سەردێڕ:

کورد لە کوێی ھاوکێشەکاندایە

11/11/2019 8:54:36 AM
5235 جار خوێندراوەتەوە
کەمال محەمەد
+ -

لە ھەلومەرجە مێژووییەکانی ئەمڕۆمان و لە دەروازەی گۆڕانکارییەکاندا ئەوەی بۆ کورد گرنگە بەکارھێنانی دەرفەت و توانستەکانە لە ژێر ڕۆشنایی و ھەڵسەنگاندنێکی بەرفراواندا ھەوڵی چارەسەری کێشەو دیاردەی کورد بدرێت ،دەشێ ھەوڵەکان وەک وەڵامێک بێت بۆ تەواوی ناوەند و دەوروبەرە پەیوەندیدارەکان کە دەرکی پێ بکرێت ،تاکو بتوانرێت کاروانی داواکارییەکانی ملیۆنان کەس بۆ ئازادی وڵات دیموکراسییەت بۆ گەل بەدەست بھێنرێت.
ئەو گۆڕانکارییانەی ڕۆژانە لە چوارچێوەی لە چوارچێوەی پڕۆژەی خۆڕھەڵاتی ناوین ھی نوێتری دێتە سەر، لێرەدا کێشەکانی ژیان ومافی چارەی تەواوی گەلانی ڕۆژھەڵاتی ناوەراست و لەسەرو ھەموشیانەوە گەلی کورد دورە لەوەی لە بەرژەوەندی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراتیزەبون دابێت، ئەمە بەرژەوەندیپەرەستی و  نەخۆشی زێدەڕۆیی و فراوانکردنی ھەژمونی ئیمپریالیستییەکانیان نیشان ئەدات ، بەردەوام دواخستنی چارەسەری کێشەی کورد دەشێ ڕێگا لە پێش ھەندێ روداو بکاتەوە کە چەندین جار لەوانەی پێش خۆی قورستر بێت و مەترسی سنوردارکردنی لە پارچە بەشکراوەکانیدا بێتە ئاراوە.
ئەمڕۆی دنیای کەپیتاڵیزم  و بەرژەوەندییەکانی زلھێزەکان ڕێگربووە لە چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەمەو جگە لە نەبونی گوتارێکی سیاسی ھاوبەش و خاوەن ستراتیژێکی واقعی ھەمیشەیی لە نێوان کوردەکان خۆیاندا ،کە نەیتوانیوە رەوایەتییەکانی خۆی بکاتە بنەمای لابەلای ڕێکەوتن و پەیوەندییەکانی وڵاتانی زلھێز و خەباتێکی جددی مێژوو سیاسەتیان ئەنجامنەداو گوتارەکانی سەربەخۆیی و یەکپارچەیی گەل رەنگی راستەقینەی بژاری ژیانی گەلێکی دەست نیشان نەکرد لێکۆڵینەوەی دیاردەی کورد لە مێژودا لە میانەی ماتریال و تواناکاری سنوردارەوە بەرێوە براوە، ھەمیشە لایەنی سۆزداری و دۆگماییان ھۆکار بوون کە کێشەکان و دۆزی کورد راستی بەدەستەوە بدەن و لە ناو زەمینەیەکی تاریکدا لەلایەن دەرورو بەرەوە حکومی لەسەر دراوە.
ئەمڕۆکەی کورد لە پارچەکانیدا پێویستە بە ئومێدی پێشکەوتنی ھاوبەش بەشدارییان لە گۆڕانکارییەکانی ئاییندەدا بکەنە بنەمای ھێزی ناسین و پێشخستنی خودی خۆیان و بیسەلمێن کە کوردانیش خاوەن بەھای خۆیانن و ئەگەر ئەو بەھایانەیان نەبوایە ئایا کوردان دەیانتوانی بەشداری شەڕی ڕزگاری جیھان بکەن لەدەست تیرۆرستان و مەترسییەکانی، بۆیە ئەگەر تا دوێنێ کوردەکان بە ئاژاوەگێڕ ئەناسێنران لەلایەن داگیرکەرانییەوە،ئەوا ئەمڕۆ کۆمەڵگای جیھانی تاڕادەیەکی زۆر پێچەوانەکەیان بۆ ڕوون بۆتەوە.
