سەردێڕ:

دەسەڵات لە نێوان پرسیار و وەڵامدا

1/19/2021 4:59:44 PM
2774 جار خوێندراوەتەوە
ئارێز عەبدوڵا
+ -

ھەر جارێک، کە بەندە رەخنە لەسەر دیاردە، کەموکوڕی یان خەوشێکی دەسەڵات دەنوسێ چەند کەسێک بە توانجەوە لێم ئەپرسن:
- ئایا تۆ یەکێتی نیت و یەکێتیش لە دەسەڵات نییە؟

- ئایا ئێوەش بەرپرسیارنین لە پێکھێنانی ئەو سیستەمە سەقەتە و ئەو شێوە بەڕێوەبردنە؟
ئەوانەی ئەو پرسیارانە دەکەن یان ئەو توانجانە داوێن دوو بەشن، بەشێکیان سەر بەدەسەڵات و بەشەکەی تریان لە دەرەوەی دەسەڵاتن. پرسیار و توانجی ئەو کەسانەی دەرەوەی دەسەڵات بە ئاسایی وەردەگرم، بەڵام ھی ئەوانەی پابەندی دەسەڵاتن ئاسایی نییە، چونکە ئەوانە دەیانەوێ بڵێن ھەموومان وەکو یەکین، بەم شێوەیەش ئۆباڵی سەرشانی لایەنەکەی خۆیان سوکتر دەکەن.

 بەڵێ، یەکێتی لە دەسەڵاتە و لە چاکە و خراپەی ئەو وڵاتەش بەرپرسیارە، بەڵام ڕاددەی بەرپرسیاریەتیەکەی لە دوای جیابونەوەی گۆڕان و تێکچوونی ناھاوسەنگی زۆر جیاوازە لە راددەی بەرپرسیایێتی پارتی. لە لایەکی دیکەوە، باس لە ھاوپەیمانیێتی و ھاوبەشی یەکێتی و پارتی و گۆڕان دەکرێ. ئەوەش ئاساییە، بەڵام خۆ ھاوپەیمانیێتی و ھاوبەشی لە حکومەت مانای سڕینەوەی ڕەنگ و جیاوازیەکان نییە، بەڵکو ھاوپەیمانیەتیەکە بۆ مەسەلە سەرەکیەکانی بەڕێوەبردنی وڵاتە، نەک درێژەدان بە سیستمێکی باوی ماوە بەسەرچوو. واتە لەو کاتەیدا بەیەکەوە کار دەکەین پێویستە ململانێکی ئاشتیانەشمان ھەبێ، ئەویش بە پێشکەشکردنی پڕۆژە و بۆچوونی جیاواز.
بەڵێ، من لە ناو یەکێتی و یەکێتیش لە دەسەڵاتە. ئایا ئەوە پاساوێکی ڕەواییە کە یەکێتیەکان بەو ھۆکارەوە بۆ چاک و خراپی ئەم وڵاتە دەست لەسەر سنگ بن؟

بێگومان، نا، چونکە ڕاستی و دروستی ئەوەیە کە لە کوێ ھەڵە بکرێ پەنجەی بۆ درێژ بکرێ، لە کوێ گەندەڵی ھەبێ بەگژداچوونەوەش ھەبێ، لە کوێ نادادپەروەری ھەبێ بەرپەچدانەوەشی ھەبێ.

 ئەوانەی ئەو جۆرە پرسیارانەی سەرەوە دەکەن، منیش لەوان دەپرسمەوە:
- ئایا بونی ھەر حزبێک لەناو دەسەڵات پاساوێکی ڕەوایە بۆ ئەوەی ھەموو ئەندام و لایەنگرانی ئەو حزبە رەش و سپی لە یەکتری جیا نەکەنەوە؟
- ئایا ئەو سیستەمە حوکمڕانییە پێویستی بە چاکسازیەکی بنەڕەتی نییە؟
- ئایا لە ساییەی ئەو دەسەڵاتە ھەڵی یەکسان و دادپەروەری و سەروەری یاسا پایەدارن؟
ھەندیجار دەبینم گەنجێکی خێر لە خۆ نەدیوی  پارتی بەو پەڕی توندیەوە رەخنەم لێ دەگرێ و تومەتیشم بۆ دروست دەکا، وەکو ئەوەی من بەرپرسیاربم لەو نەھامەتییەی ئەو تیایدا دەژی.

 ھەندێ لە ھەڤاڵانی خۆشمان سەرزەنشتم دەکەن و دەڵێن ئەگەر تۆ وابڵێی ئەی خەڵکی تر چی!
بەدڵنیاییەوە دەسەڵات لە نێوان ئەو پرسیار و وەڵامانە پێویستی بە گۆڕانکاری و ڕاستەڕێکردنی حوکمڕانیەکی چاکە لە پێناوی تەواوی خەڵکی کوردستان، بەلایەنگرانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان و ھەموو حزبەکانی ترەوە. دیارە ئەوەش بەبێ سەربەخۆ بیرکردنەوە و رۆڵبینینی تاکەکان کارێکی مەحاڵ دەبێ.