سەردێڕ:

نامەیەک بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان

11/6/2019 10:04:19 PM
24222 جار خوێندراوەتەوە
د. جەعفەر عەلی
+ -

سڵاو،
ھەمووان دەزانن کێشەی تورکیا لەگەڵ کوردە، نەک پەکەکە، بەڵام تۆ نا!
کێشەی تورکیا لەگەڵ کورد سەبارەت بە دەسەڵاتی سیاسی، ھێندەی کێشەی فیکری سیاسییە، ھێندە کێشەیەکی سیاسی رووت نییە. ئەوەی لە ئاستی سیاسەتی فەرمی دەوڵەتیدا لە تورکیا ھەیە، کێشەی فاشیزمە، فاشیزمێک کە بە ھەموو ئامراز و تەکنۆلۆژیا ھاوچەرخ و پێشکەوتووەکانی بەردەستی خەریکی دروستکردن و بەرھەمھێنانی نەوەیەکی نوێی راسیستە لە تورکیا، نەوەیەک کە دوا جار، نە تەنھا رقی سیاسی لە پەکەکەیە، بەڵکو رقی نەژادی لە کوردیشە وەک بوونێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی.

تۆ دەزانی کێشەی فاشیزم چییە، بریتییە لەو دونیابینییە فیکری و سیاسییەی کە توانای بە یەکەوەژیان و ژیانکردن لەگەڵ ئەوانیدیکەیدا نییە، ناتوانێت ئەوانیدی بە ناسنامەی سیاسی و کۆمەڵایەتی جیاوازی خۆیان قبوڵ بکات. لەوەش ترسناکتر ئەوەیە، کاتێک جیاوازییەکان قبوڵ ناکات، خەریکی پێشاندانیشیانە وەک مەترسی، بۆ ئەمەش لەسەر ھەر سێ ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی بە ھەموو میکانیزمەکانی بەردەستی کار دەکات. فاشیزم ھەر ھێندەی زەحمەتە، کە تۆ وەک مەترسی پێشانبدات، دوای ئەوە پشتیوانی ماددی و مەعنەوی لە ئاستی ناوەکی و دەرەکی بۆ لەناوبردنت کۆدەکاتەوە. گرفتی گەورەی تورکیا ھەر ئەوەیە، فاشیزم ئەو ھێڵە فیکرییە ترسناکەیە، کە سیاسەتی فەرمی دەوڵەتی لەسەر بیناکراوە. لێرەوە ھەرچی وەک ئەو جوڵە نەکات، سیاسەت نەکات، بیرنەکاتەوە، دەچێتە نێو بازنەی مەترسی بۆ سەر دەوڵەت، سەرەنجام مەترسییە وەھمییەکان لە وێنەی تیرۆر و تیرۆریست پێشانی ناوەوە و دەرەوە دەدرێن.

ئەوەی ئەمڕۆ، ئەردۆغان دەرھەق بە کورد و لە ژێر تایتڵی لەناوبردنی تیرۆر (کە مەبەستی کوردە) ئەنجامی دەدات، ئەوەی ھێندەی قوتابییەکی ئاسایی لە مێژووی سیاسی تورکیای ھاوچەرخ بە ئاگا بێت، دەزانێت کە ئەم تایتڵە جگە لە درۆ، جگە لە دیماگۆگیەتی سیاسی، شتێکی دیکە نییە. شەڕی دەوڵەتی تورکیا لە جەوھەردا، شەڕی دژ بە ھێزێکی دیاریکراو و حیزبێکی سیاسی کوردی نییە، بەڵکو شەڕی دژ بە بوون و ناسنامەی نەتەوەیەکە، کە دەخوازێ ئازاد بژی و وەک مرۆڤ ژیان بکات.

ئەو کاتەی عەبدولحەمیدی دووەم لە ناوەڕاستی دەیەی کۆتایی سەدەی نۆزدەدا، لە رێی لەشکری حەمیدییەوە، کەوتە قڕکردنی ئەرمەنییەکان، نە پەکەکەی کوردی و نە ئەرمەنەکان حیزبێکی لە وێنەی پەکەکەیان ھەبوو. ئەو کاتەی سێکوچکەی پان-تورکیزم، جەمال و ئەنوەر و تەڵعەت، کەوتنە پەلاماردانی ھەر جۆرێک لە ئازادی ئەوانیدی و ھەموو جوڵەیەکی سیاسی و کەلتوری کوردی، نەک پەکەکە بوونی نەبوو، ھێشتا ئۆجالانیش لە دایک نەبوو بوو. کاتێکیش زیاتر لە ملیۆنێک ئەرمەنی لە ساڵانی ١٩١٥-١٩١٦دا لەلایەن ھەمان ئەو سێکوچکەی تاوانەوە جینۆساید کران، دیسان نە پەکەکە و نە حیزبی لە وێنەی پەکەکە، بوونی نەبوو.

