سەردێڕ:

سیستەمی سیاسی لە عێراقدا سیستەمێکی تەواو پەڕلەمانی نیە!

11/11/2019 10:33:08 AM
2496 جار خوێندراوەتەوە
د. بایەزید حەسەن
+ -

لە دەستووری ئێستای عێراقدا، دەقی ماددەی (١) بەم جۆرە ھاتووە:
ماددەی (١): کۆماری عێراق دەوڵەتێکی فیدڕاڵی یەکگرتووی سەربەخۆی خاوەن سەروەرییە، رژێمی حوکمڕانی تێیدا کۆماری نوێنەرایەتی ( پەرلەمانی) دیموکراسییە، ئەم دەستوورە یەکپارچەیی عێراق دەپارێزێت. 
ئەگەر لەم ماددەیە ووردببینەوە، یەکسەر ئەوەمان بۆ رووندەبێتەوە کە سیستەمی حوکمڕانی لە عێراقدا پەڕلەمانییە, بەڵام ئەگەر تەواوی دەستووری عێراق بخوێنیتەوە، بۆت دەردەکەوێت کە سیستەمی حوکمڕانی لە عێراقدا، سیستەمێکی نزیک لە پەڕلەمانیە, واتا سیستەمی پەرلەمانی تەواو نییە، بەڵکو نزیکە لە سیستەمی پەرلەمانی تەواو.

 لیژنەوەی نووسینەوەی دەستووری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥  کە ئەم دەستوورەیان نووسیوەتەوە، مەبەستیان ئەوە بووە کە سیستەمێکی حوکمڕانی تەواو پەڕلەمانی بۆ عێراق لە دەستوورەکەدا بچەسپێنن، بەڵام لە نووسینەوەی ماددەی (٦٥) سەبارەت بە ئەنجومەنی فیدڕاڵیدا، سەرکەوتوو نەبوون و مەبەستیان نەپێکاوە و سیستەمە  پەرڵەمانیەکەیان کاڵ کردۆتەوە.

پێش ئەوەی باسی ھۆی ئەم کاڵبوونەوەیە بکەین باشتر وایە دەقی ماددەی ( ٦٥)ی دەستووری ئێستای عیراق بخەینەڕوو:
دەقی ماددەی (٦٥ ): ئەنجومەنێکی یاسا دانان پێکدەھێنرێت کە بە (ئەنجومەنی فیدڕاڵی) ناودەبرێت، نوێنەرانی ھەرێم و ئەو پارێزگایانە لە خۆدەگرێت کە ناکەونە سنووری ھیچ ھەرێمێکەوە، پێکھاتە و مەرجەکانی ئەندامێتی و بواری تایبەتیمەندی ئەم ئەنجومەنە و ھەرچی پەیوەندیدارە بەم بوارەوە بە یاسا رێکدەخرێت بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ٢\٣ دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران.
سیستەمی پەڕلەمانی چەند خەسڵەتێکی ھەیە، یەکێک لەوانە ئەوەیە دەبێت دەسەڵاتی یاسا دانان لە لایەن دوو دەستە یان ئەنجومەن پێکبێت ( یان پێیدەڵێن دوو ژوور) ئەوانیش ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی فیدراڵین. ئەنجومەنی فیدراڵییەکە لە ھەندێک وڵات ناوی جیاوازی ھەیە، وەکو لە بەریتانیا بە ئەنجومەنی لۆردەکان، لە ئەمەریکا و فەڕەنسا بە ئەنجومەنی پیران و لە ھەندێک دەوڵەتی عەرەبیش بە ئەنجومەنی ئەعیان ناودەبرێت. ھەرچەندە سیستەمی حوکمڕانی  لە ئەمەریکا سیستەمی سەرۆکایەتییە و لە فەرەنسا نیمچە سەرۆکایەتییە بەڵام دەسەڵاتی یاسادانەکەیان ھەر لە دوو ئەنجومەن پێکدێت وەک لەسەرەوە ئاماژەیان پێکراوە.

