سەردێڕ:

کازمی، ھیوا بە ھەڵبژاردنی پێشوەخت

8/8/2020 11:42:14 PM
3653 جار خوێندراوەتەوە
د. جەعفەر عەلی
+ -

ئەم مۆدێلە سیاسییەی لە دوای ٢٠٠٣وە حوکمی عێراق دەکات، لەسەر بنەمای تائیفی پێکھاتووە، واتە سیاسەت، ئیدارە، دەزگا ئەمنی و سوپاییەکان، سەرجەمیان ھێز لە ململانێی تائیفی وەردەگرن، ئەوەی لە پشتی گوتاری سیاسییەکانەوە ئاڕاستەی گەلانی عێراق دەکرێت، گوتارێکە سەری لە ناو ئەو دۆزەخە تائیفییەدایە، کە چەندین ساڵە عێراقی شەکەت و ئیفلیج کردووە. دوای دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەھدی و ھاتنی کازمیش، ھێشتا ئەوەی بەسەر جومگەکانی دەوڵەتدا زاڵە، ھەژمونی حیزبە سیاسییەکانە.

کازمی ھەوڵی زۆریدا بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی سەربەخۆ، ھەوڵیدا جۆرێک لە پێچ و دەوران بە دەوری ئەو مۆدێلە لە پشک پشکێنەی سیاسی و تائیفیەدا بکات، کە حیزبە سیاسییەکانی عێراق چەسپاندوویانە، بەڵام سەرەنجام وێڕای دامەزراندنی ژمارەیەک لە کەسانی تەکنۆکرات، رەگەزی تائیفی و نەژادی لە دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکاندا رۆڵی خۆی بینی.

بێگومان کارێکی ناعەقڵانی و چاوەڕوانییەکی سیاسی نالۆژیکیشە پێمانوابێ لەم ماوە کورتەدا، لە شەو و رۆژێکدا، حیزبە سیاسییەکان دەستبەرداری بەرژەوەندییە سیاسی و شەخسییەکانیان دەبن و لێدەگەڕێن کازمی بە کامی دڵی خۆی دەستکاری پەیکەرەی سیاسی و ئیداری و سوپایی و ئەمنی عێراق بکات. کازمی ھەوڵەکانی دەستپێکردووە، بەڵام ئەم ھەوڵانە رووبەڕووی گرفتی گەورە و عینادی بەشێکی گرنگ لە ھێزە سیاسییەکان دەبێتەوە. لێرەوە کازمی دەست بۆ کارتی ھەڵبژاردنی پێشوەخت دەبات و گەرەکییەتی لە کورتترین ماوەدا ئەنجام بدرێت. بۆ کازمی ھەڵبژاردنی پێشوەخت، ئەو خاڵە بەھێزە دەبێت، کە ئومێدی داھاتووی سیاسی خۆی و پشتیوانەکانی تێدا دەبینێتەوە. ھەر وەک چۆن بە دوور نازانرێت کە ھەڵبژاردن ئەو خاڵە بنەڕەتییە بێت، کە کازمی نەک لە شکستێکی سیاسی چاوەڕوانکراو رزگار بکات، بەڵکو ویلایەتێکی نوێشی بۆ مسۆگەر بکاتەوە.

