سەردێڕ:

ئیسلامی فەڕەنسی

10/29/2020 7:43:24 PM
7515 جار خوێندراوەتەوە
پەیکار عوسمان
+ -

"ھەموو" ھی خودایە و خوداش ھی "ھەمووە". ئەوەی کە خودا قۆرخکەیت و  پێتوابێ بەس ھی تۆیە، ئەوە بۆ ئەوەیە کە "ھەموو" داگیرکەیت. ئەمەش نەزعەیەکی تەواو داگیرکاریی و سوڵتەوییە و پەیوەندییەکی بە دین و خوداوە نیە. کاتێکیش کە ئەمە ئەبێت بە دین، ئیتر پێمانخۆشبێ یان نا، ئەو دینە لە قەیراندایە، چونکە وانییەیەک بووە بە وایە، وایەیەکی موقەدەسیش!

- ھەموو پێغەمبەرێک، بۆ دژایەتی جەھلێکی موقەدەس و دۆخێکی چەقبەستوو ھاتووە. کە دواتر ئەم ھەوڵەی ئەویش، لەلایەن سێکوچکەی (سوڵتە و کەھەنە و مێگەلەوە) دیسان ھەر کراوەتەوە بە جەھلی موقەدەس و ھەر کراوەتەوە بە دۆخێکی چەقبەستوو. ئا ئەمەش ناونراوە "دین" و دەساودەس دەگوازرێتەوە بۆ نەوەکانی دواتر. دەی ئا ئەمە، ڕێک ئەو شتەیە کە پێغەمبەرەکە بۆ لێدانی ھات و کە  قورئانیش لە دنیایەک ئایەتدا نەھی لێکردوە. دەی تۆ پێتخۆشبێ یان نا، ئەم ئیسلامە حازرییەی کە ھەیە، رێک لەو دۆخەدایە و ھەموو ئەو ئایەتانە شمولی ئەکات!

- ھەموو دینێک ھاتووە بۆ لێدان لە ڕووکەشێکی موقەدەسی بەتاڵ لە جەوھەرێکی باڵا. کە دواتر خۆشی "لەناو مانا جەماعییەکاندا" ھەر بووەتەوە بەوە. جەوھەری باڵای دینیش، مانایەکە، کە تەنیا "فەرد" دەتوانێ پێی بگات، بۆیە حساب و کتابیش فەردییە و جەماعی نیە!

یەعنی تۆ خۆت و لە ئێستادا و ھەر بە عەقڵ و ھۆش و پێدراوە ناوەکییەکانی خۆت، دەتوانی لەمسی جەوھەری باڵا بکەیت، نەک بە زۆرینە و پێشینە و دوێنێ و توراس و ئابائی ئەوەلین، کە لایەکی قورئان زەمی ئەوانەیە.

- چەنێک لە ئاشتیدا بیت، ئەونە خوات ناسیوە و چەنێکیش خوات ناسیبێ ئەونە لە ئاشتیدایت. ئەوەی کە دەتکات بە بۆمبی رق و دەتخاتە سەنگەری جیاکارییەوە، ئەوە دین خۆی نیە، ئەوە رێک عەکسەکەیەتی بەس لە بەرگی ئەودا. ئاخر "جیاوازیی" سونەتی کەون و ئایەتی خوایە و بۆ ئاشتی و پێکەوەژیانە، بەڵام "جیاکاریی" کاری سوڵتە و کەھەنە و ئایدۆلۆژیاکانە، بۆ رق و شەڕ و یەکترسڕینەوە و ھەژمونکارییە.
- جەوھەری دین، مەسەلەی ئەخلاق و چۆنێتییە، نەک بابەتی ژمارە و چەندێتی. "چەندێتی" پێوەری مادییە و "چونێتی" پێوەری مەعنەوییە. دینیش، "ڕاستەقینەکەی" سەر بە ناوچەی مەعنەوی و چۆنێتییە و "موزەییەفەکەی" سەر بە ناوچەی مادی و چەندێتییە. ئیسلام بە ژمارەی موسوڵمانەکان و بە رووبەری وڵاتە ئیسلامییەکان ناپێورێ. ژمارە و ڕووبەر و قەبارە، پێوەری مادە و سوڵتە و ھێزە، نەک پێوەری مەعنەوی و ئەخلاقی و خودایی. ئەو ئینحیراف و ھەڵگەڕانەوەیەش کە لە دیندا ڕوویداوە، ئەوەیە کە شتەکە تەواو مادی و چەندێتی کراوەتەوە و پەیوەندییەکی بە چۆنێتییەوە نەماوە. 

