سەردێڕ:

جیاوازی وەڵامی نەخێر یان بەڵی، لە نێوان سیستەمی پەروەردەیی نەریتی و مۆدێرندا

9/21/2020 10:14:30 PM
5340 جار خوێندراوەتەوە
وەستا جەلال
+ -

خاڵی پێنجەم

لە سیستەمی پەروەردەی خێزانی نەریتیدا لەبەرئەوەی دایک و باوک توانایی قبوڵکردنی وەڵامی نەخێری منداڵەکەی خۆیان ناکەن. زۆر بە ئاسانی وەڵامی نەخێر بە منداڵەکەیان دەدەنەوە. دەیانەوێ منداڵێکی بێ توانا و بێ دەسەڵات قبوڵی وەڵامی نەخێری ئەوان بکات. بەڵام ئەوان بۆ خۆیان قبوڵی وەڵامی نەخێری منداڵەکەیان ناکەن. ئەم شێوەیە لە پەروەردە دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی کۆمەڵێک نەخۆشی دەروونی لە منداڵدا، تاکو مردنیش لەگەڵی دەمێنێتەوە. بەتایبەتی ملکەچی، بێدەنگی و بێ ھەڵوێستی. ھەروەھا قبوڵ کردنی ھەموو بڕیارێک سەرەوەی خۆی، بەبێ ھیچ ھەڵسەنگاندن و لێکدانەوەیەک.

لە سیستەمی پەروەردەی نەریتیدا، ئەگەر منداڵ یان گەورە وەڵامی نەخێر بە دایک، باوک و دەسەڵات بداتەوە نیشانەی دوژمنایەتی، رق، کینە و ناکۆکییە، نیشانەی کەسی خراپە. بەڵام لە سیستەمی پەروەردەی مۆدێرندا، وەڵامی نەخێر تەنھا نیشانەی مرۆڤی خراپ نییە، نیشانەی ئازادی، سەربەخۆی و جیاوازی بیروباوەڕی مرۆڤەکانە.

پێویستە مرۆڤ لە منداڵیەوە لە بەرامبەر کاری نادورست فێری وەڵامی نەخێر بکرێت. وەڵامی نەخێر رەوشتێکی خراپ نییە، مانای تەواونەکردنی کاری باش و وێرانکردنی شتە باشەکان نییە. بەڵکو گەڕانە بەدوای ئامانجێکی تر، ھەوڵدانە بۆ پەیداکردنی رێگایەکی باشتر بۆ گەیشتن بە داخوازییەکانی داھاتوو، بیرکردنەوەیە لە رابردوو، ئێستا و داھاتوو. منداڵ دەبێت ئەوە بزانێت وەڵامی نەخێر لە بەرژەوەندی ئەو دایە، منداڵی تەندروست ئەو کەسەیە کە وەڵامی نەخێر بە کاری نادورست و ھەڵەکان دەداتەوە، منداڵ چۆن دەیەویت رێز لە بیروباوەڕی خۆی بگرێت، پێویستە بەم شێوەیەش رێز لە بیروباوەڕی کەسانی تریش بگرێت. بۆئەوەی نەبێتە ھۆی پێشێلکردن و رێگری لە مافی ئازادی، ئارەزوو و داواکاری کەسانی تر.

لە دونیای ئەمڕۆدا، زۆر کەس ھەن بۆیە وەڵامی نەخێر بە بەرامبەرەکەیان دەدەنەوە، لەبەرئەوەی دەلیل و رێگاچارەی باشتریان بۆ کێشە و گرفتەکانی ژیانی رۆژانەی مرۆڤ ھەیە. لەزۆر کاتدا ئەگەر وەڵامی نەخێر قبوڵیش نەکرێت، دەکرێت لە رێگای گفتوگۆوە چارەسەر بکرێت و ھەڵەی کەسانی تریشی پێ راست بکرێتەوە. نەک بکرێتە ھۆیەک بۆ پەرەپێدانی رق و کینە و دوژمنایەتی. کەسێک کە لەسەر باوەڕی خۆی دەمێنێتەوە، پێویستە قبوڵ بکرێت و وەکو بیروباوەڕی ئەو کەسە سەیر بکرێت.

لە پەروەردەی نەریتیدا ئەگەر منداڵ وەڵامی نەخێر بە دایک و باوکی بداتەوە، بە منداڵێکی بێ رێز و بێ ئابڕووی دەزانن. لە سیستەمی حکومڕانی و دەوڵەتداریش، وەڵامی نەخێر بە دوژمنی حیزب، دەسەڵات و سەرۆکی دەزانن.

بۆ نمونە لە ھەرێمی کوردستان ئەو کەسانەی کە وەڵامی نەخێریان بە ریفراندۆم دا، ئێستاکەش لە لایەن حیزب و دەسەڵات، ناویان لە لیستی رەشدایە و کراون بە دوژمنی نەتەوە، دەسەڵات و سەرکردە. چاوەڕوانی رۆژێک دەکەن تاکو تۆڵەی شکستی خۆیانیان لێ بکەنەوە. ئەم جۆرە پەروەردەیە بەھیچ شێوەیەک ناتوانێت وەڵامی نەخێر لە کەس قبوڵ بکات. وە ناشتوانێ سیستەمێکی پەروەردەی دروست لەسەر بیروباوەڕی جیاواز دابمەزرێنێت، کە مرۆڤ لە منداڵییەوە فێری ئازادی و سەربەخۆی بکات و رێز لە ئازادی و بیروباوەڕی کەسانی تریش بگرێت. ئەم جۆرە پەروەردەیە تەنھا دەسەڵاتی دیکتاتۆری وەکو رژێمی حیزبی بەعس و حکومەتەکەی ستالینی لێ دروست دەبێت.

لە پەروەردەی مۆدێرن مرۆڤ لە منداڵییەوە فێری ئەوە دەکرێت، وەڵامی نەخێری ھیچ ترس، نیگەرانی، کێشە و گرفتێک بۆ کەس دروست ناکات، لەبەرئەوەی ھیچ  ھەڵەیەک لە خودی وەڵامی نەخێردا نییە، بەڵکو زۆریش ئاساییە. وەڵامی نەخێر تەنھا نیشاندانی جیاوازی بیروباوەڕ و لێکدانەوەی مرۆڤەکانە، کە ھەموویان وەکو یەک بیرناکەنەوە. نیشانەی ئەوە نییە کە منداڵ دایک و باوکی خۆی بۆ گرنگ نییە، نیشانەی ئەوە نییە کە دایک و باوک منداڵەکەی خۆیان خۆشناوێت. ئەو کەسانەی کە بە وەڵامی نەخێر لە بەرامبەر خواستی ناڕەوای کەسانی تر توشی نیگەرانی دەبن، دەبێت بزانن ئەو کەسانە نەخۆشی دەروونی خراپیان ھەیە.

وەڵامی نەخێر لە سیستەمی پەروەردەی مۆدێرن، نیشانەی تەندروستی دەروونی مرۆڤە. نیشانەی ئازادی و سەربەخۆیی مرۆڤە. نیشانەی قبوڵکردنی بیروباوەڕی جیاوازە.