ھەڵبژاردن ھیوایەکی گەورەیە، بەڵام قەیرانەکانی عێراق بە کۆتا ناگەیەنێت، بە تایبەت بوونی میلیشیا و سەرچاوەکانی گەندەڵی، کە ھاوتەریب لەگەڵ پڕۆسەی سیاسیدا رێدەکەن. بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نییە، کە ئومێد بە دیوە پۆزەتیڤەکانی ھەڵبژاردن یەکسانە بە سفر. ھەڵبژاردن ھەمووان دەخاتەوە بەردەم جەماوەر، جەماوەرێکی بێزار و توڕە لە کۆی ئەو ئیلیتە سیاسییەی لە دوای پڕۆسەی ئازادییەوە عێراق بەڕێوەدەبەن، جەماوەرێک ئەگەر بە ژمارەی کەمیش لە شەقام بووبێت، بەڵام لە رووی رەمزییەوە تا ئەندازەیەکی گەورە، ھەست بە ئامادەبوونی گوتارە نیشتیمانییەکانی دەکرێ لە نێو ھەر ماڵێکی عێراق و پڕۆسەی سیاسیدا، بەتایبەت کازمی لە ھەر کەسێکی دیکە زیاتر گەرەکییەتی کۆدە شاراوەکانی گوتاری خۆپێشاندەرانی شەقام بە دروستی بخوێنێتەوە و وەک یەکێک لە بەھێزترین کارتی سەرکەوتن لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا بە قازانجی خۆی و ئەو لیستەی کە ئەگەر زۆرە دروستیبکات، ململانێ و رکابەری نەیارەکانی پێبکات. بۆیە ئاساییە ھاوپەیمانێتی و گردبوونەوەی کەسایەتی و ھێزە سیاسییەکان لە عێراق، ھەمان ئەو ھاوپەیمانێتی و گردبوونەوانە نەبن، کە پێشتر دروستبوون و ئێستا ھەن. بە ئەگەرێکی زۆر ھەڵبژاردن، بەشی ھەرە زۆری ئەم ھاوپەیمانێتییانە ھەڵدەگێڕێتەوە و دەیانخاتە بەردەم گۆڕانکاری گەورەوە، بەتایبەت ھەمووان ھەست بەو راستییە دەکەن، کە نە لە رووی جەماوەرییەوە حیزبی پێشووترن، نە قورسایی گەورە و متمانەی پێشتریان لە شەقامی عێراقیدا ماوە. 

لێرەوە کازمی وەک سیاسییەکی دەرەوەی حیزب، وەک سیاسییەکی بێ فراکسیۆنی پەرلەمانی، وەک سیاسییەکی بێ حیزبی سیاسی، باشترین دەرفەتی لەبەردەمدا دەبێت بۆ سوود وەرگرتن لە ھەڵبژاردنی داھاتوو، چونکە بەگوێرەی ھەر پێوەرێکی عەقڵانی، ھەڵبژاردن لە بەرژەوەندی ھێزە کلاسیکییەکانی گۆڕەپانی سیاسی ئێستای عێراقدا نابێت، بەڵکو لە بەرژەوەندی گوتاری تازەی سیاسی و ئاڕاستەی نوێدا دەبێت. بە ھەموو ئەگەرەکانیش کازمی دەبێتە پیاوی سەرکردایەتی ئەم گوتار و ئاڕاستە تازەیە لە عێراق و دوورنییە رێژەیەکی چاوەڕواننەکراو لە دەنگی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستانیش بۆ خۆی و لیستەکەی بچنێتەوە، چونکە گوتاری فەرمی کازمی و گوتاری شەقامی عێراقی، ھەوڵەکانی کازمی و دروشمەکانی خۆپێشاندەران و خەڵکی ناڕازی، تا رادەیەکی زۆر نەک لە یەکدی نزیکن، بەڵکو تەواو چوونیەکن و لە یەکدی دەچن. بۆیە کازمی، کە ئێستا چ لە ئاستی گوتار و، چ لە ئاستی رەفتار و جوڵەی سیاسیدا، لە ھەر سیاسییەکی دیکە زیاتر لە ناخی خۆپێشاندەرانی عێراقی و خەڵکانی ناڕازییەوە نزیکە، دەتوانێ لە ھەر سیاسییەکی دیکەش زیاتر وەبەرھێنان لەم ناڕەزایەتییانەدا بکات و وەک دەرفەتێکیش ھەلەکە بقۆزێتەوە بۆ کۆکردنەوە و رێکخستنی جوڵەی شەقام بە ئاڕاستەی کاری سیاسی و ئامانجی گۆڕانی سیاسی.

روونە سیاسەت لە عێراق، جگە لە مستەفا کازمی، ھیچ شتێکی نوێی تێدا نییە، ئەوەی نوێیە لە عێراق، مستەفا کازمییە، باقی شتەکانی دیکە وەک خۆیانن. ئەم نوێیە لەبەردەم ململانێ و کێبڕکێی ھەموو کێشە کۆنەکانی پێش خۆیدایە، راستە جۆرێک لە کۆدەنگی عێراقی، ناوچەیی، ئەمریکا، روسیا، سەبارەت بە مامەڵە لەگەڵ کازمی ھەیە، بەڵام گرفت و قەیرانە زۆر و بوونیادییەکانی عێراق وەک خۆیان ماون و ئێستا بەشێکن لە کێشەی سەردەمی دەسەڵاتەکەی ئەو فیگەرە نوێیەشدا. 

