سەردێڕ:

پارتی لەگەڵ شوان شین دەکات و لەگەڵ گورگ مەڕ دەخوات

10/28/2020 6:33:30 PM
14196 جار خوێندراوەتەوە
مەحمود یاسین کوردی
+ -

دوای ئەوەی دوێنی بە یاسا شەرعییەتیان بە بڕین و دزی موچەی خەڵک لە لایەن حکومەتەوە دا ئەمڕۆ شاندێکی سێ قۆڵی بە ناوی پەرلەمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی پارتی چوونە کونسوڵخانەی فەڕەنسا بۆ پشتیوانی کردنی گەل و حکومەتی فەڕەنسا. بە کورتی پشتیوانیکردن لە بڵاوکردنەوەی بێ رێزی و کاریکاتێرە قێزەونەکانی بەشێک لە میدیایی فەڕەنسا کە ھەستی زیاتر لە ملیارێک موسڵمانی بریندار کردووە.

برادەرانی پارتی لە یەک کاتدا پڕۆژەیاسایەک بۆ دەمکوت کردنی میدیا و ئازادییەکان دەبەنە پەرلەمان کە رەخنە و لێکۆڵینەوە کردن دەربارەی ئەوانەی کە ناویان لێناوە سونبول سزای ٧ ساڵ زیندانی لەسەرە.

پارتی و ھاوئاوازەکانی لەکاتێکدا دەچن پشتیوانی ئازادی سنووربەزێنی چەند میدیایەکی فەڕەنسی دەکەن خۆیان مەلەفیان لە ئازادی و سەرکوتکردنی دەنگی جیاواز رەشە.
کونسوڵی فەڕەنسا ئاگادارە کە پارتی لە بادینان و ھەولێر دەستی بە رەشبگیری کردووە و نووسینگەکانی ئێن ئاڕ تی لە ھەولێر و دھۆک داخستووە، کابرا بێ ئاگا نییە راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە بارەی پێشێلکاری مافی مرۆڤ و داخستنی میدیا و دانە پاڵی تۆمەتی خیانەت و تیرۆر بەرامبەر رۆژنامەنووس و چالاکوان تایتڵی ئەو قۆناغەیە کە پارتی بە پشتیوانی یەکێتی و گۆڕان دەستی پێکردووە.
 
ئەو نمایشە شکستخواردووەی ئەمڕۆی پارتی وەکو ئەو کەسەیە لەگەڵ شوان شین بکات لەگەڵ گورگەکانیش مەڕ بخوات! خۆت بڕوات بە ئازادی و رادەربڕین نەبێ چۆن دەتوانی پشتیوانی ئازادی خەڵکانی دیکە بکەی.

ئەو کارانەی پارتی لە دوو شت بەدەر نییە.
یەکەم: لە بیربردنەوەی مەلەفی پێشلکاری مافی مرۆڤ و سەرکوتکردنی ئازادییەکانە لە ھەرێمی کوردستان.
دووەم: یاخود دژایەتی ھەستی زۆرینەی رەھای موسڵمانی کوردستان بە تایبەت ئەندام و لایەنگری خۆیان کە زۆربەی خەڵکی پابەندن بە ئایینی ئیسلام، حەقە ئەو خەڵکە دیندارەش لە خۆی بپرسێ لە قیامەت چ جوابی خوا و پێغەمبەرەکەی دەداتەوە کە دەنگ بە حزبێک دەدات دژایەتی ئایینەکەی دەکات؟

خەڵک زاکیرەی لاواز نییە لە بیری نەچووە برادەرانی پارتی سزای ٣٠ ساڵیان بە سەر د.کەمال سەید قادر مامۆستای زانکۆ سەپاند لەسەر لێکۆڵینەوەیەکی مێژوو لەسەر مەرحوومی مەلا مستەفا بارزانی، ئەگەر دەستێوەردانی وەزارەتی دەرەوەی نەمسا نەبوایە کە کابرا رەگەزنامەی ئەو وڵاتەی ھەبوو ھەتاوەکو ئەمڕۆش د.کەمال لە زیندان دەبوو.

برادەرانی پارتی لێکۆڵینەوەیەکی مێژووی قبوڵ نەکەن چۆن داوا لە زۆرینەی موسڵمانان دەکەن لە بەرامبەر ئەو کاریکاتێرانەی بەشێک لە میدیایی فەڕەنسی بێ دەنگ بن؟

بەداخەوە ئەوەی دەبیندرێ لەو ھەڵمەت و سوکایەتییەی بە ئیسلام و پێغەمبەرەکەی دەکرێت ململانێیەکی ئیقلیمی و دەولی و قۆستنەوەی بابەتەکە تێکەڵ بوو برادەرانی پارتیش رەچاوی ئەو دۆخەیان کردوو بۆیە جێگری سەرۆکی پەرلەمانیان ناردووەتە کونسوڵخانەی فەڕەنسا بۆ ئەوەی سبەی تورکیا نیگەرانی دەربڕێ وەکو مەوزوعەکەی حەشدی و زێباری بە (فالح فەیاز)یان گوتبوو ئەو قسانەی تەعبیر لە ئێمە ناکات!
 
٢٥ پەرلەمانتارەکەش ھەڵە بوون
گرنگە لێرە ئاماژە بەوەش بکەین کە یاداشتنی ئەو ٢٥ پەرلەمانەش بۆ کونسوڵخانەی فەڕەنسا کە دژی بێ رێزی بە پێغەمبەر (د.خ) پێشکەشیان کرد کەموکوڕی و ناتەواوی ھەبوو، چونکە ئاماژەیان بە تاوانی کوشتنی ئەو مامۆستا فەڕەنسییە نەکرد لەکاتێکدا ھاوار و توڕەی زۆربەی موسڵمانان لەسەر ئەوەیە کە بەشێک لە میدیاکانی فەڕەنسا ئەو کارە قێزەونە رابگرن و بەرپرسانی باڵای فەرەنسیش بێنە سەر خەت تاوەکو حاڵەتی تاوان و سەربڕینی مامۆستاکە چەند بارە نەبێتەوە کەچی ئەو ٢٥ پەرلەمانتارە لە بیریان کرد بوو ئاماژەی پێ بکەن.
 
گۆڕان لەگەڵ شارلی ئیبدۆیە؟
خاڵێکی دیکەش زۆر جێگای سەرەنج بوو بەلای منەوە بوونی سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان بوو کە یاوەری جێگری سەرۆکی پەرلەمان بوو بۆ کونسوڵخانەی فەڕەنسا کە ئەمەش دژایەتییەکی روون و ئاشکرای پرەنسیپەکانی کاک نەوشیروان مستەفا بوو کە ھەمیشە دەیگوت ئێمە لەگەڵ ھیچ قانون و بڕیارێک نین کە دژی سەوابتی (قەومی، ئایینی و دیموکراسی) بێت، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە لایەن گردەکەوە بە حیلەیەکی قانونی تەعین کراوە و تەمسیلی سیاسەتی رێکخەر و خانەی راپەڕاندن و کوڕەکانی کاک نەوشیروان دەکات کەواتە ئەوانیش ھاوڕای پارتی و شارلی ئیبدۆن!