سەردێڕ:

فەرەنسا رەنگی سەوزی پۆشی

7/1/2020 6:35:31 PM
4726 جار خوێندراوەتەوە
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
+ -

دەرئەنجامی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی فەرەنسا زۆر کەسی تووشی شۆک کرد، من خۆم ماوەیەکی زۆرە چاودێری رەوشی فەرەنسا دەکەم، باوەڕم نەدەکرد بەمشێوەیە بێت. لە تەواوی شارە گەورەو بچووکەکانی فەرەنسادا، پارتی ژینگەپارێزی " سەوز" کەوتنە پێشەوەو کۆتایشیان بە حوکمی دەیان ساڵەی ھەندێک پارتی تەقلیدی ھێنا. بەشێکی زۆری شارە گەورەکانی وەکو" بۆردۆ، لیۆن، مەرسیلیا، بێزانسۆن" کەوتە دەستی سەوزەکان، ئەمەش ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا و پارتەکەی تووشی شۆکی گەورە کرد. بەڵام لە ھەمانکاتیشدا کەمترین رێژەی خەڵکی بەشداری پرۆسەی دەنگدانیان کردووە لە خوولی دووەمدا تەنھا ٣٤% خەڵکی بەشدارییان کردووە، ئەمەش کەمێک لاوازی بەم ھەڵبژاردنە بەخشیوە.

شارەوانییەکان و ناوەندێکی بەھێز

فەرەنسا بەوە ناسراوە کە وڵاتێکی سەنترالیزم" ناوەندی" ی بەھێزە و ھەموو دەسەڵاتەکان لە پاریسی پایتەختدا کۆبۆتەوە، ھەرچەندە لەم چەند ساڵەی دواییدا ھەوڵدرا کە کەمێک دەسەڵاتی پارێزگار و شارەوانییەکان زیاتر بکرێت. ھەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکان کە نزیکەی ٥ ھەزار شارەوانی لە خۆ دەگرێت، کاریگەری گەورەیان بەسەر چارەنووسی سیاسەتی ناوەند دەبێت، لە ھەمانکاتیشدا کاریگەری بەسەر ژیانی ھاوڵاتیانیەوە دەبێت.

زاڵبوونی رەنگی سەوز

بەپێی دوایین دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی خوولی دووەم بێت کە لە رۆژی ٢٨\٦ دا ئەنجامدرا، پارتی سەوز زۆرینەی شارەوانییەکانی فەرەنسای بردەوە، بەشێوەیەک فەرەنسا رەنگی سەوزی پۆشی و رەنگەکانی تر بەرەو کشانەوە چوون. شاری مەرسیلیا کە دووەم شاری گەورەی فەرەنسایە و لە رووی ئابووری و سیاسیی و فەرھەنگیشەوە گرنگی گەورەی ھەیە، ماوەی ٢٥ ساڵە لەلایەن ژان کلۆد گۆدان سەر بە پارتی کۆنەپارێزەکان حوکم دەکرێت. ئەم شارە وەکو قەڵایەکی بەھێزی کۆنەپارێزەکان بوو، سەوزەکان توانیان لە ٣٩% دەنگەکان بەدەست بھێنن . لە شاری لیۆن کە سێھەم شاری فەرەنسایە، ماوەی ٢٠ ساڵە لە لایەن "گیرارد کولومب" حوکم دەکرێت. ئەم پیاوە پێشتر وەزیری ناوخۆی فەرەنسا بوو،سەر بە پارتی سۆسیالیستە. لێرە کاندیدی سەوزەکان "گیرگۆری دۆسییە" توانی ٥٣% دەنگەکان بەدەستبھێنێت و کۆتایی بە حوکمی دەیان ساڵەی سۆسیالیستەکان بھێنێت. لە شاری بۆردۆش ، پارتی سەوز توانی کۆتایی بە حوکمی دەیان ساڵەی کۆنەپارێزەکان بھێنێت و ٤٦% دەنگەکان بەدەستبھێنێت. ھەروەھا لە شارەکانی " گرونبول، بێزانسۆن ، بواتییە" سەوزکان سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستھێنا.

