوەند و خوارتر بێت چۆن دەتوانێت بچێتە نێو ئەم پرۆسەیە (ھەڵبژاردن)، جگە لەوە ئەمە کوژاندنەوەی حزبە بچوکەکانە، بەگشتی گەورەترین زیان بە کیانە سیاسییە بچوکەکان دەکەوێت، لەبەرئەوەی ئەو کیانە بچوکانە ناتوانن لەسەر ئاستی فرەبازنەیی و قەزاکان دەنگ کۆبکەنەوە و ناتوانن یەک کورسی پەرلەمانیش بەدەست بێنن، چونکە جەماوەر و دەنگەکانیان پەرشوبڵاوە.

ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم

جارێکی تر مێژوو غەدر لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم دەکات، چونکە ئەگەر سیستمی فرەبازنەیی بێت لەسەر ئاستی قەزاکان پەیڕەو بکرێت، ئەوە کورد لە ناوچە کێشەلەسەرەکان زیانێکی زۆر مەترسیدار دەکات و لە ھەندێ شوێن و ناوچەدا کورسی پەرلەمانی لەدەست دەدەین، چونکە بەشی زۆری سنووری چەندین قەزا لە ناوچە کێشە لەسەرەکان دیاری نەکراوە و قەزا ھەیە بەشێکی لەسەر ھەرێمی کوردستانە و بەشێکیان کەوتوونەتە سنووری پارێزگای دیکە بۆ نمونە شارۆچکەی دوز لێکێندراوە بەپاریزگای سەڵاحەدین لەکاتێکدا زۆربەی ناحیەکانی سەر بەپارێزگای کەرکوکن، مەخموریش بەھەمان شێوە لەڕووی کاریگەرییەوە دابەشبووە، ئەمە نمونەیەکی زەقە کە زیان بەر  کورد دەکەوێت.
 لەلایەکی ترەوە ناھاوسەنگی لەژمارەی دانیشتوانی قەزاکان ھەیە بۆ نمونە ژمارەی دەنگدەران لە  قەزاکان لە(٤٠)ھەزار دەنگدەر ھەتا(٧٠٠)ھەزار دەنگدەر دەروات ئەمەش کێشەیەکی ترە، لەلایەکی ترەوە  قەزایەک لە (١٠٠) ھەزار دەنگدەری کەمتر بوو، ئەوە دەخرێتە سەر قەزایەکی دیکە کە دەنگەکانیان لە (١٠٠) ھەزار و پتر بێت، ئینجا بازنەی ھەڵبژاردنەکە دیاری دەکرێت، ئەمەش زۆر ئاڵۆزە تاوەکو بتوانرێت ئەو سەرژمێری و جیاکارییە ئەنجام بدرێت. 

ھەنگاوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئالنگارییەکان

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەنیا سێ بژاردەی لەبەردەمدایە بۆ چارەسەکردنی کەموکوڕییەکانی یاسایەکە، لەوانە کۆکردنەوەی قەزا و ناحیەکان لە فەرمانگەی ھەڵبژاردنێک واتە چەند قەزا و ناحیەیەک بکرێنە یەک فەرمانگە، بەمەرجێک رەچاوی کورسی کۆتا بۆ ئافرەتان بکرێت،  بژاردەی دووەم ئەوەیە کە کار بۆ لکاندنی بازنەی ھەڵبژاردن بکرێت تارادەی نزمترین ئاست بۆ ھەر بازنەیەک چوار کاندید ھەبن کە سێ کاندید رەگەزی نێر بێت یەک کاندیدیش رەگەزی مێ بێت .

بژاردەی کۆتایی گەڕانەوەیە بۆ سیستمی بازنەی پارێزگاکان کێبڕکێ لەنێوان کاندیدەکان لەسەر بنەمای بەرزترین ئاستی رێژەی دەنگەکان، کە ئەمەیان گونجاوترینە بۆ ئێستای رەوشی عێراق .