یەکێتی خڕبوونەوە یان هەڵوەرین
11/22/2020 9:03:41 PM
9616 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+
-
گرەو لە سەر دوای کۆنگرە دەکرا بۆ خۆ کۆکردنەوەی یەکێتی بەڵام وا دەرنەچوو، بەڵکو قۆناغی دوورخستنەوە و دڵشکاندنی دەیان کادیری سەرکردایەتی و ناوەندی دەستیپێکرد، کە مەلا بەختیار دوا قوربانی ئەو قۆناغەیە بەڵام دوایین قوربانی نابێت.
سڕکردنی مەلا بەختیار و سزادانی مەعنەوی رێواز فایەق و قوباد تاڵەبانی درێژکردنەوەی شەڕی نێوان کوتلەکانە، کە بەر لە کۆنگرە زۆر زەقتر بوو و ئێستا بە رووکەش کۆتایی ھاتووە، بەڵام لە ناواخندا ھەر بەردەوامە.
ھاوسەرۆکانی یەکێتی بەتایبەتی لاھور جەنگی بە بەھانەی بڕینی دەستی پارتی لە ناو یەکێتی و دوورخستنەوەی یەکێتیە دڵ زەردەکان؛ وەک شاناز برایم ئەحمەد ناوی لێنابوون، ھەروەھا ناچارکردنی پارتی کە مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ ئەودا بکەن ھەوڵی قایمترکردنی پێگەی خۆی دەدا بۆ ئەوەی وەک بڕیاردەر و کاریگەرترین کەسی ناو یەکێتی بناسرێت.
رەنگە لە بەھێزکردنەوەی ناوەندی بڕیاری یەکێتیدا لاھور جەنگی ھاوسەرۆک سەرکەوتوو بێت لەوەی ئەو بڕیار لە ھەموو شتێک بدا و لەناو یەکێتی ھیچ کەسێک نەتوانێت دژ بەو تەوژمە بزاڤ بکات، بەڵام دەرئەنجام یەکێتی وەک حیزب و دامەزراوەیەکی سیاسی باجی ئەوە دەدات.
پێدەچێت تا ئەو ناوەندی بڕیارە کە دەڕسکێ و ھاوسەرۆک بە مرازی خۆی دەگا لە ناچارکردنی پارتی لە دانیشتن لەگەڵی، ئەوە بە دەیان کادیری سەرکردە و کادیرانی ئۆرگانەکانی لێ ھەڵوەرێن و پارتی بە دڵی خۆی باوەشیان بۆ بکاتەوە و تێر کات بەخۆی بدا تا سڵاوێک لە ھاوسەرۆک دەکات.
تا ئێستا یەکێتی و ھاوسەرۆکە رژد و توندەکەی ھەنگاوێک لە دوای پارتیەوەن، پارتی پرسی سڵاوکردن و دانیشتنی راستەوخۆی لای لاھور جەنگی کردووەتە ئامانج و ستراتیژیەتی کاری دوای کۆنگرە، بەڵام لای خۆی وەک تاکتیک و پرسێکی لاوەکی ھێشتووەتەوە.