- ئەگەر ڕیفۆمێکی دینیش بکرێ، ھەر بەوە دەکرێ، کە کۆی توراس و دەقە دینییەکان، بە پێوەری چۆنێتی راڤە بکرێنەوە و تەواوی راڤە چەندێتییەکانیش بخرێنە زبڵدانەوە. ئەمەش رێک یەعنی فڕێدانی سەدا نەوەدی ئەو ئیسلامە حازرییەی کە ھەیە. کە ئیسلامێکی سیاسی و چەندێتییە و ھەر لە معاویە و ئومەوی و عەباسیییەوە نا، بەڵکو ھەر لە ئەبوبەکرەوە دەست پێدەکات، تاکو سەلەفی و ئیخوان و ئەردۆغان و ئەمانەی ئێستا. جا گرنگە بزانیت، ئەمەی کە ھەیە، ئیسلامی تۆ نیە و شەڕەکانیشی شەڕی تۆ نین، چونکە ئەمە ئیسلامێکی چەندەکی و ھێزەکییە نەک ئیسلامێکی ئەخلاقی و چۆنەکی. دواتر ئیسلام فۆڕمێک نیە کە ھی تۆ بێت و ھی ئەو نەبێت، تاکو شەڕی بۆ بکەیت. بەڵکو ئیسلام جەوھەرێکە کە ئەسڵەن رەنگە رێژەیەکی زیاتری لای ئەو بێت! 

- عیبادەت بەو شکڵ و تێگەیشتنەی کە ھەیە، گەورەترین سوکایەتییە بە خوا، چونکە بە بتکردنی خوایە. پێغەمبەر بۆیە دژی بتپەرستی بوو، چونکە تەسلیمبوونە بە جەھالەتێکی جەماعی موقەدەس، کە دەساسودەس ھاتووە و شتەکە لە دەرەوەی ئاگایی ئینساندایە و کەس ناپرسێ بۆ. دەی کورتکردنەوەی دین لە عیبادەت و کورتکردنەوەی عیبادەتیش لەو شەعایر و شتە جەماعییە شکڵییانەدا کە ھەیە و خەڵکی پێ ڕاو دەکرێ، ئەمە رێک بە بتکردنی خودا و بە مێگەلکردنی ئینسانە. پەیوەندی راستەقینەی ئێمە و خوداش، ئەوەیە کە، فەردی و ئازادانە و ئاگایانەبێت و لێرەدا ئەو خوادایە و تۆش مرۆڤیت. بەڵام کە جەماعی و تەقلیدی و مێگەلانەبوو، ئیتر ئەو بتەو تۆش بتپەرست. (ھەر بۆ زانیاریت لەم ئیسلامەی ئێستادا، خودا تەنانەت بتەکەش نیە، بەڵکو موحەمەدە داتاشراوەکەی ناو توراس، خۆی خواکەیە و بتەکەیە!)  

- چاکبوون بەرزترین ڤێرژنی مرۆڤە و مرۆڤیش بۆ ئەوەی چاک بێت، جگە لە چاکە خۆی، پێویستی بە ھیچی تر نیە. چونکە جگە لە چاکە خۆی، ھیچی تر نایگەیەنێت بە چاکبوون. دینیش بۆ چاکبوونە نەکئەوەی لە چاکبوون بەرزتر بێت، یان بەدیلی چاکبوون بێت. چاکبوون پەیوەندییەکی ئاسۆیی تۆیە لەگەڵ دەوروبەر و ئەوانیتر. پەیوەندی ستونییش لەگەڵ خودا، بەو ھێڵە ئاسۆییەدا دەڕوات. جا ئەو فکر و ئایدۆلۆژیایەی، کە ساحە ئاسۆییەکەت بۆ کاول دەکات و لە ساحەی چاکبوونەوە بۆت دەکات بە ساحەی شەڕ، ئەوە رێک پەیوەندییە ستونییەکەشت کاول دەکات و ئێرە و ئەوێشت فت!
- ئیخوان و تورکیا شەڕی نفوز و بەرژەوەندی خۆیان دەکەن و فەرەنسا و ماکرۆنیش بە ھەمان شێوە. تورکیا دەیەوێ زەعیمی دنیای ئیسلامی بێ و فەرەنساش دەیەوێ زەعیمی دنیای ئەوروپی بێت. دەشێ ھەمان نەخۆشیی ئەردۆغان و پۆتین بۆ زەعامەت، لای ماکرۆن و ترەمپیش ھەبێ و ئا لێرەوەیە کە ئەمانیش دەست بۆ سیاسەتی وروژاندن دەبەن و سڵ لە مەسەلە ھەستیارەکانیش ناکەنەوە!

