سەردێڕ:

دابەشکردنی دەسەڵاتەکان، نەک جیاکردنەوەی پارێزگایەک!

7/2/2020 7:12:41 PM
8767 جار خوێندراوەتەوە
ئارێز عەبدوڵا
+ -

سیستمی نا ناوەندێتی  (DECENTRALIZATION)، یان لا مەرکەزیەت سەردەمیانەترین و گونجاوترین سیستمی بەڕێوەبردنە، بۆیە ئێستا زۆر بە گەرمی باسی ئەو بابەتە دەکرێ و پرۆژەی جۆراوجۆریشی لە بارەوە دەخرێنەڕوو. کەواتە دەرکەوتنی کەموکوڕییەکانی ئەزموونی دەسەڵات پێویستیی گۆڕانکاریشی بە ئاراستەی چاکسازی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان دەرخستووە. نا ناوەندێتی قسە و بۆچوونی زۆر ھەڵدەگرێ، بەڵام ناونیشانە سەرەکیەکەی شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە کارگێڕی و داراییەکانە بە پێی ڕێکاری دیاریکراو بەسەر ناوەندەکانی بەڕێوەبردن.

ھەرچەندە تا ھەنوکە ھیچ لایەنێک نکۆڵی لە پێویستی جێگیرکردنی ئەو سیستمە نەکردووە، بەڵام خواستێکی گشتگیریش بۆ دەستپێکردنی ھەنگاوەکان بەو ئاراستەیە دروست نەبووە. ئەوەی جێگای سەرنجە لێرەولەوێ لەو بارەیەوە دوو جۆر دەنگ بە یەک تۆن، بەڵام بۆ دوو مەبەستی

جیاواز دەبیسرێن:

یەکەم: دەنگێک بۆ جیاکردنەوەی سلێمانی دەبیسترێ!

دووەم: دەنگێکیش لە ھەولێرەوە بۆ تۆمەتبارکردن دەبیسترێ. 

ئەو دوو دەنگانە ھەردووکیان کۆسپ بۆ ئەو پڕۆژە نیشتیمانیە دروستدەکەن، چونکە یەکەمیان گومان و مەترسی دروستدەکا و دووەمیشیان پاساوی خۆدزینەوە.

واتە جیاکردنەوەی سلێمانی لەبەر ھەر ھۆکارێک بێ جێبەجێکردنی نا ناوەندێتی ناگەیەنێ، بەڵکو ڕەنگە ناوەندێتی چڕتریش بکاتەوە.
کاتێک ئێمە باسی سیستمی لا مەرکەزیەت دەکەین مەبەستمان ئەوەیە چیتر دەسەڵاتەکان لە ناوەند قەتیس نەکرێن، بەڵکو بەپێی ڕێکاری یاسایی گونجاو بەسەر ھەولێر، سلێمانی، دھۆک و ھەڵەبجە، لەوێشەوە بۆ سەر قەزا و ناحیەکان دابەش بکرێن و شۆڕبکرێنەوە. بە پێچەوانەوە، ھەرجۆرە جیاکارییەک بۆ پارێزگایەک لە پارێزگاکانی ھەرێم مەترسی گەورە بە دوای خۆیدا دێنێ، مەترسی نەک تەنیا بۆ سەر قەوارەی ھەرێم، بەڵکو بۆ سەر پڕۆسێسی سیاسی و دیموکراسیش لە کوردستان. 

ھەوڵدان بۆ پێشخستنی سیستمی کارگێڕیی بەڕێوەبردن ئەرکی سەرشانی ھەموو لایەنە پەیوەندیدار، پسپۆڕ و ڕۆشنبیرانە، ئەوەش بەپێی پلان و ھەماھەنگی، نەک کار و کاردانەوە.