سەردێڕ:

دۆستەکەی کورد لە کۆشکی سپی

1/19/2021 7:12:27 PM
2489 جار خوێندراوەتەوە
ئارام هادی
+ -

دوای دەست نیشانکردنی "برێت مەکگۆرک" وەک ڕێکخەری کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکی، نێوەندی سیاسی کوردی دابەشی سەر دووبەرەکرد، بەشێکیان خۆشحاڵن کە کورد ھاوڕێ یەکی لە کۆشکی سپی پلەیەکی باشی ھەیە و بەشەکەیتر یەکەم بە ساویلکە و نەزان دادەنێن و دەڵێن "برێت مەکگۆڕک" جگە لە ئەنجامدانی ئەجێنداکانی وڵاتەکەی ھیچیتری لێ چاوەڕوان ناکرێت، (برێت مەکگۆڕک چەند لە کورد نزیک بوو،، جیمس جیفری ھەر ئەوەندە لە دەوڵەتی تورکیا نزیک بوو بەڵام تورکیا زۆر بەباشی دۆستایەتیەکەی لەگەڵ جیفری بۆ قازانجی خۆی بەکارھێنا)، سەرباری ڕاگرتنی نیمچە ھاوسەنگی یەک و باشترکردنی دۆستایەتی سەرکردەکانی کورد لەگەڵ (مەکگۆڕک) بەڵام بەداخەوە بە ئەنجامدانی ھەڵەی ڕیفراندۆم ئەو دۆستایەتیەش ساردبۆوە. 

جولەکەکان قسەیەکیان ھەیە کە بۆ پاراستنی پشتێنی ئەمنی لە ستراتیژی سیاسیدا کاری لەسەر دەکەن،  دەڵێن "لەبەر ئەوەی دایکەکە لە خۆمانە نەوەکەشی دێتەوە ژێر ڕکێفی خۆمان" جا کاتی خۆی  لە سەردەمی (ئیتحاد و تەرەقی)یەکەی عوسمانیەکاندا جولەکەکان زۆر گەش بین بوون بە ھاتنە پێشەوەی "مستەفا کەمال ئەتاتوک" تەنھا لەبەر ئەوەی کە چەند سەرچاوەیەکیان پشتڕاستی دەکردەوە دایکی جولەکەیە، بۆ ئەمەش باش لێی نزیک بوونەوە و ھاوکاری مستەفا کەمال بوون بۆ گرتنە دەسەڵاتی یەکەم لە تورکیای کۆماردا. 
بەڵێ ئێستا کورد دۆستێکی گرنگی لە کۆشکی سپی ھەیە، ئەوەیتر دەکەوێتە سەر کورد خۆی تاچەند دەتوانێت سود لە ھاوڕێ کەی وەربگرێت، ھەروەھا ئەمڕۆ شارەزایی لە خەباتی (دبلۆماسی) ڕۆڵی چەکی ئەتۆمی بۆ ھەرێمی کوردستان دەبینێت، بەڵام کورد وەک زۆربابەتیتر گرنگی بەو خەباتەش نادات، دەنا دەبوو تائێستا چەند سەرکردەیەکی کورد بەتایبەت ئەوانەی لە نزیکەوە دەیناسن پەیوەندیان پێوە بکردایە، ھەروەھا ناوەندە ستراتیژیەکانی ھەرێم گفتوگۆیەکی کراوەیان لەگەڵ سازکردایە، لانیکەم تەلەفزیۆنێکی کوردی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سازبکردایە، (ئەمە نەک لە بەر ئەوەی برێت مەکگۆڕک نانی بە ساجا سوتابێت، بەڵکو ئەوە کوردە لە پاڵ خەباتی سیاسی و سەربازی خۆیدا پێویستی زۆری بە توند و تۆڵکردنی پەیوەندیە دبلۆماسیەکانیەتی لەگەڵ ئەمریکا بۆ دەست نیشانکردنی ئایندەی نەتەوەکەی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا). 

(پەرتەوازەیی ناوماڵی کورد. نەبونی ستراتیژی ڕوون. نەزانین و بەھەڵە ئەنجامدانی کاری دبلۆماسی) سێ خاڵی لاوازی کوردن کە بە درێژایی میژوو کوردی لە زۆر شت بێ بەشکرد، دەنا دۆستێکی وەک (ئەم برێت مەکگۆرکە) شایەنی ئەوەیە زیاتر لە ڕابردوو کورد کاری ھاوبەشی لەگەڵ ئەنجام بدات، چونکە ئەم پیاوە کاتێک نوێنەری سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا بوو لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی داعش، دۆستایەتی پتەوی لەگەڵ سەرکردە سیاسیی و سەربازی و ھەواڵگریەکانی ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان پەیداکرد. 

داواکاری برێت مەکگۆرک لە سەرکردە کوردەکان چی بوو؟

ئەو کاتەی برێت مەکگۆرک نوێنەری ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی داعش بوو، لە ساڵی ٢٠١٥ داوای لە سەرکردە سیاسیەکانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان کرد، کە بەسێ ھەنگاو کە ئەوانیش یەکخستنی ھێزەکانی (پێشمەرگە و شەڕڤانان لە سوپایەکی نیشتمانیدا) ھەروەھا (ئەنجامدانی کاری ھاوبەشی بازرگانی) دواتریش (ھەڵگرتنی کۆت و بەندی تاکە دەروازەی سنوری سێمێلکای نێوان حکومەتی ھەرێم و ڕۆژئاوای کوردستان)، باشوور و ڕۆژئاوا لێک بدەن و ئەوا بۆ ئەم مەبەستەش دڵنیایی پێدان لە پشتیوانی ئەمریکا و ھاوبەشە ئەوروپیەکانیان، بەڵام بەداخەوە ئەم داواکاریە بەھۆی پشتگوێ خستنی لەلایەن پارتی دیموکراتی کورستانەوە بەئاکام نەگەیشت.

ئێستاش پێم سەیرە بەشێک لە ئەکادیمیەکانی کورد پێگەی برێت مەکگۆڕک بەکەم تەماشادەکەن، ئەمە لە کاتێکدا تورکەکان وای دەبینن (مەکگۆڕک) داڕێژەری پلانی نزیک بونەوەی ئەمریکا و یەپەگەشە لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە ئێستاشەوە تا ئایندەیەکی دوور مەودا بەڕەچاوکردنی ھاوسەنگی کورد بەیەک تیم و یەک ستراتیژ ھاوکات پرۆژەی ھاوبەش دەتوانن قازانج لەم پیاوە بکەن، لە کاتێکدا کە سیاسیەکی پلە باڵای ئەمریکایە و دژی سیاسەتەکانی ئەردۆغانیشە.