سەردێڕ:

تیرۆر قاچاخچێتی دزی، دەسەڵاتێک بە ڕەفتار مافیا!

9/17/2020 4:02:19 PM
4405 جار خوێندراوەتەوە
تەها ئەحمەد
+ -

تیرۆر ئەگەر کەسێک یان گروپێک ئەنجامی بدەن، زۆر جێگەی نیگەرانی و ترسێکی گەورە نییە، لەبەرئەوەی کارەکانیان سنوردار و زوو دەتوانرێت ئاشکرا بکرێت و لەناو ببرێت و زۆر بەردەوام نابێت.

مەترسی گەورەی تیرۆر ئەوکاتە زۆر مەترسیدارە کە لەلایەن حکومەت و دەسەڵاتەکانەوە پەیڕەو بکرێت لەبەرئەوەی کارە ترۆریستیەکانی ئەو دەسەڵاتە زۆرتر دەخایەنێت و ھیچ کارێکی تیرۆر و تۆقاندن کە ئەنجام دەدرێت ناتوانرێت ئاشکرا بکرێت، کەیسەکانیان بە داخراویی دەمێنێتەوە ھەتا ئەو دەسەڵاتە لەسەر کورسی حوکم بکات.

سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە، کاوە گەرمیانی، ویداد حسێن، تاریقی بەقاڵ، ئامانج بابانی، مامۆستا وشیار شەھیدانی حەڤدەی شوبات و ڕۆژانی دوایی، لیستەکە درێژە و کراوەیە و بەردەوامشە.

ھەموو ئەم تیرۆر و تەسفیەکردنانە کە لەلایەن کەسانی سەر بە دەسەڵات ئەنجام دراون تا ئێستا حکومەت بکەری یەک کاری تیرۆریستی ئاشکرا نەکردوە!

تا ئێستا کەیسەکانیان بە داخراوی ماوەتەوە، تا بکەری ئەم کارە تیرۆریستیانە لەدەسەڵاتدابن دەسەڵات پشتگیریان لێبکات ھەر بەداخراویش دەمێنێتەوە.

خوشکەکەی تاریقی بەقاڵ لە بەردەم کەناڵەکاندا وتی: تاوانبارەکان  لەناو مەحکەمە و لەبەردەم حاکم وتویانە ئێمە تاریقی بەقاڵمان نەکوشتوە (پێدەچێت وابێت!) لەژێر ئەشکەنجەیا وتومانە ئێمە کوشتومانە!

باشە ئەگەر ئەمان نەیانکوشتوە، ئەی کێ شوێنی شاردنەوەی تەرمەکەی تاریقی بەقاڵی زانی و چون لەوشوێنەدا تەرمەکەیان دەرھێنایەوە!
ئەم قسەیە دانپیانانێکی مەترسیدارە، ئەم باندە تاوانەکانی تریان ڕەت نەکردووەتەوە، تەنیا ئەم تاوانە نەبێت!

ھەر لەم قسەیەوە کارێکی خراپتر کە کەس گرنگی پێنەدا و بەلاشیانەوە گرنگ نەبوو و ھیچ قسەیەکیشی لەسەرنەکرا، تەنانەت ڕاگەیاندنەکانیش ھیچ بەدواداچونێکیان بۆ ئەم قسە مەترسیدارانە نەکرد، بوونی ئەشکەنجە لە بەندیخانەکان، ئەم قسەیەش لەبەردەم دادگا و حاکم دەوترێت بەبێ ئەوەی حاکمێک بەدواداچون بۆ ئەم کارە قێزەونەی دەزگا ئەمنیەکان بکات، بیسەلمێنێت ئایا بەڕاست ئەشکەنجەدان لە زیندانەکان بوونی ھەیە یان نەخێر بوونی نییە؟

بەداخەوە دادگاکانیشمان بونەتە بەشێک لەو سیستمە فاشی و قەمعیەی لەپێناو مانەوەی خۆی ئامادەیە ھەموو کارێکی تیرۆر و تۆقاندن و ئەشکەنجەدان ئەنجام بدات.

دەسەڵاتی قاچاخچی!

ئەمیش بەھەمان شێوە، کاری قاچاخچێتی ئەگەر کەسێک یان چەند کەسێک ئەنجامی بدەن زۆر مەترسیدار نیە و دەتوانرێت بە ئاسانی ڕێگەی لێبگیرێت و کاریگەری زۆر خراپ و مەترسیداری نییە لەسەر ئاسایشی ئابوری وڵات، بەڵام کاتێک کەسانی دەسەڵاتدار بەرپرسانی حکومی و حزبی بەپشتوانی و چاوپۆشی دەزگاکانی حکومەت، دەستدەکات بە کاری قاچاخچێتی ئەوا وڵات بەرەو وێرانە دەبەن و مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی ئابوری و ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان.

ھەر لە قاچاخ بردنەدەرەوەی نەوت و سامانی گشتی وڵات و ھێنانی کاڵای قاچاخ و بەسەرچوو یاساغ تاکو قاچاخچێتی بە مادەی ھۆشبەر.
سەرەڕای ئەوەی ئەم جۆرە لە قاچاخچێتیکردنە نە ئاشکرا دەکرێت نەدەتوانرێت کۆتای پێبھێنرێت ڕۆژ بە ڕۆژیش تا دێت فراوانتر و زۆرتریش دەبێت.

ئەمەش وڵات بەرەو لێواری ھەرس دەبات، گرفتەکە کاتێک قوڵتر و وێرانکاری زیاتر دەچێت کە بەرپرس و ھێزی ئەمنی و چەکدار و ھێزی میلیشیای سەر بە حزبە دەسەڵاتدارەکان لەپشتی ئەم قاچاخچێتیەوە بن.

حکومەتێک بۆ دزیکردنیان بۆ پشتوانیکردن لە دزە گەورەکان!

ھەر کەسێک یان دەسەڵاتێک چاوپۆشی لە دزیکردن لە داھاتی گشتی بکات ئەوا بێگومان ئەویش بەشدارە لە دزیکردنەکە با ھیچیش وەرنەگرێت لەو پارە و مڵک و ماڵەی دەدزرێت.

وەک ئەوەی ئێستا دەسەڵاتداران بەڕێگای جۆراوجۆر دزی لە داھاتی گشتی دەکەن لە نەوت و داھاتی ناوخۆ و گومرگەکان و ئەو پارانەشی لە بەغدادەوە بۆ موچە دەنێردرێت بە ئاشکرا و بەڕۆژی ڕوناک و ھیچ باکیشیان بەکەس نیە، لەبەرئەوەی کۆمەڵێک کەس و لایەن پشتگیریان دەکەن و ئەوانیش بەرامبەر ئەم پشتگیریە پۆست و شتێک پارەیان پێدەدەن.

ئەم سێ خەسڵەتە تیرۆر قاچاخچێتی دزی تەنیا لە گروپە مافیاکان بونی ھەیە.

لە ڕاستیدا ئەوەی ئێستا دەسەڵاتی بەدەستە حکومەت نییە، بەڵکو گروپێکی مافیاییە و لەژێر ناوی حکومەتدا.