سەردێڕ:

دەسەڵاتی چوارەم و درز بردنی پایەکانی

9/19/2020 10:42:11 PM
3694 جار خوێندراوەتەوە
د.شوان ئادەم ئەیڤەس
+ -

سنورداریی مافی دەستگەیشتن بە سەرچاوەکانی زانیاری، ھۆکارێکی لەمێژینەی سەوزنەبوونی ژینگەی کارکردنی رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاریی و لاوازیی رۆڵی چاودێریی میدیای کوردییە. ئەوەش دەرئەنجامی (سیستمێکی سیاسی)یە کە بەدرێژایی سێ دەیەی رابردوو، ئەزموونی فەرمانڕەوایی کوردیی بەرگریی لێکردووە و بە بەرنامە نەیویستووە قۆناغەکانی دیکتاتۆرییەتی خۆرھەڵاتی بۆ دیموکراسییەتی خۆرئاوایی تێپەڕێنێت!

لەزۆرینەی وڵاتە دیموکراتییەکاندا، دەسەڵاتە دەستورییەکان بەسەر یاسادانان(legislature)، راپەڕاندن(executive)  و دادوەریی(judiciary)دا بەشکراون. دەسەڵاتی گریمانەیی میدیا وەک بەشێکی گرنگی کۆمەڵگە رۆڵێکی ناڕاستەوخۆ، بەڵام سەرەکی لە کاریگەریی دانان لەسەر سیستمی سیاسیی ھەیە.

دەسەڵاتی چوارەم وەک چەمک، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٧٨٧دا و لە وتوێژێکی پەرلەمانییدا لەبارەی ئاوەڵاکردنی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی ئەنجومەنی گشتیی بەریتانیای مەزن، لەلایەن ئیدمۆند بێرک بەکارھێنرا. ئامانج لێی، رۆڵی چاودێریی میدیایە کە بە یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی دیموکراسیی دادەنرێت. لەرۆژگاری ئەمڕۆدا، ئەم چەمکە زۆرتر وەک ناوێکی کۆکراوە بۆ ھەموو رۆژنامەوانان بەکاردێت، ھەروەک ئۆسکار وایڵد دەڵێت، رۆژنامەگەریی بوەتە دەسەڵاتی یەکەم و سێ دەسەڵاتەکەی دیکەی قوتداوە. دەسەڵاتی چوارەم، ئێستاش وەک ئامڕازێکی ھەواڵیی پەسەندکراو سەیردەکرێت کە لەھەناویدا کۆمەڵە رۆژنامەوانێکی پەروەردەکراوی پیشەگەر لەخۆدەگرێت. ئەمەش ھەندێجار وەک دەسەڵاتی پێنجەم دەبینرێت کە بە رۆژنامەگەریی ھاوڵاتی (Citizen Journalism) دەناسرێت و ھەموو کەسێک دەتوانێت بیرۆکەکانی یاخود تێڕوانینەکانی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت و لە رێگەی بلۆگەکەی یاخود ماڵپەرەکانی وەک یوتیوب دابەزێنێت (Cooke, ٢٠١٩).

ئامڕازەکانی بە کۆگەیاندن (mass media) زۆرتر وەھا دەبینرێن کە رۆڵێکی زیندووی گرنگ لەپیادەکردنی دەسەڵاتی چوارەم، پاسەوانیکردنی دیموکراسیی و بەرگریکردنی بەرژەوەندی گشتییدا دەگێڕن. بەبڕوای تیۆرییزەکارانی لیبراڵی، ھەبوونی رۆژنامەگەریی ئازاد و سەربەخۆ لەھەر دەوڵەتێک یاخود سیستمێکی سیاسییدا، پێشمەرجێکی بنچینەییە لە پڕۆسەی وەرچەرخان بەرەو دیموکراسییبوون و بەشدارییکردن لەبەدەستھێنانی مافی ئازادیی رادەربڕین و بیر و ویژدان، پتەوکردنی وەڵامدانەوەی حکومەتەکان و بەرپرسیارکردنییان لەبەرامبەر ھەموو ھاوڵاتیان و سەرپێخستنی فەرمانڕەواییەکی پێگەیشتوو و گەشەپێدانی مرۆییدا. ئامانجیش لەسەپاندنی دەسەڵاتی چوارەم، بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی نمونەیی ئازاد و تەندروست و گونجاوە بۆ بەھێزکردنی دیموکراسییەتێکی راستەقینە کە گرنگترین ئەرکەکانی بریتیین لەمانەی خوارەوە (Amodu, Usaini, Ige., ٢٠١٤): 

١.زانیاری: لەبارەی ئەو شتانەی کە لەرووی ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتیی و نێودەوڵەتییەوە روودەدەن، دەبێت میدیا زانیاریی ورد بە ھاوڵاتیان بدات کە ئەوەش رەگەزێکی گرنگیی دیموکراسییە و وا لە ھاوڵاتیان دەکات بڕیاری دروست بدەن.