ئەگەرچی تورکیا وەک یەکێک لە وڵاتانی پاوانخوازی و ھزری داگیرکاری ئەوانەی کوردستانی گەورەیان بەسەردا دابەشکراوە ڕۆژ بەڕۆژ خەونی لە زیاد بوندایە ئەمڕۆکەی ڕۆژئاوای کوردستانی ڕوبەروی قۆناغێکی سەختی داگیرکاری و جینۆساید کردۆتەوە لە کۆمەڵگایەکی جیھانی بێ ھەڵوێستدا کەتیایدا مافەکانی مرۆڤ و ھزری دیموکراسی ئەو دو بابەتەن وەک بڵێی نەفرەتیان لێ کراوە ئەمەش نیشانی داوە کە تورکیا وسیاسەتەکانی بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ ھەمیشە رێگربون لەبەردەم خۆییبونی سیاسەت و دیبلۆماسییەتی کوردەکان لەخۆنیشاندانیاندا بەروی جیھاندا بۆئەوەی گەلی کورد نەگاتە ڕێگا چارەی راستەقینەی گەشتن. بەرەوایەتییەکانی و سود لەچێوەی سۆسیۆمێژوویی خۆی نەبینێت تادواجار لەئاستی گۆڕانکارییەکاندا بەھاو گرنگی خۆی وەربگرێتەوە ،بۆیە ھەمو خەون سیاسەتێکیان بەرامبەر بەکورد بۆدور کەوتنەوەیان بوە لە ماف و شوناسەکان کە سەردانەکەی ئەردۆغانیش بۆ ئەمریکا لەڕۆژانی داھاتودا بەشێک ئەبێت لەپلانەکانیان.
بۆ باشوریش دیاردەی کوردستانی فیدراڵ وایکردوە لەدواین پێشھات و ناڕەزایەتییەکانی گەلانی عێراق ھەلێکی زێڕین بخاتەبەردەست لایەنە سیاسی و مەزھەبییەکانی تا جارێکی دیکە ڕەچاوی دەسەڵات و پێدراوە دەستورییەکانی بکەنەوەو وەک ھەمو کات و زەمەنێک دیسانەوە ھەوڵ و لێکدانەوەی چەوت لە بەغدادەوە دەربخەنەوە ،بۆیە پێویستە پارتە سیاسیەکانی کورد بەگوێرەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کورد دەسەڵات و سیاسەتی خۆیان ڕێکبخەن و کرانەوەی ئاسۆی ھیوایان نەک تەنھا بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوین بەڵکو بۆ ھەموو جیھان جێگای تێڕامان بێت.
بۆیە ئەوەی بۆ کوردەکان گرنگە لە ھاوکێشەکانی ناوچەکە ئەوەیە سەرلەنوێ خۆیان فۆرمۆلە بکەنەوە و ھەوڵ بدەن سود لەشیکار و ئەزمونی میتۆدی مێژوو وەربگرن و لەوەدا ھەوڵ بدەن پێکەوەییان ببێتە کۆسپێک بۆ ڕودانی ھەرجۆرە گۆڕانکارییەک کە درێژە بەماوەی یەک سەدە لە چەق بەستویی بەسەر دۆزی کورد و خاکەکەیدا سەپاندوە بۆ ئەوەی دوبارە راسیزم و ناسیۆنالیزمی کوێرانە پشکی شێری قوربانیدانی پێ نەبەخشێتەوە ،بۆیە پێویستە ھەوڵدان بۆ شرۆڤەکردن و ڕونکردنەوەی ئاراستەی گۆڕانکارییەکان گرنگترین ئامانجی داھاتویان بێت تاچیدیکە توانای وەک خۆیان بیرکردنەوەو نوێنەرایەتیکردنی ئیرادەی خۆیان لەدەست نەدەنەوە لەدوبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژھەڵاتی ناوەراستدا .