لە ئێستادا لە عێراق دەسەڵاتی یاسادانان، لە جیاتی ئەوەی وەک دەوڵەتانی جیھان لە دوو ئەنجومەن پێک بێت، لە یەک ئەنجومەن یان دەستە  پێکدێت، ئەویش ئەنجومەنی نوێنەرانە. راستە لە دەقی ماددەی ( ٦٥ )ی دەستووردا ھاتووە کە دەبێت ئەنجومەنێکی یاسادانان بەناوی ئەنجومەنی فیدڕاڵی دابمەزرێت و نوێنەرانی ھەرێم و ئەو پارێزگایانەی تێدا بێت کە لە ھەرێمدا رێکنەخراون، بەڵام ئەم ئەنجومەنە ئەگەر دروستیش بکرێت ئەنجومەنێکی یاسایی دەبێت نەک ئەنجومەنێکی دەستووری چونکە ئەم ئەنجومەنە بەپێی دەقێکی یاسایی پێکدەھێنرێت کە ئەنجومەنی نوێنەران دەریدەکات. واتا ئەنجومەنەکە ئەنجومەنێکی یاسایی دەبێت نەک ئەنجومەنێکی دەستووری. لێرەدا کە دەڵێین ئەنجومەنە فیدڕاڵییەکە ئەنجومەنێکی یاسایی دەبێت، مەبەست ئەوەیە ئەنجومەنەکە ھێز و شەرعیەتی لەو یاسایە وەردەگرێت کە ئەنجومەنی نوێنەران دەریکات و پێی پێکدەھێنرێت، نەوەک لە دەستوور. بێگومان وەک لە بڕگەی یەکەمی ماددەی (١٣) دەستووردا ھاتووە، ئەم دەستوورە بە یاسای ھەرە بەرز دادەنرێت لە عێراقدا، پێویستە لە ھەموو شوێنێکی عێراقدا پابەندبن پێوەی بەبێ جیاوازی. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە دەستوور باڵادەستە بەسەر یاسادا.

کەواتە ئەگەر بەپێی ماددەی (٦٥)ی دەستوور، یاسای پێکھێنانی ئەنجومەنی فیدڕاڵی دەربکرێت و بەگوێرەی ئەم یاسایە ئەم ئەنجومەنی فیدڕاڵییە پێکبھێنرێت، ئەوا ئەم ئەنجومەنە وەک ئەنجومەنێکی نادەستووری دەمێنێتەوە و ئەگەری ئەوە ھەیە ئەنجومەنی نوێنەران، گۆڕانکاری بەسەر ئەم ئەنجومەنی فیدڕاڵییەدا بھێنێت یاخود ھەڵیوەشێنێتەوە چونکە یاساکەی لەژێر رکێفی ئەنجومەنی نوێنەراندا دەبێت، ئەمانەش لاوازی ئەنجومەنی فیدڕاڵییەکە بەرامبەر ئەنجومەنی نوێنەران دەردەخەن.
لێرەدا نازانرێت کە ئایا لیژنەی نووسینەوە دەستووری ٢٠٠٥ بە مەبەست تەنیا ماددەی ( ٦٥)ی بۆ پێکھێنانی ئەنجومەنی فیدڕاڵی تەرخانکردووە تاکو ئەم ئەنجومەنە فیدڕاڵییە ھێزی دەستووری نەبێت و سیستەمە پەڕلەمانیەکەی عێراق لاواز بێت یاخود درکیان بەوە نەکردووە، چونکە ئەگەر تەماشای ماددەکانی ئەم دەستوورە بکەین سەبارەت بە ئەنجومەنی نوێنەران دەبینین کە لە ماددەی (٤٩ )ەوە تاکو ماددەی ( ٦٤ )، واتا ١٦ ماددە، بۆ ئەم ئەنجومەنە تەرخانکراوە بۆ چۆنییەتی پێکھێنان و ژمارەی ئەندامانی و مەرجەکانی ئەندامان و کاروچالاکی و دەسەڵات و ماوەی خولەکانی و پەیوەندییەکانی بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەرییەوە.

