سەردێڕ:

مخۆرکەی ناوخۆ

7/31/2020 8:26:37 PM
5455 جار خوێندراوەتەوە
سامانی وەستا بەکر
+ -

بەشی چوار

فەرامۆش کردنی کۆمەڵایەتی دەرەنجامی خەتەرناکی لێئەکەوێتەوە و لادانی کۆمەڵگە لە بەھا جوان و گرنگ و پیرۆزەکان بەدوای خۆیا ئەھێنێ، بەجۆرێک لە ئێستادا قەزییەی کورد و کورستان پێ بەپێ و ووردە ووردە ناوەڕۆکە کۆمەڵایەتی و رامیاری و مێژوویەکەی خۆی و پاڵپشتی پێویستی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی لەدەستداوە.

پێویست بوو راپەڕینی ساڵی ١٩٩١، وەک راپەڕینی گەلێکی ژێردەستەکراو لە ھەموو ھەل و مەرجێکدا بەپێی توانا بۆ بەدیھێنانی قوڵترین ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی ماف و بەرژەوەندییە رەواکانی چینە جیاوازەکان و ئاواتەکانی تێبکۆشایە.

لەدوای راپەڕینەوە ئەبوو رێفۆرمی کۆمەڵایەتی قوڵ و جدی لە رەگ و ریشەوە لە کوردستان دەستپێبکات و بکرێ، بەڵام نەک ھەر نەکرا بەڵکو کۆمەڵگە دابەش و داتەپیوو کرا.

پەروەردە:

سەبارەت بە بەرنامەی پەروەردە و فێرکردنیش وەک پێویست ھەنگاو نەنرا، ئاخر کردنەوەی زانکۆی زۆر ھیچ سوودێک بە پەروەردەی کۆمەڵگە ناگەیەنێ ئەگەر لە باخچە و خوێندنگا سەرەتاییەکانەوە دەست بە چاکسازی پەروەردەی دروست و زانستی نەکرێت.

ھێنانی زمانی بێگانە بەتایبەتی گرنگیدان بە زمانی ئینگلیزی وەک زمانێکی ستاندەری جیھانی کارێکی باشە بەڵام گرنگتر ئەوەیە کە فێرخواز بە پەروەردەیەکی کۆمەڵایەتی دروست و زمانی دایک رەوانی و زارەوەکانی گۆش بکرێ و ئاشنا بێت بە کلتور و نەریتە جیاواز و چوونیەکەکانی خودی کۆمەڵگەکەی خۆی.

ھیچ گرنگی بە دروست کردنی زمانێکی ستاندەری کوردی نەدرا کە لە ھەموو پێویستییەکانی تر بۆ گەلێکی ژێردەستەی وەک کورد پێویستە چونکوم زمانی ھاوبەش بۆ ئاخاوتن و نوسین ھۆکارێکی گرنگە رەوانەوەی زۆربەی بەربەستەکانی لێکتێگەشتن بە بەربەستی رامیاریشەوە.

زانینی زمانی دوژمنەکەت گرنگە، بەڵام بە مەرجێک نەبێتە جێگرەوەی زمانی خۆت یان وشەکانیان ببنە رەوانی سادە و ساکار کە جێ بە وشە کوردییەکان لێژکەن تا ئەو ئاستەی وشە خانەخوێکان نامۆ و ناحەز دەرکەون.

کاری زانکۆ لێکۆڵینەوە و داھێنان و چارەسەرە، ئێ خۆ ئەگەر ئەمەی نەکرد ئەو زانکۆ نییە بەڵکو دەزگایە بۆ بەرھەمھێنانی بڕوانامە "شھادە". کەواتە زۆری زانکۆکان ھیچ سودێکی ئەوتۆی بە کۆمەڵگە نەگەیاندووە، ناش شاردێتەوە بەشێکی زۆری بەڵگەنامە و بڕوانامەی بەتایبەتی بەرپرسە کورد و عێراقییەکان لە زانکۆکانی دەرەوە بە پارە کڕاون و کە خودی زانکۆکە و کەسایەتییەکەش ھیچ سوودێکی بە کۆمەڵگە نەگەیاندووە جگە لە بارگرانی، ئێ ئەگەر زانکۆ ناوخۆییەکانیش لێکۆڵینەوە و داھێنان و چارەسەر پێشکەش نەکەن ھەر ھەمان بارگرانین بەسەر شانی کۆمەڵگە و ئابورییە داڕووخاوەکەیەوە.

پەروەردەی کۆمەڵایەتی:

گرنگییدان بە لایەنە کۆمەڵایەتییەکان پێویستییەک و ئاڵانگارییەکی حەتمی بوو ئەبوو گرنگی پێ بدرایە، چونکوم خەڵکی چەندین ساڵ بوو لەژێر دەستی بێگانەدا پەروەردە ئەکرا. پەروەردەیەکی ئیسلامی و عەرەبی شۆڤینی و گرنگیدەر بە مێژوویەک کە دوور و نزیک پێویست نەبوو بۆ تاکی کورد، پەروەردەیەک تا ئاستی لەبیربردنەوە و سڕینەوەی میژوو، کەلتور، داب ونەریت، زمان، جوگرافیا و لایەنەکانی تریش کاری لەسەر تاکی کورد ئەکرد.

