سەردێڕ:

خۆداماڵین لە بەرپرسیارێتی

5/23/2020 3:14:12 PM
4121 جار خوێندراوەتەوە
یەعقوب کاکل
+ -

بەرپرسان و سەرانی حکومەت ھەمیشە بۆ داپۆشینی شکستە یەکلەدوایەکەکانی خۆیان پەنایان بۆ کۆمەڵێک بیانووی ئامادە و خۆشدەست و بێ بنەما بردووە، لەوانەش، دابەزینی نرخی نەوت، جەنگ و نائارامی "داعش"، بەغداد، قەرزاری، خەتابارکردنی ئەوانی تر و کۆرۆنا.

بیانووی قەرزەکان
ئەوە نزیکەی پێنج ساڵە ھەر دەڵێن ٢٧ملیار دۆلار قەرزارین! ئیتر نازانرێت ئەم قەرزە بۆ ھەر پاکتاو نەبوو! پێم وایە لەم بابەتەدا ھەندێک پەرلەمانتاریش عەڕابی شەرعاندنی ئەم بڕە خەیاڵییە بوون، کە بە زۆری زۆرداری کردوویانە بە ماڵ بەسەر ئەم میللەتەوە، جگە لەوەی ئەم بابەتە غەرقی ناشەفافیەت و ناڕوونیە، بەردەوام ئەم قسەیەش دووبارە دەکەنەوە کە مانگانە بەشێکی زۆر لە داھاتی فرۆشتنی نەوتی خاو بۆ دانەوەی قەرزی کۆمپانیاکانی بواری دەرھێنانی نەوت دەڕوات! کە پێم وایە مەسەلەی ئەم قەرزە وەک ئەوە وایە لەم گیرفانیان بیخەنەوە گیرفانەکەی تریان، یان وەک ئەو کابرا دەوڵەمەندە وان، کە جار جارە ھەر بێ ھۆ و بێ ئەوەی پێویستی بەو قەرزە بێت، دەچوو قەرزی لەم و لەو دەکرد، بۆ ئەوەی بڵێت ئەوەتا منیش وەک ئێوە قەرزارم و نەدارم! ھەموو  ئەمانەش وای کردووە، کە خەڵک تەواو بێ متمانە بووە و باوەڕ بە ڕاستییان ناکەن چ بگاتە درۆیان، ئاخر خەڵک خۆی کاسبە و لە مەیدانی کەسابەتتدا دەزانێت، کاتێک کاروکەسابەتەکەی سود و قازانج ناکات وازی لێ دێنێت، سەرانی حکومەت تاکەی دەیانەوێت خەڵک بخڵافێنن کە قەرزارن؟ لە کاتێکدا ئەو بڕە پارە خەیاڵییەی کە دەڵێن قەرزار بووین "گوایەلە ئەنجامی فرۆشتنی نەوتەوە بووە!" ئەگەر تەرخان بکرایە، ژێرخانی ئابووری ھەرێمی تەواو پێ دەبوژایەوە و کێشەی دارایی نەدەما. 

دابەزینی نرخی نەوت 
ئەوا بۆ شەش ساڵ دەچێت قەیرانی دارایی لە ھەرێم بە خەستی سەریھەڵداوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٣وە، بەشە بوودجەی ھەرێم لە ناوەند کێشەی تێدەکەوێت و دواتریش ڕادەگیرێت، دوای ئەوەش لە ھەوڵێکی زۆر شکستخواردووانەدا، سەرۆک وەزیرانی کابینەی ھەشت بڕیاری ئابوری سەربەخۆ و فرۆشتنی نەوتیان دەرکرد! بۆ دەڵێین شکستخواردوانە؟ چونکە لەکاتێکدا ئەم بڕیارە درا، لە گەرمەی جەنگی دژی داعش، نزمی نرخی نەوت، بڕانی بەشە بوودجەی ھەرێم و ئاڵۆزی پەیوەندی نێوان ھەرێم و بەغدادا بوون، لێرەوە دەمەوێت بڵێم، بە درێژایی نزیکەی چواردە ساڵ فرۆشتنی نەوت تەنھا ئەم چەند مانگەی قۆناغی کۆرۆنا و نزیەی ساڵێک لە قۆناغی جەنگی دژی داعش نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکاندا دابەزینی بە خۆوە بینیوە، ئیتر دوانزە ساڵی تر نرخی نەوت وەک دەڵێن ئاگری کردۆتەوە ئەوندە بەرز بووە،  ئەی کوا ئەو چرای خۆشگوزەرانیەی بە ھۆی نەوتەوە کە بڕیارتاندا بێتە کایەوە؟

خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی و شکست پاڵدانە لای ئەوانی تر 
یەکێکی تر لە بیانووە دووبارەکان ئەوەیە، ھەر کابینەیەکی وزاری یان وەزیرێک یان بەڕێوەبەرێک کاتێک ناتوانێت کاری ئاسایی خۆی رابپەرێنێت و سەرکەوتوو نابێت، ئەوا یەکسەر دەست دەداتە کارتی تۆمەتبارکردنی ئەوانی پێش خۆی! بۆ نمونە لە ئێستادا مەسرور بارزانی دێت بۆ داپۆشینی شکستەکانی خۆی، دەستی چەوری بە نێچیر بارزانی ئامۆزایدا دەسڕێت و تۆمەتباری دەکات بە کەڵەکەبوونی کێشە و قەیرانەکان لەسەر دەمی کابینە وزارییەکانی پێشوودا! مەعەلعیلم لە ئێستادا نێچیر بارزانیش لە پۆستێکی باڵای تردایە کە سەرۆکی ھەرێمە، ھەرچۆن خودی نێچیریش ھەندێک لە قەیرانەکانیش دەخستە ئۆباڵی کاربەدستانی پێش خۆی!

نێوانی ھەرێم و بەغداد 
بیانوویەکی تری بەردەوامیدان بە قەیران و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی ئەم خاڵەیە، ئەم پێڕی دەسەڵاتەی پارتی و یەکێتی ھەمیشە دەزوویەکی ناکۆکیان لە نێوان ھەرێم و بەغداد دا ھیشتووەتەوە، بۆ ئەوەی زوو زوو بیجوڵێنن و سەرودڵی ھاوڵاتیانی ھەرێمی پێ بگرن، کە دۆخەکەیان بە مەترسی بۆ وێنا بکەن، ئەوەتا بۆ مەسەلەی ڕادەستکردنی نەوتی ھەرێم بە غداد و فرۆشتنی لە رێگای کۆمپانیای "سۆمۆ"وە، موماتەڵەی پێوە دەکەن، کەبە پێی یاسا و دەستوور ئەو کۆمپانیایە رێگەپیدراوی حکومەتی ئیتحادییە بۆ بەبازارگەیاندنی نەوتی ھەموو عێراق، بە ھەرێمیشەوە، ئەوەش بۆ دەربازکردنی ھەرێم لە قەیرانی دارایی، بەڵام ئەمانە نایەنەوێت و مەبەستی ڕێکەوتنیان نیە و بە دانوستان و ھەڵوێستەکانیاندا دیارە یاری بەکات دەکەن.

تەنیا چارەسەریش ئەوەیە ئەم کاراکتەرە سواو و دووبارە و شکستخواردوانە لا ببرێن و سەرلەنوێ ئەم دەسەڵات و حکومەتە ڕادەستی خەڵکانی سەر ڕاست و بێ گرێ و گۆڵی دەروونی و ناکۆکی مێژوویی و شەفاف بکرێت، وە ھاوڵاتیانیش دەبێت تا ئێستا گەیشتبنە ئەو باوەڕەی کە ئومێد ھەڵچنین لەسەر ئەمانە تەنھا خەیاڵ پڵاوی و بێ ئەنجامی و گرەوکردنە لەسەر ئەسپی تۆپیو.