- پەرستگا دەزگای دەوڵەتە و کاھین پیاوی دەوڵەتە. وەکچۆن مزگەوت و مەلای تۆ، سەر بە ئەوقاف و حکومەتی خۆتە، وەکچۆن ناکرێ کەنیسە و قەشەی تورکیا سەر فەرەنسا بێت، ئاواش ناکرێ مەلا و مزگەوتی فەرەنساش سەر بە شوێنی تر بێت و لە دەرەوەی سیاسەت و بەرژەوەندی فەرەنسادا بێت. لێرەدا رێکخستنی ژیانی دینی لە فەرەنسا، مافی دەوڵەتی فەرەنسایە و کارێکی ئاساییە، ئەگەر تەنیا ڕێکخستن بێت و رێگری و پێشێلی ئازادی نەبێت. بەڵێ فەرەنساش مافی خۆیەتی "ئیسلامی فەرەنسی" بەرھەمبھێنێ، وەکچۆن ئیسلامی تورکی و ئێرانی و سعودی ھەیە، وەکچۆن ئیسلامی کوردیش پێویستە ھەبێ و چیتر لەرێگەی ئیخوان و سەلەفییەتەوە نەبینە بەشێک لە ئیسلامی ئەوانیتر و لەوێشەوە بکرێینەوە بە دوژمنی خۆمان! 

- لەنێوان ھەموو فۆڕمە جەماعی و سیاسی و دەوڵەتییەکانی ئیسلامیشدا، ئیسلامی تۆ، با تەنیا چاکبوون و مرۆڤبوونی فەردی خۆت بێت و تەنیا لەوێشەوە پشتیوانی یان دژایەتی فۆڕمێک لە فۆڕمەکان بکە، نەک لە زەلکاوەکانی ئایدۆلۆژیا، لە مەنھۆڵەکانی مێژوو، لە گێژاوەکانی سیاسەت و بەرژەوەندی، لە تاریکستانی جەھلی مورەکەب و موقەدەسەوە! 
- ئازادی دینی لە فەرەنسا و ئەوروپا، بۆشاییەکی دروستکردوە، کە ئیسلامی سعودی و ئیسلامی ئیخوانی و ئیسلامی تورکی، ئیستغلالیانکردوە و پڕیانکردووەتەوە. ئاخر لەلایەک فەرەنسا خۆی، تەمویل و تەداخولی دین ناکات. لەلایەکیش ئەمانە پارەیان ھەیە و توانای تەمویلی پەرستگا و دامەزراوەیان ھەیە و تەداخولەکە دەکەن. کاتێکیش فەرەنسا ھەست بەم بۆشاییە دەکات و دەیەوێ بە ئیسلامێکی خۆی پڕیکاتەوە، ئەمە ھەر ئەوەیە کە ھەموو دەوڵەتێک لەو مەوقیفەدا دەیکات. ئەمە ھەر ئەوەیە کە تورکیا کردی و فۆڕمە دینییەکەی گوڵەنییەکانی قەدەغەکرد کە ھەر ئیسلامیشن. یەعنی لەڕاستیدا ئەمە شەڕە لەگەڵ فۆڕمێکی دین، نەک لەگەڵ خودی دین. بەڵام ئیتر فۆڕمە زیانلێکەوتووەکە ھاواری لێھەڵدەستێت و شتەکەت لێدەکات بە شەڕی خودی دین و ئەمەش ئاساییە، چونکە ئەو پێشتر خۆی یەکسانکردوە بە دین و لەئەساسەوە تیجارەتەکەی لەسەر ئەوە دامەزراندوە!
- توندڕەوییە دژەکان، دوو ڕووی یەک دراون و ھێز و گەشە لە یەکتری وەردەگرن. مەلەسەن لە ئێستای ئەوروپادا، ڕاسیست و ڕاستی توندڕەو، ھێزی خۆی لە ئیسلامی توندڕەو وەردەگرێت. ھەرکامیان گەشەبکات، ئەویتریش گەشەدەکات و ھەرکامیشیان پاشەکشێ بکات، ئەویتریش پاشەکشێ دەکات. بۆیە ئەو بەشەی رێکارە دینییەکانی فەرەنسا، کە پاشەکشێیە بە ئیسلامی توندڕەو، خێری تیایە و لە بەرژەوەندی ھەمووان و پێکەوەژیانە و دەستیان خۆشبێ. ئەو بەشەشی کە وروژاندن و سوکایەتی و بەرھەمھێنانی رق و ئیسلامۆفۆبیایە، فیتنەیە و زەرەری ھەمووانە و دەستیان بشکێ. 