تاکو ئێستا کە چواردە ساڵ بەسەر دەرچوونی دەستووری عێراقی  ساڵی ٢٠٠٥دا تێدەپەڕێت، لایەنە سیاسییەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر دەرچواندنی یاسای ئەنجومەنی فیدڕاڵی رێکنەکەوتوون، دوور نییە یەکێک لەو ھۆکارانەی تا ئیستا ئەنجومەنی نوینەران یاسای ئەنجومەنی فیدڕاڵی دەرنەکردووە بۆ دروستکردنی ئەنجومەنە فیدڕاڵییەکە، سروشتی ئەندامانی ئەنجومەنەکە بێت کە نەیانەوێت ئەنجومەنێکی تر لە تەنیشت یان سەروی ئەنجومەنی نوینەرانەوە ھەبێت کە خاوەنی دەسەڵاتی یاسادانان بێت یان رێگری لەو یاسایانە بکات کە ئەنجومەنی نوێنەران دەیان دەکەن. ئەگەر لەم دەستوورەدا وەکو ئەنجومەنی نوێنەران چەند ماددەیەک بۆ ئەنجومەنی فیدڕاڵی تەرخان کرابایە کە چۆنییەتی پێکھێنان و نوێنەرایەتیکردنی ھەرێم و پارێزگاکان و ژمارەی ئەندامان و مەرجەکانی ئەندامان و کاروچالاکی و دەسەڵاتەکانی تێیاندا بە وردی دیاریکرابان، ئەوا ئەگەری ئەوە ھەبوو دەمێک بوو ئەم ئەنجومەنە بە گوێرەی ماددەکانی دەستوور پێکھێنرابایە چونکە ئەم لایەنە سیاسییانە نەیاندەتوانی ئەو داخوازییانەیان کە لەماددەکانی دەستووردا سەبارەت بە  پێکھێنانی ئەنجومەنی فیدڕاڵییەکەدا نەبن، لە ناو چوارچێوەی ئەنجومەنەکەدا جێگایان بکەنەوە.

ئێستا لە عێراق، لە نەبوونی ئەنجومەنی فیدڕاڵیدا، ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ بە پڕۆژە یاسایەک بدات ئەوا یەکسەر دەنێردرێت بۆ سەرۆککۆمار بۆ پەسەندکردنی پاشان دەنێردرێت بۆ بڵاوکردنەوەی لە وەقایعی عێراقیدا و کە بڵاوبۆوە دەبێت بە یاسا و کاریپێدەکرێت. ئەگەر سەرۆککۆمار لە ماوەی پانزە رۆژ لە بەدەستگەیشتنی پڕۆژە یاساکە واژۆ نەکات ئەوا بەگوێرەی دەستوور ھەر بە پەسەندکراو دەژمێردرێت. بەم پێودانگە ھەموو پڕۆژە یاسایەک دوای پەسەندکردنی لە ئەنجومەنی نوێنەران، ھیچ دەزگایەک نیە جگە لە دادگای باڵای فیدڕاڵی کە لایەنێک یان ھەرێمێک یاخود پارێزگایەک پەنای بۆبەرێت بۆ گەڕاندنەوەی پڕۆژە یاساکە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران ئەگەر نادادپەروەی یان ماف خورانی ئەو لایەنەی تێدابێت بۆ ئەوەی ئەم ناداپەروەرییە یان ماف خورانە لە پڕۆژە یاساکەدا لاببرێت.

لێرەدا گرنگی ھەبوونی ئەنجومەنی فیدڕاڵی دەردەکەوێت کە دەسەڵاتی رەتکردنەوەی پڕۆژە یاساکان و گەراندنەوەی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران ھەیە جگە لە زۆر دەسەڵاتی تر لەوانە پارێزگاریکردن لە مافەکانی ھەرێم و پارێزگاکان. ئێستا تەنیا شوێنێک کە پەنای بۆبرێت بۆ تانەدان لە یاسایەک دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقە. بێگومان تانەدانەکەش دوای بڵابوونەوەی یاساکە لە وەقاییعی عێراقی و کارپیکردنی دەبێت.