٢.کۆمەڵایەتی بوون: میدیا دەبێت یارمەتی گروپە ئیتنیکییە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بدات و ھەماھەنگیی نێوانیان پەرەپێبدات. بەتایبەت لە پرسە نیشتمانییەکاندا کە ئەمەش گرەنتی بە یەکگرتوویی مانەوەی وڵات دەکات.

٣.ھاندان: میدیا رۆڵێکی سەرەکیی دەبینێت، ئەگەرھاتوو لەبارەی رۆژەڤێکی سنورداری دیاریکراوەوە زانیاریی بۆ ھاندان و وزەبەخشینی جەماوەر بڵاوبکاتەوە. بۆنموونە، بڵاوکردنەوەی زانیاریی لەبارەی ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

٤.وتوێژ و گفتوگۆکان: لە ئاڵوگۆڕکردنی بیروبۆچوونی ئەندامانی کۆمەڵگەدا لەرێی پرۆگرامە شۆئامێزە تەلەڤزیۆنییەکان و دۆکیۆمێنتاری و ئەوانیدیکەوە، میدیا ھەلی دەربڕینی بۆچوونەکانی ھاوڵاتیان لەبارەی دۆخی دیموکراسیی و سیاسیی وڵات دەڕەخسێنێت. ئەمانەش یارمەتی سیاسییەکان دەدەن، دیدوبۆچوونی ھاوڵاتیان بزانن و ئەوەندەی لەتوانایاندا بێت دۆخەکە باشتربکەن.

٥.پەروەردە: باشترین سەرمایە لەمڕۆدا، پەروەردەیە. بەتایبەت کە زانین(knowledge) بووەتە دراوێکی نوێ و میدیا دەتوانێت یارمەتی گەشەپێدانی ھزریی ھاوڵاتیان بدات و دواتر ئەوانیش رۆڵێکی ئەرێنیی لە کۆمەڵگەدا بگێڕن.

٦.برەودانی کلتوری: لەرێگەی ئەو پرۆگرامانەی کلتوری نەوەکانی پێشوو دەگێڕنەوە، میدیا یارمەتی برەودان بە کەلەپوری کلتوریی کۆمەڵگە دەدات.

٧.خۆشباری: گەنجان زیاتر گوێ لەمیوزیک دەگرن وەک لە ھەواڵەکان، ھەربۆیە پێویستە بڕگە و بابەتەکانی خۆشباری (entertainment) لە لیستی سەرەکیی گرنگییپێدانی میدیاکاندا بێت، چونکە وەک یاری تۆپێن ھاوڵاتیان لە دەوری یەکتری کۆدەکاتەوە. گۆرانییوتن و سەیرکردنی فیلم، ھەستی پێکەوەبوون بە ھاوڵاتیان دەبەخشێت و وایان لێدەکات کاراتر بەشداریی بکەن.

ئەگەرچی لەراییکردنی ئەو ئەرکانەدا، میدیا وەک دەسەڵاتی چوارەم زیاتر گرنگیی و گەورەیی خۆی و پەیامەکانی دەردەکەوێت، بەڵام ئەوەش بەبێ لەبەرچاوگرتنی تیۆری بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی، بەدیھاتنی ئەستەم دەبێت. ھەربۆیە پێویستە میدیا ھەوڵی راگرتنی ھاوسەنگیی بدات لەنێوان ئازادیی کارکردنی خۆی و ئازادیی ھاوڵاتیان لەدەستگەیشتنیان بە زانیارییەکان و مافی دەوڵەت لە ئاسایشی نیشتمانییدا (Moemeka, ٢٠٠٠, p.١٥).

بەکورتیی و بە کوردی، میدیا لە ھەرێمی کوردستاندا ھێشتا نەیتوانیوە ببێتە دەسەڵاتی چوارەم. ئەویش لەلایەک بەھۆی سنورداریی رۆڵی چاودێریی میدیا بەسەر سێ دەسەڵاتەکەی دیکە و نەبوونی سەربەخۆیی پیشەیی و نیشتمانیی ھەر یەکێکیان. لەلایەکی دیکەشەوە، بەھۆی دەڵەمەیی سیستمی سیاسیی و درزبردنی پایەکانی دیموکراسیی لەوانە، ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی و مافی زانین!