سەردێڕ:

بۆچی پشتیوانیمان لێنەکرد؟

11/23/2020 9:19:55 PM
3786 جار خوێندراوەتەوە
هیمداد شاهین
+ -

لە ماوەی رابردوودا چەند کەسێک پرۆژەیەکیان راگەیاند سلێمانیی بکرێتە ھەرێمێکی سەربەخۆ، بەڵام پرسیاری سەرەکیی لێرەدا ئەوەیە ئەگەر سلێمانیی ببێتە ھەرێمێکی سەربەخۆ کێ تێیدا دەسەڵاتدار دەبێ جگە لەم بنەماڵە سیاسییانەی کە لەھەموو بوارەکاندا دەستیان بەسەر سلێمانییدا گرتووە؟

ھەربەڕاستیی سلێمانیی کە بۆتە قوربانیی ئەم لەشکرە بەرپرس و حیزبەگەندەڵانە لەسەروو ھەموویانەوە یەکێتیی، تاکەی باجی ئەم بێباکیی و بێدەربەستییە بدات؟ ئێستا دۆخەکە بەمشێوەیەیە، لە رووی ئەمنیی و سیاسییەوە بگرە تا ئابوریی و بازاڕ قۆرخکراوە و دەستیان بەسەر ھەموو جومگەکانی شارەکەدا گرتووە؟ کە ھیچ کات دەستبەرداریی ئەم گەندەڵیی و پیسخۆریی و شڕەخۆرییە نابن، ھەربۆیە ئێمە لە سەرەتاوە دژی ئەمجۆرە لە بەھەرێمکردنە بووین.

ئەوانەی پێیانوایە بەدرووستکردنی ھەرێم و جیاکردنەوەی سلێمانیی دەتوانن دەسەڵات لەم بنەماڵە سیاسییانە وەربگرنەوە، ئەوە لەودیوی ھەڵەوەن، چونکە چنگی ئەم تەماعکارە سیاسییانە توندتر دەبێ لە جەستەی ھەرێمەکە و دەسەڵاتی ئەمانەی کە خەڵکەکەی بە ئەمڕۆ گەیاندووە زیاتر دەبێت و رێژەی زوڵم و ناعەدالەتیی زۆر زیاتر دەبێت، لانیکەم ئێستا لە ھەرێم دەسەڵاتی موتڵەق نە لای پارتیی و نە لای یەکێتیی نییە، بەڵام لە ئەگەری بوونی ھەرێمێکی سەربەخۆ لەدەست حیزبێکی دیاریکراودا، ئەوە دەسەڵاتی موتڵەق لای ئەو حیزب و بنەماڵەیە دەبێت کە ئێستا شارەکەی بە دەستەوەیە!

ئەو وتارەی ھاوڕێمان کاک عەبدلورەزاق کە لینکەکەم داناوە و خۆی یەکێک بوو لەوانەی کە پشتگیریی ھەرێمی سەربەخۆی دەکرد وەڵامە بۆ ئەوەی کە بۆچی ئێمە دژی ئەو پرۆژەیە بووین، ھەروەھا بەڵگەیە لەسەر راستیی بۆچوونەکەمان، لەھەمانکاتدا یارمەتییدەرە بۆ ئەو پێشبینییە ترسناکەی کە ئێمە ھەمانە بۆ ئەو تێزە مردووەی دڵی ھەندێک خەڵکی توڕە و نارازیی پێخۆش کراوە، لە راستییدا پێمانوایە ئەمە کوشتنی رۆحی بەرەنگارییە.

ئێستا لە ئاستی کوردستانی عێراقدا بنەماڵە سیاسییەکان ھەریەکە و بەحەجمی خۆیان باڵادەستن، چما لەھەرێمێکی بچووکدا کە درووستبکرێ دەبێت ئەم بنەماڵە سیاسییانە کە حاکمی رەھابن چ دۆزەخێک بۆ خەڵک گڕبدەن؟

سەرەڕای ئەوەی ئێمە پێمانوایە ئەم بەھەرێمکردنە کارێکی نەکردەیە، چ لە رووی دەستوریی و یاساییەوە، چ لە رووی ئەری واقیع و بابەتییەوە، رێگرەکانیش لەولاوە بووەستن کە ئەو بنەماڵە سیاسییانە درووستی دەکەن بە رێکەوتن لەگەڵ ھەندێ مافیا و پیسخۆری بەغداد کە بەپارە و بەرژەوەندیی کڕدراون.

ئەو مادە دەستورییەی لە عێراقدا کە ماددەی (دە) یە و باس لە بەھەرێمکردنی پارێزگاکان دەکات، باسی ئەو پارێزگایانە دەکات کە سەر بەناوەند واتا (بەغداد)ن، نەک سەر بەھەرێمێکی سەربەخۆی وەک ھەرێمی کوردستان، یاساکە بە وازحیی رێگا نادات ھەرێم لەناو ھەرێم دروستبێت، بەڵکو پێویستە سەرەتا ھەرێمی کوردستان ھەڵبوەشێتەوە، پاشان ھەرێمی سلێمانیی جیابکرێتەوە، ھەرێمی کوردستانیش بە رێکارێک ھەڵدەوەشێتەوە کە ئەستەمە یەکێتیی و پارتیی رازیبن، چ لە ئاستیی پەرلەماندا کە زۆرینەن و چ وەک دیفاکتۆی سیاسیی و عەسکەریی و موخابەراتیی.

ئەمە جگە لەوەی پارتیی و یەکێتیی بەردەوام دەڵێن لامەرکزیەتی پاریزگاکان جێبەجێبکرێت، کەچی جگە لەوەی دەسەڵاتدارەکە خۆیانن، بەڵام وەک بڵقی سەر ئاوی لێھاتووە و نایکەن، بەکورتیی پێویستە بە شێوەیەکی واقیعیی، عەقڵانیی و ئەخلاقیی مامەڵە لەگەڵ کەیسی سیاسیی ھاوڵاتی کورددا بکرێت، پێویستە شتێک بڵێین و بکەین کەلەسەر ئاستی واقیعدا جێگای بێتەوە، نەک برین و ناسۆرێکی تر بخەینە رۆحی ھاوڵاتییانمانەوە.

دەقی وتارەکەی کاک عەبدولرەزاق شەریف.