ئێستا لە ئەنجومەرانی نوێنەرانی عێراقدا، لیژنەیەک لە ھەژدە ئەندامی ئەنجومەنەکە دروستکراوە بۆ ھەموارکردنەوەی دەستووری عێراق. دواتر ئەنجومەنی نوێنەران سێ ئەندامی کوردی تری بۆ لیژنەکە زیاد کرد و ژمارەی ئەندامانی لیژنەکە بوو بە بیست و یەک ئەندام. لە ئەگەری ھەموارکردنەوەی دەستوورەکەدا، پێموایە دەبێت لیژنەکە گرنگییەکی زۆر بە ئەنجومەنی فیدڕاڵییەکەدا بدات و چەند ماددەیەکی ناو دەستوورەکە بۆ نوسینەوەی ئەنجومەنی فیدڕاڵی دابنێت، دەربارەی چونیەتی پێکھێنانی ئەنجومەنەکە و مەرج و کار و پسپۆڕی و دەسەلاتەکانی.

ئەم خاڵانەی خوارەوە  کە گرنگن لەناو ماددەکانی ئەنجومەنی فیدڕاڵیدا جێگایان بکرێتەوە: 
١- هەر پارێزگایەکی عێراق، ئینجا ئەگەر ئەو پارێزگایە لەدەرەوەی سنووری  هەرێمێکدا بێت یان لەناو سنووری هەرێمێکەدا بێت، دوو نوێنەر یان سێ نوێنەری لە ئەنجومەنی فیدڕاڵیدا بێت، لە ئەمەریکا هەر ویلایەتێک ژمارەی دانیشتوانی زۆر بیت یان کەم بێت هەر دوو نوێنەری لە ئەنجومەنی فیدڕالێدا هەیە.
٢- ھەڵبژاردنی نوێنەرەکان لە پارێزگاکان لەلایەن دانیشتوانی پارێزگاکان بە دەنگدانی گشتی نھینی پارێزگاکە بێت. دەسەڵاتی جێبەجێکردن وەکو سەرۆککۆمار یان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆیان نەبێت نوێنەری زیاتر بۆ ئەنجومەنەکە زیاد بکەن.
٣- دەرکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنەکە لەسەر ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە کارو پسپۆڕی ئەنجومەنەکەوە، بەتایبەتی ئەو بڕیارانەی چارەنوسسازن بۆ ھەرێم یان پارێزگاکان، بە زۆرینەی رەھا بێت بەو مەرجەی نوێنەرانی سێ پارێزگا یان زیاتر رەتی نەکەوە.

ئەم دەستوورەی ئێستای عێراق کەموکورتی و کەلێنی زۆری تێدایە و ھەندێک لە ماددەکانی وا نووسراونەوە کە ھەر لایەنە و لەبەر رۆشنایی بەرژەوەندی خۆی لێکدانەوەی بۆ دەکات. لەبەرئەوە پێویستە دەستوورەکە ھەمواربکرێتەوە بۆ نەھێشتنی ئەم کەموکورتی و کەلێن و ناڕوونییانەی لە ماددەکانیدا ھەن بەڵام لە کەشێکی پڕ ئارامی و تەبایی و ھەبوونی متمانە لە نێوان پێکھاتەکانی عێراقدا و دوور لەوەی دەست بۆ مافە بنەڕەتییەکانی ھەرێم  ببرێت و بۆ کەمکرنەوەیان.
 تەبایی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم و ھەروەھا ئەنجامدانی چاکسازییەکی بنەڕەتی لە ھەموو جومگەکانی بەڕیوەبردنی ھەرێمدا و ھەبوونی شەفافیەت و دادی کۆمەڵایەتی و ئازادی بیروڕا دەبڕین و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەھەدەرنەدانی سامانی گشتی، ھەموو ئەوانە یەکڕیزی لەناو ھەرێمدا دروست دەکەن و ھەڵوێستی ھەرێم  بەرامبەر لایەنە عێراقیەکانی تر لە ھەموارکردنەوەی دەستووری عێراقدا بەھێز دەکەن. هەروەکو لە وتاری پێشوم باسم کرد، ھەموارکردنەوەی دەستووری ئیستای عێراق کارێکی ئاسان نیە، بەڵام دەبێت کورد ئەگەرەکانی ھەموارکردنەوەکەی بە ھەند وەربگرێت و خۆی بۆ ئامادە بکات.