سەردێڕ:

یەکێتی دوور لە حیکمەتەکانی مام جەلال

12/3/2020 10:13:06 PM
4975 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

ماوەیەکە کار لە پرۆژەیەک دەکەم کە ناچاری کردووم بە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا بچەمەوە،لە نێو ئەو مێژووەدا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ھەر لە سەرەتای دروست بوونیەوە لە ساڵی ١٩٦٤ کە بە جەلالی ناسراو بوون بەردەوام خۆیان و مێژوویان دووبارە کردۆتەوە.

یەکێتی لە سەرەتاوە وەک پەرچە کردار دروست بووە لە بەرامبەر پارتی و ئامانجی تەنھا سڕینەوەی پارتی و لەناوبردنی بنەماڵەی بارزانی بووە، ئێستاش نەیتوانیوە خۆی لە فکری تۆڵە کردنەوە و سڕینەوەی بەرامبەر دەرباز بکات،بۆیەشە نەتوانیویەتی و نە دەتوانی تەجاوزی پارتی بکات.

لە دوای جیابوونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی کە ئەو کات بە جەلالی ناسراو بوون،لە ساڵانی شەستەکان تا رێکەوتننامەی ١١ ئادارت ساڵی ١٩٧٠ ھەر حکومەتێک لە عێراق دروست بووبێ ئەو جەماعەتەیان بەکارھێناوە لە دژی شۆڕش و لاوازکردنی و کاڵکردنەوەی بیری کوردایەتی،لە ماوەی شەش ساڵدا سێ حکومەتی عێراقی کە بە کودەتا دەسەڵاتیان وەرگرتووە ئەو جەماعەتە بە ھەمان ئامانج و نەفەس ھەمان کاریان بۆ کردوون،بەڵام لە کۆتاییەکەیدا بەغدا پێی گوتوون کە بۆ رێکەوتن تەنھا مەلا مستەفا موخاتبی ئێمەیە و تەنھا ئەو نوێنەرایەتی گەلی کوردستان دەکات.

ئێستا یەکێتی بە ھەمان نەفس و ئامانج ھەمان کار بۆ بەغدای داگیرکەر دەکا و ھەموو جاریش روبەڕوی ھەمان ھەڵوێستی مێژوویی دەبێتەوە کە پێی دەگوترێ تۆ نوێنەرایەتی کوردستان ناکەی.

ئەوانەی لە رێگای کودەتایەکی سپی دەستیان بە سەر یەکێتی دا گرتووە و بازیان بەسەر خوێنی ھەزاران شەھید و قوربانی خەڵکانی تێکۆشەر داوە دەبی ئەو راستەقینەیان لە بەر چاوبێ کە لە یاسای فیزیادا پەرچەکردار یەکسانە بە کردار،واتا ناتوانێ تەجاوزی کردارەکە بکات،لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستانیشدا بەردەوام پارتی لە دۆخی کردار و یەکێتیش لە دۆخی پەرچەکردار بووە،بۆیە تەجاوزکردنی پارتی و بردنەوەی گرەوی سیاسی بە تەجاوزکردنی ئەو عەقلیەتە و دووبارە نەکردنەوەی مێژوو دەبێت.

یەکێتی کە بەخۆی توانای وەدیھێنانی ئامانجەکەی نەبووە دەبێ لە دوای ئەو ھەموو رووداوانە بەتایبەتی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر تێبگات کە بە ھوکاری و دەست دۆیی داگیرکەرانیش ناتوانێ بە ئامانجەکەی لە سڕینەوەی پارتی بگات،بۆیە باشترین رێگای بەردەم سەرۆکایەتی نوێی یەکێتی ئەوەیە کە بۆ حیکمەتەکانی مام جەلال بگەڕێنەوە و گوێ لەو کەسانە بگرن کە باشتر مامیان ناسیوە و لەگەڵی ژیاون و کاریان کردووە تا لە بڕیار و دەربڕینی ھەڵوێستە سیاسیەکانی یەکێتی بەشدار و کارا بن نەک سڕیان بکەن،ھەروەھا دۆستایەتی پارتی و ھەموو ھێزە کوردستانیەکان بکەنە ستراتیژیەتی کاریان و پەیوەندیان لەگەڵ ھێزگەلی داگیرکەر بۆ خانەی تاکتیک دابەزێنە خوارەوە،ئەگەر بتوانن کە باوەڕ ناکەم بتوانن چونکە بڕیار و ئیرادە لە دەستی خۆیان دانیە.