سەردێڕ:

ھێندە فووی تێمەکەن کە بتەقێ

9/15/2020 11:22:37 PM
6226 جار خوێندراوەتەوە
سامانی وەستا بەکر
+ -

ھەر کەسێک کە لە کەرتی تایبەت یان گشتی و حکومیدا کار بکات، خاوەن کار چاوەڕێی کاری بەپێز و بەرھەمێکی زۆری لێئەکات لەبەرامبەر ئەوەشدا موچە و پاداشت وەردەگرێ "ھەڵبەتە لێرەدا باسەکە گشتییە و لە حکومەتی ھەرێمدا بچوک نەکراوەتەوە".

مستەفا کازمیش وەک ھەر کارمەندێکی تر کارمەندی دەوڵەتە و ئەرکێکی لەسەر شانە خاوەنکار کە میللەتە چاوەڕێی کاری بەپێز و بەرھەمێکی زۆریشی لێئەکەن.

ھەر کارێک گرێبەستێکی بۆ ئەکرێ بەتایبەت ئەگەر کارەکە کاری فەرمی و لەوەش زیاتر دەوڵەتی و بەتایبەتیش پلە باڵای حکومی بێت، لە گرێبەستەکەدا چەندین مەرج بەسەر کرێکار، فەرمانبەر یان حکومدارا ئەسەپێنرێت و لەمەودوا خاوەن کار چاودێریکەر ئەبێت و ئەگەر کەسی کارزان لە شوێن متمانەی خاوەن کارا نەبوو دوورئەخرێتەوە و بەپێچەوانەشەوە متمانەی زیاتر دروست ئەبێت و رێگەی پێئەدرێ بەردەوامبێت.

گرێبەستی خاوەنکاری مستەفا کازمی و کۆی سەرۆک وەزیرانەکانی پێش خۆشی "دەستور"ە تەنھا جیاوازییەکەشیان ئەوەیە ئەم ھەوڵیدا لایەنی کەمی دەستور جێبەجێ بکات و ئەوانیتر بە مەزاجی نەتەوەی و ئاین و مەزھەب کاریان ئەکرد.

بەڵام ئەوەی جێی تێڕامانە "بەدێو کردن"ی مستەفا کازمییە! تا ئێستا بەرھەمی چاکسازییەکانی کازمی بەری نەگرتووە و شتێکیشی نەکردووە کە کۆمەڵگە سوودمەندی راستەوخۆ بووبێ لێی، ھەڵبەتە مەبەست لە کەم بە تەماشاکردنی کارەکانی نییە، چونکوم بەراورد بە کەمی کاتی دەستبەکاربوونی چەندین جار لەوانەی پێش خۆی کاراتر و کارامەتر دیارە، ھۆکاری ئەمەش ئەو پەستانەی شەقامی خواروو و ناوەڕاستی عێراقە کە چیتر خەمساردی قبوڵ "گیرا" ناکەن.

گرنگە ئەوە لەبیر نەکرێ کە کازمی بۆ ئەوە ھاتووە کە ئامادەکاری بکات بۆ ھەڵبژاردنێکی پێش وەخت و ئەوەی لەتوانایدا بێت ئەیکات بۆ رازیکردنی شەقامی ناڕازی کە ھەر خۆیان دەنگدەری ھەڵبژاردنەکانن.

کازمی وەک ھەر سیاسییەکی تر چاوی لە ھەڵبژاردنەکانە و مەبەستییەتی کە جیاوازتر و چالاکتر و کارزانتر دەرکەوێ تا زۆرترین دەنگ و متمانەی خەڵک بۆ خۆی بەرێ کە ئەمەش مافی ھەر سیاسییەکە ھەوڵبدات لەڕێی کار و کرداری چاکەوە دەنگ بۆ خۆی کۆبکاتەوە.
کەواتە ئەگەر بمانەوێ بزانین کازمی جیاوازتر و سەر راستر و کارزانتر و دەستپاکترە لە پێشینەکانی ئەوەیە کە چاوەڕێ بکرێ تا دوای ھەڵبژاردنەکان، ئەگەر بتوانێ متمانەی شەقام بەدەست بھێنێ و لەسەر ھەمان رێچکەی ئێستا کاربکات و بەردەوامبێ و لایەنی کەم لە پاش دوو ساڵ دوای ھەڵبژاردن و کابینەی نوێ کە متمانەی لە شەقام وەرگرتبێ، ئەو کاتە ئەتوانرێ باسی سەرکەوتن و جیاوازییەکانی کازمی بکرێ و سوپاس بکرێ بۆ ھاندان و بەردەوام بوون نەک ئێستا.

کۆمەڵگە خودی خۆیان دیکتاتۆرەکان دروست ئەکەن و ھەر خۆشیان لێی بێزارئەبن و ئەیڕوخێنن. ھەندێ جار لە شوێن و کاتی ھەڵەدا زۆر پیاھەڵدان و شانامە و شیعر ھەڵدان بە باڵای ھەندێ کەسدا تووشی لەخۆبای بوون و گومڕاھی ئەکات و نمونەی لەوجۆرەش زۆرن لە مێژوودا.