پاریس

بەڵام لە دوو شاری گەورەدا سۆسیالیستەکان مانەوە، ئەوانیش " پاریس و لیل". ھەرچەندە لە پاریس سەوزەکان و سۆسیالیستەکان پێکەوە حوکم دەکەن. من خۆم ماوەیەکی زۆر لە شاری لیل ژیاوم، پڕ بە دڵ حەزم دەکرد سەوزەکان بیبەنەوە، چونکە نە سۆسیالیستەکان و نە کۆنەپارێزەکان ھیچیان بۆ ئەم شارە جوانەی فەرەنسا نەکردووە، ھەرئەمەش وایکردووە کە راسترەوەکان بەھێز بن.

کەمترین رێژەی بەشداربوون

یەکێک لە خاڵە نێگەتیڤەکانی ئەم ھەڵبژاردنە، رێژەی کەمی بەشداربوونی خەڵکی بوو. لە یەکەمجاردا نزیکەی ٤٠% بەشدار بوون، بەڵام لە خوولی دووەمدا رێژەکە بۆ خراپتر گۆڕا و تەنھا ٣٤.٦٧% بەشداربوون. تەنھا تەنھا ١٦ ملیۆن ھاوڵاتی لە پرۆسەی دەنگدان بەشداربوون . ئەمەش یەکەمجارە ھێندە رێژەکە ھێندە کەم بێت، ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت کە زۆرینەی خەڵکی بەشداری پرۆسەی سیاسی ناکەن، کە ئەمەش ئاماژەیەکی خراپە بۆ پرۆسەی دیموکراسی.

پارتەکەی ماکرۆن توشی شکست بوو

خاڵێکی گرنگی تری ئەم ھەڵبژاردنە ئەوە بوو، کە پارتەکەی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا لە زۆرینەی شارەوانییەکاندا شکستیان ھێنا. ئەمەش بە پێی بۆچوونی زۆربەی چاودێرانی سیاسی بێت، وەڵامێکی توندە لە لایەن خەڵکی فەرەنساوە بۆ سیاسەتەکانی سەرۆک ماکرۆن، بە تایبەتی سیاسەتەکانی لە ھەمبەر تەنگەژەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. ھەرچەندە حکومەتی فەرەنسا ھاوکاری زۆری خەڵکی فەرەنسای کرد، بەڵام پێدەچێت بە دڵی زۆرینە نەبوو بێت. ئەمەش وایکرد کە وتەبێژی کۆشکی ئەلیزێ  Sibeth Ndiaye لە پاش دەرئەنجامەکان لە دیدراێکی تایبەت لەگەڵ کەناڵی فرانس ٢ وتی: ئێمە بەم دەرئەنجامە تووشی سەرسووڕمان بووین.

دەرئەنجام

بەدڵنیاییەوە ئەم ھەڵبژاردنە وەڵامێکی توندی فەرەنسییەکان بوو بۆ سەرۆک ماکرۆن، لە ھەمانکاتیشدا گوزارشت لە سەرکەوتنی سیاسەتی سەوزەکان دەکات کە بە دڵی ھاوڵاتییانی فەرەنسییە. جگە لەوەش ئەم دەرئەنجامانە ئەوەی دەرخست، کە پرسی ژینگەپارێزی، وەکو پرسی ئابووری و سیاسی لای دەنگدەری فەرەنسی گرنگە. لە کۆتایشدا ئەم دەرئەنجامە دووبارە دینامیکی و زیندوویی گەلی فەرەنسی پیشانی جیھان دا، کە حەزێکی گەورەیان بۆ گۆڕانکاری لە دەسەڵات و سیاسەتدا ھەیە.