مناڵی کورد لەسەر ناسینی سەرکردە مێژووی و بەناو شۆڕشگێری عەرەب و کەسایەتییە ناسراوەکانیان و پیاوانی ئاینی و فەرماندە سەبازی و نوسەر و شاعیرانی عەرەب پەروەردە ئەکران. مێژووی ئیسلام بەھەڵە بۆ کورد ئەگێڕایەوە و تا ئاستێک ئەوانەی کە زۆرترین کوشتار و خوێن ڕێژیان بەرامبەر کورد کردبوو ئەکران بە قارەمان و رزگارکەر بە ھیچ جۆرێک باس لە ئازار و ئەو تاڵاوە نەئەکرا کە دەرخواردی کورد درابوو، بە ھیچ جۆرێک باس لەوە نەئەکرا کە کورد لەپێناو ناسنامەی نەتەوایەتی و کەسایەتی کوردی و ئاینزای تایبەت بەخۆی جەنگاوە نەک نەتەوەیەکی خەڵکێکی مولحید و کافر وەک ئەوەی تا ئێستاش دیندارانی ئیسلام لە ناویشیاندا بەشێکی زۆری موسڵمانی کوردیش باسەکرێت.

نەخوێندەواری:

پێشتر کێشەی کۆمەڵگە نەخوێندەواری بوو کە ئێستا تا ئاستێک کەمی کردووە، بەڵام ئەبێ بپرسرێ ئایا جیاوازی چییە لە نێوان نەخوێندەواری ئەو کات و خوێندەواری ئێستادا؟

ھەمووان ئەزانین کێشەی نەخوێندەواری چییە، بەکورتی نەخوێندەوار زانست و زانیاری وەک پێویست پێناگات و ھەندێ جار ئاستی بیرکردنەوەی نزم ئەبێت. بەڵام خۆ زۆری و بۆریش ھەروەک کەمەکە وایە، ئێستا مخۆرکەی زانیاری زۆر و بۆری ھەڵە مێشکی کۆمەڵگەی ھەڵکۆڵیوە و رۆژانە چەندین زانیاری نادروست و ھەڵە دەرخواردی مێشکی خەڵکی خوێندەوار ئەدرێت، ئێ خۆ نەزانینی ئەو زانیاریانە لە زانینی باشترە.

پڕۆژە:

پڕۆژەیەک کە تێچووەکەی لە تێچووی ستاندەری جیھانی چەندین جار گرانتر بێت و کوالیتی چەندین جار لە ستاندەری جیھانی خراپتربێت نەبوونی لە بوونی باشترە، ئاخر بڕی پارەی دیاریکراو بۆ ھەر پڕۆژەیەک سەرسوڕھێنەرە بەرامبەر ستاندەری جیھانی و لەوەش سەمەرەتر بۆ ھەر پڕۆژەیەک دووجار یان زیاتر بودجەی بۆ دابین ئەکرێ و دیارنامێنێ و کاتێکیش جێبەجێئەکرێ لەپاش ماوەیەکی زۆرکەم نۆژەن ئەکرێتەوە و ئەشکرێ بە منەت و بە خەڵکی ئەفرۆشرێتەوە وەک شەقامی ١٠٠ مەتری سلێماینی بە نمونە.

ئەو پڕۆژانە بوونەتە ھۆکارێک بۆ دزی کردن و دیزە بەدرخوونە کردنی پارەیەکی زۆر، بۆیە واباشترە کە ئەو پڕۆژانە ھەر نەبن و لەبری ئەوەی کە چەندین جار بودجەیان بۆ دیاری بکرێ و دیارنەمێنێ و بچێتە گیرفانی دەسەڵاتدارە بێ ویژدان و بازرگانە چاوچنۆکەکانەوە، بۆیە باشترە پارەکەی بدرێ بە مووچە و خەڵک لەو نەھامەتییە رزگاربکرێ کە بۆی دروستکراوە.

تەندروستی:

لایەنی تەندروستی بۆ بازرگانی نییە. پێشتر لەھەر شارێک چەند نەخۆشخانەیەکی کەم ھەبوون و بەشی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە و چارەسەر و دەرمان دابینکردنیشیان ئەکرد، ئێستا تەندروستی مرۆڤ بووە بە باشترین کاڵا بۆ دەسەڵاتدارەکان کە ھەر خودی خۆشیان بازرگانە چاوچنۆکەکانن، ئێ خۆ نەخواردن و بەکارنەھێنانی دەرمانی بەسەرچوو و زیانبەخش باشترە لە بەکار‌ھێنانی چونکوم لانیکەم ئەزانی کێشەکەت چییە نەک بۆ ڤیش بچیت و سمێڵیش بنێیتە بانی.

