سەردێڕ:

پەیامەکانی پشت کوشتنی قاسمی سولەیمانی و مەھدی ئەلموھەندیس

1/3/2020 5:00:20 PM
19231 جار خوێندراوەتەوە
د. جەبار قادر
+ -

کوشتنی قاسمی سولەیمانی و مەھدی ئەلموھەندیس و، پێش ئەوانیش بەغدادی، ھەندێ لە دیمەنە خوێناوییەکانی کەمپەینی ھەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترامپن، کە پێدەچێت تا کۆتایی ئەم ساڵ بە توندی درێژەیان ھەبێ.
سەرۆکی ئەمریکا دەتوانێ بەم کردەوانەوە خۆی ھەڵبکێشێ و بڵێ، کە ژمارەیەکی بەرچاوی لە دوژمنانی ھەرە سەرسەختی ئەمریکای لە نێوبردووە.
ھەڵبەتە پەلاماردانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، ھێرشی مووشەکی سەر K١ لە کەرکوک و داڕشتنی پلانی نوێ بۆلێدانی سەرباز ودامەزراوە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە، بیانووی زۆر باش بوون بۆ ئەوەی پنتاگۆن ئەم گورزە بوەشێنێ.
لە ڕێگەی ئەم کردەوەوە ئەمریکا دەیەوێت بە ئێران و پیاوەکانی لە عێراق و ناوچەکە بڵێت کە ئیتر کردەوەکانیان لە دژی بەرژەوەندییەکانی بێ وەڵام نامێنن، بە تایبەتی لە ساڵی ھەڵبژاردنەکاندا، ئەوەشی وا بیر بکاتەوە کە ئەمریکا دوای ئەو ھەموو خەرج و کوشتارە دەستبەرداری عێراق دەبێ، ئەوا لە پرسەکان خراپ تێگەیشتووە.
پەیامەکانی ئەمریکا و ڕەھەندە سیاسی و سەربازییەکانی ئەم کردەوەیە و ئەوانەی داھاتووش قسەی زۆر ھەڵدەگرن، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ھەڵوێستی کوردە لەم گێژاوەیەدا.
دەبێ کورد قەت ئەوە لە بیر نەکات کە ئەوانەی ئەمڕۆ ئەمریکا بە تیرۆریستیان لە قەڵەم دەدا، لە ئوکتۆبەری ٢٠١٧ بە تیشکی سەوزی ئەو و بە بەرچاوی دونیاوە ھەرچی تاوان و سوکایەتی ھەبوو بە کوردیان کرد.
ڕەنگبێ لێکدانەوەی گەمژانەی بەرپرسانی ئەو کاتەی ئەمریکا وابووبێ، کە بەرامبەر بەو ھەڵوێستە ناجوامێرانەیان لە دژی کورد و ڕیفیراندەمی سەربەخۆیی کوردستان، شیعە ھەتایە ھەتایە سوپاسگوزاریان دەبن و قەت لە قسەیان دەرناچن. ئەوان یا گێلن یا خۆیان گێل دەکەن لەوەی، کە شیعە ئەمریکا بە دوژمنی سەرەکی خۆی دەزانێ و ھەر کاتێ دەرفەتی بۆ ھەڵکەوێ لە دژی دەوەستێ و زیانی گەورەی پێ دەگەیەنێ. 
کورتەی کەلام ئەوەیە، لە کاتێکدا کورد بە لە نێوبردنی ئەوانەی مافەکانی پێشێل دەکەن و ستەمی لێ دەکەن، دڵخۆش دەبێ، نابێ ئەوە لە بیر بکات کە ئەمریکا و ڕۆژئاوا، وازیاتر لە سەدەیەکە یەکێ لە ھۆکارە سەرەکییەکانی تراژیدییای نەتەوەیی ئەون، بۆیە نابێ جارێکی تر کورد بە فیکەیەکی ئەمریکا بکەوێتە ھەلەکە سەما و ڕق و کینەی ھەموو شیعەی ناوچەکە ھەڵبسێنێ. 
ڕەنگبێ ئەمریکا کاتێ لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق تووشی کێشە و چەڵەمەی گەورە بێت، جارێکی تر ھانا بۆ کورد بێنێ و بیەوێ بیکاتەوە بە قۆچی قوربانی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی، بەڵام لە یەکەمین دەرفەتی ڕێککەوتندا لە گەڵ عێراق و ئێراندا سەری کورد دەکات بە قوڕا.
ھەڵبەتە ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کورد ھەوڵ نەدات سوود لەم بارودۆخە ببینێ و خۆی لە کاریگەرییە خراپەکانی بپارێزێ.