ئەو کاتەی عێراقییەکان ھێشتا دەنگی گوتارەکەی کازمی سەبارەت بە بڕیاری ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە گوێیاندا دەزرنگایەوە، سوکایەتی بە (حامد سەعید)ی مێردمنداڵ وەک بۆمب لە بن پێی کازمیدا تەقێنرایەوە. ھەواڵی سوکایەتییەکە بە خێرایی بە عێراق و جیھاندا بڵاوبوویەوە و ھەمووانی توشی شۆک کرد. دوای تیرۆری (ھیشام ھاشمی)، رۆژنامەنووس، توێژەری بواری ئەمنی و ستراتیژی، پسپۆڕ لە دۆسیەی گروپ و رێکخراوە توندڕەوەکان، لە ٦ی تەمموزی ئەمساڵدا، رەنگە ئەو سوکایەتییەی پیاوانی ئەمنی بەغدا بە جلوبەرگی سەربازییەوە، بەم مێردمنداڵەیان کردووە، دووەمین بۆمبی سیاسی بن پێی کازمی بێت، بەڵام کازمی زیرەکانە کەیسەکەی (حامد سەعید)ی بەسەر نەیارەکانیدا ھەڵگێڕایەوە، کاتێک رۆژی ٢ شەممە ٣ی ئاب پێشوازی لێکرد و بەڵێنی پێدا لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە دەستیان لە سوکایەتی پێکردنەکەدا ھەبووە و رووبەڕووی دادگایان بکاتەوە، ھەروەھا ھاوکاری مادی و قانونی پێشکەش بکات. کازمی وەک خۆی گووتی: ھەوڵدەدات ئەوەی رووبەڕووی (حامد سەعید) بووەتەوە بگۆڕێت بۆ رەگەزێکی ھێز لە پێناو خزمەت بە کۆمەڵگەی عێراقی.

لەم دۆسیەیەدا، کازمی بە خێرایی فرمانی دوورخستنەوەی لیوا (سەعد خەڵەف) بەرپرسی ھێزەکانی پاراستنی قانونی لە پۆستەکەیدا و رایگەیاند، کە ئامانج لە پێکھێنانی ئەم ھێزانە بریتییە لە پاراستنی ھاوڵاتیان، نەک سوکایەتی پێکردنیان، ھەروەھا چاو بە پێکھاتەی ئەم ھێزانەدا دەخشێننەوە.

جوڵە و کردەوەکانی کازمی ئەوە پیشاندەدەن، کە ھەوڵدەدات تا بەر لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، زۆرترین ھەنگاو بە ئاڕاستەی چاکسازی و خزمەتی گشتی بنێت و مەودای دووری نێوان دەسەڵات و ھاوڵاتی ئاساییش کەمبکاتەوە. سەردانە مەیدانییەکانی بۆ لای خۆپیشاندەران، پێشوازیکردن لێیان، لە نزیکەوە گوێگرتن و گفتوگۆکردن لەگەڵیاندا، گەڕان بە نێو دامودەزگا و دامەزراوەکانی تەندروستی و ئیداری و بەسەرکردنەوەی خاڵە سنورییەکان و زیندانەکان، دەکرێ وەک بەشێک لەم ھەوڵانەی کازمی بخوێنرێتەوە. جگە لەمانە، سەردان و بەسەرکردنەوەی شار و ناوچە جیا جیاکانی عیراق، جۆرێک لە ھەست لای ھاوڵاتی ئەو ناوچانە دروستدەکات، کە حکومەت نوێنەرایەتی کۆی ھاوڵاتیان و تەواوی شار و ناوچە جیاوازەکان دەکات، ھەر وەک پەیامێکیشە بۆ ئەو ئاڕاستە سیاسییانەی لەبری نیشتیمانسازی، خەریکی تۆخکردنەوەی ھێڵەکانی تائیفە و مەزھەب و نەژاد و ناوچەگەرێتین، بۆیە دەشێ ئەم ھەوڵانەی کازمی بەو ئاڕاستەیەشدا بخوێنرێتەوە، کە جوڵە و ھەوڵن بە ئاڕاستەی توانەوەی دیدگا بچووکەکانی بەر لە پڕۆسەی نیشتیمانسازی و باوەشکردنەوەی ھاوڵاتی عێراقی بە نیشتیماندا، واتە رایەڵەی پەیوەندی و ئینتیمای ھاوڵاتی عێراقی لە تائیفە و دین و نەژاد و ناوچەوە بگۆڕێت بۆ پەیوەندی و ئینتیمای نیشتیمانی. کازمی چەند نیەتی باش بێت، چەند توانا و ھێزی ئەنجامدانی چاکسازی و کاری مەیدانی و نزیکبوونەوە لە خەڵک و شەقامی ھەبێت، گومان لەوەدا نییە، کە گەڕانەوەی متمانە بە حکومەت، ھەم کاری زۆر زیاتر، ھەم کاتی زۆر لەوە درێژتری پێویست دەبێت، کە ئێستا لەبەردەستی مستەفا کازمیدایە.