پیاھەڵدان و دەستخۆشی لە کاری باش یەکێکە لەو ھۆکارانەی کە ھانی کەسەکە ئەیات بەردەوامبێ و دڵنیابێت کە بە کارێکی باش ھەستاوە و ئەنجامێکی باشیشی ھەبووە و بەردەوامیشبێت لەسەری، بەڵام ئەوەی نامۆ و سەیرە ئەوەیە سوپاسگوازی کارێک بیت کە ھێشتا بەرھەمەکەی نەچنراوەتەوە و نەشزانراوە کە کەسی کارزان بە توانای خۆی ئەم کارەی بە بەرھەم گەیاندووە یاخود ئەویش بە کرێگیراوی خەڵکانێکی سەروو خۆیەتی و لە چوارچێوەی ئەجندایەکی دیاری کراودا کارەکان بە ئەنجام ئەگەیەنێ و بۆی نییە لێی دەربچێت و بۆی نییە دەست بۆ ھەندێ خاڵی جەوھەری بەرێت کە رێگەی پێنادرێ لەوە زیاتر جوڵە بکات، بۆ نمونە ھەڵوەشانەوە یان توانەوەی حەشدی شەعبی لەناو سوپای عێراقدا.

بۆ شەقامی کوردی، ئەگەر باس لە ناردنی بڕی ٣٢٠ ملیار دینارە بۆ موچەی فەرمانبەران ئەمە جگە لەوەی زۆرکەمە و بەشی تەواوی موچەخۆران ناکات بەڵام خۆ سەرۆک وەزیرانی پێشوو عادل عەبدولمەھدی زۆر لەوە زیاتری ئەنارد بە کەمترین سەرئێشە.

ئەگەر قسە لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان و خاڵە گومرگییەکان بێ ئەوا ئەوەیان عەیبەیە کە مێژوو لەسەر دەسەڵاتدارانی ھەرێم تۆماری ئەکات کە بەھۆی گەندەڵی و دزی و لەدەستدانی متمانە لەلای دۆستەکان و ھەڵەی ریفراندۆمەوە جارێکیتر و دوای ٢٩ ساڵ لە نیمچە سەربەخۆی، بەدەستی خۆیان چوونەوە نێو قەفەزی عێراق و جیابوونەوەی کوردستان و دابەش بوونی عێراق بۆ چەندین دەیەی تر دواخست و خەونی تاکی کوردیان بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆ تەفر و تونا کرد.

کازمی کەسێکی بێگانەیە لەسەر خاکی کوردستان بەڵام سەرۆک وەزیرانی وڵاتێکە کە بەشێکی خاکی کوردستان لەژێر ھەژموونی وڵاتەکەی ئەوا بەڕێوەئەبرێت، نابێ لەبیریشمان بچێ کە زۆربەی ئەو خەڵکەی لە پێشوازی کازمیدا بوون لە کەسە یەکەمەکانی پڕۆسەی ریفراندۆم و جیابوونەوەی ھەرێم لە عێراق و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بوون.

مافی خەڵکە داوای ئازادی و سەربەخۆی و ژیانێکی شایستە لە حوکمڕان و دەسەڵاتداری عێراق بکەن، بەڵام خەڵکی خواروو و ناوەڕاست راستەوخۆ بە حکومەتەکەی بەغداوە بەستراونەتەوە، جیاواز لە خەڵکی ھەرێم کە خاوەنی حکومەتێکی خۆجێین و ئەویش بەرپرسیاری راستەوخۆی خەڵکەکەیە کە ژیانێکی شایستە بۆ دانیشتوانەکەی دابین بکات، بۆیە شورەیی شەرمەزارییەکی گەورە بوو کە خەڵکی ھانا بۆ کازمی بەرن لە کاتێکدا ئەمان خۆیان بە حکومەت و دەسەڵات و بڕیاردەری ئەو ناوچە جوگرافییە ئەزانن کە ناوی ھەرێمی کوردستانی عێراقە.

کازمی ھات تا بە سیاسییەکانی عێراق بڵێ ئەوەی بە ئێوە نەئەکرا من کردم، بە تورکیا بڵێ کۆی سنورەکان عێراقین، بە ئێران بڵێ ئێرەش وەک کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانە کەی بمانەوێ ئەیگێڕینەوە ژێر ھەژموونی خۆمان، بە دەسەڵاتدارانی ھەرێم بڵێ ئێوە شکستان خواردووە ئێرە عێراقە، بە ئەمریکاش بڵێ من ئەو کەسەم کە بەدوایدا ئەگەڕێن لە توانامدایە ئاشتی بکەم و ئارامی بگێڕمەوە بۆ وڵات.