کاریگەرترین چارەسەر بۆ کەسی نەخۆش لایەنی دەروونیە، مەخابن کەسی نەخۆش نەک ھەر چارەسەری تەندروست و گونجاو و دەرمانی کوالێتی بەرز و دروست وەرناگرێ بەڵکو لەبەرئەوەی کە متمانەی بە چارەسەرساز نییە و دڵنیایە ئەم ئەبێ بە کاڵا ئەویش بە بازرگانێکی چاوچنۆک ئیتر دەروونی بەتەواوەتی ئەشێوێ و ھیچ سوودێکی ئەوتۆ وەرناگرێ.

کەسی بیمار و نەخۆش ئەبێ جارێ بیری لای گیرفانی بێ ئەگەر بەشی گیرفانی دڕاوی بەشێک لە نەخۆشخانە تایبەت و پزیشکە بازرگان و دەرمانخانە تایبەتەکانی خۆیانی تیایە یان نا بەو جۆرەش لایەنی دەروونی ھێندە ماندوو ئەبێ کە کاردانەوەیەکی ئەوتۆی بەرامبەر ئەو چارەسەرە نەبێ کە بۆی ئەکرێ.

موڵکداری:

ئەبوو گرنگی بە موڵکداری زەوی و زاری کشتوکاڵی و ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی لادێکان بدرایە بەڵام نەک ھەر نەکرا بەڵکو بەشی ھەرە زۆری زەوی و زاری لادێ و شاریش کرا بە موڵک و باخی بەرپرس و دەستڕۆیشتووەکان بۆ رازی کردنیان و لادێ نشینانیش بەناچاری ملی رێیان بەرەو شار و تاراوگە گرتە بەر، دەرەبەگەکانی دوای راپەڕین بوونە سنگ و کولە و نەک ھەر لە بەروبوومی جوتیارانیاندا بەڵکو شار و لادێشیان کرد بە بیابانی تەخت بۆ ئارەزووە تایبەت و نەخۆشەکانی خۆیان.

جیاوازی چینایەتی:

ئەو جیاوازییەی کەوتۆتە نێوان چینی دەسەڵاتدار و سەرمایەدار و سەرۆک و سەرۆکەکانەوە وەک دووری ئاسمان و زەویە، نمونەی ماڵی سەرۆکی ھەرێم کە کەم وێنەیە لە داگیرکاری موڵکی گشتییدا، ماڵی کۆسرەت رەسوڵ لە سلێمانی کە گردێکی بەرفراوان و بەرینی لە موڵکی گشتی داگیرکردووە، ماڵی سەرۆکی پارتی و چەندین نمونەی تر تەنھا بە جیاوازی پارێزگاری سلێمانی کە ژیانێکی سادە و تێکەڵ بە خەڵک بەڕێئەکات و تا ئێستا خۆی لە چینی پرۆلیتاریدا و مامناوەند جیانەکردۆتەوانێ.

جیاوازییەکی چینایەتی زۆر لە نێوان بەرپرسە باڵاکان و چینی مام ناوەند و پرۆلیتاریا بەجۆرێکە کە ناتوانن لەوە تێبگەن کە خەڵکی لە ژەمی خواردن ئەگرنەوە تا پێداویستییەکانی تری ژیان دابین بکەن بەڵام بەرپرسەکان بۆ بەسەربردنی چەند ساتێکی خۆش ھەزاران دۆلار لە موڵکی گشتی ئەیەن بە بادا.

ئەو ھۆکارانەی کە لە وتارەکانی پێشووا باسکران تا ئێستا بوونەتە ھۆکاری ئەوەی کە خەڵکی رۆژ لە دوایی رۆژ بڕوای بە کوردایەتی و راپەڕین و شۆڕش نەمێنێ و ئامادەنەبێ جارێکیتر لە پێناوییدا قوربانی بات، تەنانەت لە بارودۆخێکی وەک ئێستاشدا کە قوت و مووچەی لێ زەوت کراوە و کەمترین خزمەتگوزاری و پێداویستییەکانی ژیانی لەبەردەستدانییە لەترسی ئەوەی کە نەک ئەمانە بڕۆن و لەمان خراپتر دەسەڵات وەرگرن، ئاخر لە ١٩٩١دا دیکتاتۆرێکیان راونا بەڵام چەندین دز و دیکتاتۆر ھاتنە شوێنی.

ئێستا دوور لە ئایدۆلۆژیا لە رووی سیاسی و جەماوەریشەوە تاکی کوردی ھێندە ماندووە تەنانەت متمانەی بە توانا خۆییەکانی خود نەماوە، بۆیە گرنگە کار لەسەر بنیاتنانەوەی خود بکرێ و خەمی رۆشنبیر باری کۆمەڵایەتی خەڵک بێت نەک خۆ ناساندن.