- کاتێ تۆی مسوڵمان، لەناو پاریسدا، بە ھەمان عەقڵیەتی مەسیحیی سەدەکانی ناوەڕاست بیردەکەیتەوە، ئاسایی بەرکەوتن دروستدەبێت. دەی خۆ ئەوروپییەکان شۆڕش و ڕۆشنگەرییان بۆ ئەوە نەکرد کە کەنیسە بگۆڕن بە مزگەوت. ئەوان بۆ ئازادی کردیان، ھەر ئەو ئازادییەی، کە ڕێگەی داوە سەدان مزگەوت لە فەرەنسادا ھەبێ و مەسیحی و مسوڵمان و بێدین پێکەوە ھاوڵاتی یەکسان بن. دەی تۆ ناکرێ لەناو عەلمانیەتدا، فۆبیای عەلمانییەتت ھەبێ و واشبزانیت ئەوە ئەوە کە فۆبیای ئیسلامی ھەیە! نەخێر تۆ سەرەتا فۆبیاکەی خۆت ببینە، دواتر ئەوەی ئەویش وەکو خۆی ئەبینیت و دەزانیت لەکوێدا کێشەیە لەگەڵ ئیسلام و فۆبیای ئیسلام، لەکوێشدا وانیە و کێشەکە لەگەڵ ئیسلامی سیاسی و توندڕەوە نەک لەگەڵ ئیسلام و مسوڵمان!

- ھونەر و رۆژنامە و کاریکاتێریش ھەر دەکەوێتە ناو ئازادییەوە و ئەویش دەبێ ھەبێ و ڕیزلێگیراو بێت. وەلێ سوکایەتی و بڵاوکردنەوەی رق و دەمارگیری، ئەمەیان کێشەیە و بە "ئازادی" پینە ناکرێت. ئاخر رێکارە دینییەکەی فەرەنسا، ھەر بۆ کەمکردنەوەی رق و توندوتیژی باشە، دەی کە شتێک لەولاوە بێت و رق و توندوتیژی تۆخکاتەوە و ئاشتی و پێکەوەژیان بخاتە مەترسییەوە، یەعنی ھیچ. سەیرکە "ئازادی و پێکەوەژیان" پێکەوەن و نابێ لەیەک دابڕێن و بکەونە دژبەری یەک. کە دابڕان و دژبوونەوە، ئیتر نە ئازادی ئازادییە و نە پێکەوەژیان پێکەوەژیانە.

- ئیسلامییەکان خۆیان قسەیەکیان ھەیە، دەڵێن ئیسلام لە ئەوروپاوە ھەڵئەسێتەوە. ھەڵبەت ئەوان مەبەستیان زۆربوونە و شتەکە لای ئەوان پەیوەستە بە زاوزێوە. بەڵام نا، دەشێ ئەو قسەیە ڕاستبێ، بەڵام ھەستانەوەکە لە عەقڵەوە بێت نەک لە گەڵوگونەوە. یەعنی دیدی توراسی و تەقلیدی، لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا ھێندە زاڵە، کە دەسکاری ناکرێ و مەگەر لەدەرەوەی دنیای ئیسلامەوە، دیدێکی ڕەخنەیی دروستببێ و شتەکە بخاتە ژێر پرسیارەوە. دواجار ھەموو دیدێکی نوێش، پێویستی بە فەزایەکی کراوە و پشتیوانی سوڵتەیە، کە ئەو کەشە، دەشێ لە ئەوروپادا بڕەخسێ، لەکاتێکدا لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا ئەو ھەناسەیە خنکاوە.

- دواجار موحەمەدیش بۆ ئەوە ھات کە تۆ لە ئاشتی و خۆشەویستیدا بیت، نەک ئەوەی خودی ئەویش بکەیت بە کەرەستەی شەڕ و بەرھەمھێنانی ڕق. من شەڕی لەسەر ناکەم و پێشموایە بەوە، ڕێزم لە خۆم و لەویش گرتووە. چونکە ڕێزی خۆم و ئەویش، لە ئاشتیدایە نەک لە شەڕدا. ئیتر من ئەو وا دەناسم و تۆش کەیفی خۆتە.