دوای ٢٩ ساڵ لە حوکمڕانی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا نەتوانرا تاکی کورد بگەیەنرێتە ئەو بڕوایەی کە کەسێکی عێراقی نییە،  بەڵکو لەژێر سایەی حوکمی خۆماڵی دەسەڵاتی کوردیدا ئەگەیەنرێتە لایەنی کەمی مافەکانی لە ئازادی و دابین کردنی بژێوی ژیان، نەتوانرا تاکی کورد وا گۆش بکرێ کە ھەرکەسێک لە دەرەوەی دانیشتوانی سەر خاکی وڵاتەکەی خۆت بێت و ببێتە حوکمڕان ئەوە داگیرکەرە، نەتوانرا شکۆی مرۆڤەکان بپارێزرێ و سایکۆلۆجییەت و مەزاجی خەڵک ھێندە ئازار درا کە داوای ژیانێکی شایستە و موچە و مافەکانی لە کەسێک بکات کە ھێندەی سەپاندنی ھەژموونی حکومڕانی خۆی بەلاوە گرنگە، ھێندە بیری بۆ ئازار و نەھامەتییەکانی خەڵکی نەچێ.

خەڵکی ھەرێمی کوردستان دوای بێ ھیواییان لە دەسەڵاتدارانی ھەرێم دەستیان بۆ چڵە پووشەکەش برد تا نەخنکێن بەڵام ئەوەی خەڵک لێی بێئاگایە چڵە پووشەکە خۆشی خنکاوە!

خەڵکی داوای موچە و شایستە داراییەکانی خۆیان لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد کە مافی بێ چەند و چوونی خۆیانە، بێئاگا لەوەی کە مستەفا کازمی کار بە بڕیارێکی سیاسی حکومەتەکانی پێش خۆی ئەکات کە ھیچ بنەمایەکی یاسای نییە و ئەتوانێ بە بڕیارێکی سیاسی ھەڵیوەشێنێتەوانێ، بەڵام ئامادە نییە بیکات و یاری بە کات ئەکات وێنەی فریادڕەسێک لە مێشکی تاکی عێراقی و بە تایبەت کوردا ئەنەخشێنێ تا ھەڵبژادنەکان و دوای ئەوەش چۆن ئەبێ چی ئەکات جارێ نادیارە.

ھیچ گومانی تیا نییە کە دەسەڵاتدارانی ھەرێم داوای ماف لە حکومەتی عێراق ئەکەن بەڵام ئامادەنین ئەرکە دەستوریەکانیان بەرامبەر عێراق جێبەجێبکەن، گەندەڵی لە داھات و قووتی خەڵکدا ئەکەن، یاریان بە سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی ئەم نەوەیە و چەندین نەوەی دواتریش کردووە، بەڵام بەپێی دەستوری عێراق ماف و شایستەی داھاتی موچەخۆری ھەرێم ئەرکی سەرشانی حکومەتی عێراقە و نەئەبوو وە نابێ تۆڵەی پابەندنەبوونی دەسەڵاتی سیاسی ھەرێم لە خەڵکی سڤیل و موچەخۆران بکرێتەوە، کە ئەرکی سەرشانی خۆیان بۆ دەوڵەتی عێراق بەپێی ئەوەی بۆیان دیاری کراوە بەجێ ئەگەیەنن.

مستەفا کازمی ئەگەر لە خەمی موچەخۆری ھەرێمی کوردستاندایە ئەوا باشترین کارێک کە بیکات ئەوەیە دەست لە سزادانی موچەخۆرانی ھەرێم ھەڵگرێ و کار بەو بڕیارە سیاسییەی حکومەتەکانی پێش خۆی نەکات کە بەدەر لە پابەندنەبوونی حکومەتی ھەرێم و رادەستنەکردنی داھات و گەڕانەوەی بۆ خەزێنەی ئیتیحادی بەڵام دونیا بینی شۆڤێنستی عەرەبی پێوەدیارە.

ئەگەر کازمی فریادڕەسەکەیە ئەوا ئەکرێ ھەروەک چۆن ماف و شایستەی دارایی خەلکی خواروو و ناوەڕاستی عێراق دابین ئەکات و لە سیاسەتەوە نایانگلێنێ،  ھەرواش ماف و شایستەی خەڵکی ھەرێمی کوردستانیش دابین بکات و لەڕێی ئەمریکا و ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە پەستان بخاتە سەر دەسەڵاتدارانی ھەرێم کە پابەندی دەستوربن و دەست لە ئابوری سەربەخۆ ھەڵگرن کە دیارترین شکست و بڕیاری کورت بینانەی حکومەتی ھەرێمە، گەشت کردن لە کۆی ئەو دەسەڵاتدارانە بۆ دەرەوەی عێراق قەدەغەبکات و دەست بەسەر پارەی بانکەکانیان لەناوەوە و لە دەرەوە بگرێت، کە ئەمەیان باشترین و ناوازەترین دیاری ئەبێ بۆ خەڵکی ھەرێم کە کازمی بتوانێ پێشکەشی بکات.

ئەوەی لەسەرەوە باس کراوە ئاسان نییە بۆ کازمی بەڵام موستەحیلیش نییە بەڵکو ئاڵەنگارییەکە کە توانا و لێھاتووی ڕژد بوونی بۆ چاکسازی ئەسەلمێنێ، ئەگەر ئەوەی کرد ئەوکات با تا ئەتوانرێ پیای ھەڵبدرێ و مەدح و سەنا بکرێ، نەک ئێستا ھێندە فوو لە میزەڵانەکەی بکرێ تا بتەقێ!