سەردێڕ:

ئەم ڕاو و ڕووتە تاکەی بەردەوام دەبێت؟

10/31/2020 9:14:00 PM
2138 جار خوێندراوەتەوە
تەها ئەحمەد
+ -

لە بیرتانە؟
دوای شەڕی ناوخۆ، مام جەلال و مەسعود بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی وتیان، بەخوا ئێمە بێتاوانین لەو کوشتوبڕ و تاڵانی و ئاوارەیی و ماڵوێرانییەی لە شەڕی ناوخۆدا کرا.

بەڵام لە راستیدا ھەرچیەک بوو ھەرچی کرا بە ئاگاداری و فەرمانی خودی خۆیان بوو، وەک چۆن ڕێککەوتن و ئاشتبوونەوەکەشیان بە ڕازیبونی ھەردووکیان بوو.

ئێستاش مەسرور کە سەرۆکی کابینەی نۆیە، ھەرچی فەشەلی کبینەکەی خۆیەتی دەیخاتە ئەستۆی کابینەکانی پێشوو وەک ئەوەی کابینەکانی پێشوو لەژێر فەرمانی بنەماڵەیەکی ترا بووبێت، کە لەڕاستیدا چیکراوە بەفەرمان و بۆ خودی ھەردوو بنەماڵەی دەستڕۆیشتوو بووە کە خودی خۆی پشکی شێری بەردەکەوێت کە لەھەموو ئەو گەندەڵی و خراپ بەکارھێنانەی لە دەسەڵاتدا کراوە.

ئەگەر دەشڵێت، من دەسەڵاتم بەسەر زۆر شوێندا نییە، ئەمە گەورەترین فەشەلی حکومڕانییە کە پێویستی بەوەیە دەست لەکار بکێشێتەوە و حکومەت بسپێرێ بەکەسانێک کە دەتوانن ئەو کارە بەزیادەوە بکەن.

بەڵام لەڕاستیدا خۆیان ڕێککەوتون بۆ بەردەوامیدان بەم دۆخە خراپە!

لێرەش بەھەمان شێوە بەرپرسی یەکەمی حزبی دەسەڵاتخواز کە یەکێتییە، بەرپرسی یەکەمی ھەموو ئەو قاچاخچێتیکردن و ناشەفافیەتی لەداھاتی ناوخۆ و خاڵە سنوریەکانە و ھەموو ئەو چەتەگەریی و خەڵک ڕوتاندنەوەیە لە ئەستۆی ئەوانە، ئەگەر دەڵێن ئەوە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، ئەوا نیشانەی فاشلی و بێتوانایانە و پێویستە یان رێگری لێبکەن یان دەست لەکاربکێشنەوە!

بەڵام لە ڕاستیدا خۆشیان بەشێکن لەو ڕاو و رووت و بەتاڵانبردنەی لەم سنورەدا دەکرێت.

بە نمونە، مامۆستایەکی ھاوڕێم بۆی باسکردم وتی ڕۆژی ١٧ / ١٠ ئەمساڵ لەکەرکوک ھاتمەوە بە پیکابێک، چوار سەلاجەم کڕیبوو بۆ دوکانەکەم بۆ فرۆشتن، گەیشتمە خاڵی پشکنینی بانی مەقان دوو کەس بەجلی مەدەنی ڕایانگرتین وتیان پارەی (سۆنەر)مان بدەنێ.

وتم بۆچی کوا سۆنەری چی؟

وتیان ئەگەر نەیدەیت نایەڵین بڕۆی، ناچار وتم باشە چەندە؟ وتیان، توێتا دە ھەزار بۆ لۆری بیست و پێنج ھەزارە.

داوای وەێلم لێکردن وتیان ھەروایە وەێڵی نییە!

وتم باشە ئەم پارانە بۆ کوێ و بۆ گیرفانی چ بەرپرسێک دەچێت؟

زۆری لەسەر بڕۆشتمایە دەشیانگرتم.

بۆیە زۆر لەسەری نەڕۆشتم و سەرانەکەی خۆم دا.

جا ئەمە نمونەیەکی بچوکی ئەو تاڵانی و خەڵک ڕوتاندنەوەیە کە یەکێتی و پارتی لەسەرەوە تا خوارەوە دەستیان تیایدایە!