کازمی باش لەوە تێگەیشتووە، کە گەورەترین گرفتی بەردەمی سەرکەوتنی دەسەڵاتەکەی، بوونی گروپ و ھێزە میلیشیا جیا جیاکانە لە عێراق، بۆیە لە رۆژی دەستبەکاربوونییەوە بەردەوام جەخت لە کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و گەڕانەوەی شکۆ بۆ دەوڵەت دەکات، چونکە روونە لە دەرەوەی پرسێکی وەھادا، ھەر ھەوڵێک سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی ئاڕاستە سیاسییەکانی گەندەڵی و چەسپاندنی سەروەری یاسا و سەروەری خاکی عێراق، ھەرگیز لە قسەوە ناگۆڕێ بۆ کردار. بێگومان مەسەلەی بێکاری و قەیرانی دارایی و نەبوونی ژینگەیەکی بەرھەمھێن و زۆر کێشەی قوڵ و ژیانی دیکە، گرفتی گەورەی بەردەم حکومەتەکەی کازمی دەبن. 

کازمی بەڵێنی ھەڵبژاردنی پێشوەختی داوە، زۆرترین ئومێدە سیاسییەکانی خۆشی بەم ھەڵبژاردنەوە ھەڵواسیوە. لە مانەوەی عێراق لە دۆخی ئێستایدا، دوور نییە چارەنووسی کازمی دووبارەبوونەوەی ھەمان چارەنووسی سیاسی عادل عەبدولمەھدی بێت، چونکە ململانێ و بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان لە بەغدا و بوونی میلیشیا و بەردەوامی قەیرانە سیاسی و ئابووری و ئیدارییەکان، ئەگەر ھەڵبژاردنی داھاتوو بەرەو کاڵکردنەوەی نەبات، دوور نییە شکست و دوورخستنەوەی کازمیش بکاتە بەشێک لە مێژووی ھاوچەرخی عێراق.

ھەڵبژاردن ئەگەر بە دیوێکیدا دەرفەتێکی گرنگ بۆ گەنجانی عێراق دەھێنێتە پێش، ئەوانەی لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە خەریکی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتین لە شەقامدا. کازمی دەتوانێ بۆ قۆناغی داھاتوو سوودێکی زۆر لەو کەرەستە جەماوەرییە وەربگرێ و بەشێوەیەکی باش وەبەرھێنانیان تێدا بکات و ئامادەیان بکات. لە ناوەندی جەماوەری و تایبەت لە ناو توێژی گەنجان و ملیۆنان خەڵکی بێکاردا سۆز و پشتگیرییەکی جەماوەری فراوان بۆ ئەو جوڵە و ناڕەزایەتییەی شەقام ھەیە، ئەمانەش ئەو سەرەتایەن، کە دەتوانن مژدەی گۆڕانێکی گەورە لە نەخشەی سیاسی ھەڵبژاردنی داھاتووی عیراقدا بدەن و کازمی بکەنە براوەی یەکەم، یان لانیکەم ژمارەیەکی گەورەی سیاسی لە بەرامبەر نەیارەکانیدا. بەڵام لە دیوەکەی دیکەیدا، لە کایەی سیاسی عێراقدا، نەیارێکی زۆری خاوەن دەسەڵات و نفوز و سامانی زۆر، خاوەن میلیشیای چەکدار و پشتیوانی دەرەکی دەبینرێن. بۆیە پێویستە بەر لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، ئەو دەستانە کورت بکرێنەوە و ئەو ھێزانە لە رووی سیاسی و سەربازی و داراییەوە تا رادەیەک بێھێز بکرێن، یان لانیکەم کەلەپچە بکرێن، ئەگینا ھەڵبژاردنی پێشوەختیش ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە ناھێنێت، کە کازمی و پشتیوانانی کازمی ئومێدی بۆ دەخوازن.