ئەزبەنی، تۆ دەزانی لە جەنگی سەربەخۆییدا، کورد ھاوکاری مستەفا کەمال، دامەزرێنەری دەوڵەتی تورکیای نوێ بوون، بەڵام دواتر بە دەستور زمان و بوونی کوردی قەدەغە کرد، شێخی پیرانی کوشت، ئیحسان نوری دەربەدەری تاران و سەید رەزا و دەیان ھەزاران کوردی دیکەی لە زێدی خۆیان بە ھەمان پاساوی ئێستای ئەردۆغان، مەترسی بۆ سەر یەکپارچەیی و ئەمنی دەوڵەت، بە زۆرەملێ راگواست و کۆمەڵکوژ کرد. دڵنیام ئەوە دەزانی، کە ئەو کات، نە پەکەکە، نە پەیەدە، نە یەپەگە، نە یەپەژە و نە ھەسەدەش، بوونیان نەبوو.

ئەگەر کەمێک خۆت ماندوو بکەیت و چاوێک بە نێو لاپەڕەکانی مێژووی سیاسی دوای ئەتاتورکیشدا بگێڕیت، باشتر تێدەگەی، کە پەلامار و بێ رێزی ئینینو، بایار، گورسیل، ئیڤرین، ئۆزاڵ،  دیمیریل، ئەجەوید، چیللەر، یەڵماز و ئەربەکان، تا بە ئەردۆغان دەگات، بەرامبەر بە کورد و ناسنامەی سیاسی و کەلتوری کوردی، لە ناوەرۆکدا پەیوەندی بە بوونی پەکەکەوە نییە، تایبەت کە پەکەکە لە بەشێکی گرنگی ئەو مێژووە دوور و درێژەدا، ھەر بوونی نەبووە. کێشەی بنەڕەتی تورکیا، کێشەی نەبوونی دیموکراسییە. ئاخر فاشیزم و دیموکراسی کوجا مەڕحەبا، لەو شوێنەی دیموکراسی ھەبێت، فاشیزم ناژی، لەو جێگەیەش، کە فاشیزم ھەبێ، ھەر قسەیەک لە دیموکراسی لەو  بەتاڵییە سیاسی و مەعریفییەوە دێت، کە پێیوایە لە کوێ ھەڵبژاردن ھەبوو، لەوێدا دیموکراسی بوونی ھەیە.

ئەزبەنی، ئەگەر ئەو قسەیەی بەڕێزتان پەسەند بکەین، کە "تورکیا کێشەی لەگەڵ پەکەکەدا ھەیە، نەک کورد". دەبێ بەپێی ھەمان میتۆدی خۆت بۆ تەفسیر و لێکدانەوەی مێژوو، ئەوەش قبوڵ بکەیت، کە سەدام و ئەسەدی باوک و کوڕ، رەزاشا و حەمەی کوڕی، خومەینی و خامەنەئی، واتە بەعسی سوریا و عیراق، کۆماری ئیسلامی ئێران، کێشەیەکیان لەگەڵ بوونی کورد نەبووە و نییە، ئەوەی لە رابردوودا ھەبووە و لە ئێستاشدا ھەیە، بریتییە لە کێشە لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئەو بەشە جیاوازانەی کوردستان، نەک خودی کورد. ھەر لێرەوەش گوتاری ھەر حیزبێکی سیاسی کوردی لە نوێنەرایەتیکردنی گەلی کورد لە ھەر بەشێکی کوردستاندا، دەبێتە درۆیەکی گەورە. خۆشت دەزانی کەس ھێندەی حیزبەکەی تۆ شانازی بەم گوتاری نوێنەرایەتیکردنەوە ناکات.

ھەر بە گوێرەی ئەو میتۆدەی بەڕێزتان، دەبێ بەعسی سوریا کێشەی لەگەڵ حیزبەکەی حەمید دەروێشدا ھەبووبێت، بۆیە ھاوڵاتیانی کوردی چوارچێوەی دەسەڵاتی بەعسی سوریایی لە ناسنامە و ھەموو ماف و ئیمتیازێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێبەش کردبوو، دەبێ بەعسی عیراقی کێشەی لەگەڵ پارتی، واتە لەگەڵ حیزبەکەی باپیر و باوک و مامتدا بووبێ، بۆیە بارزانییەکانی کۆمەڵکوژ کرد، یان کێشەی لەگەڵ یەکێتی و تاڵەبانیدا ھەبوو، بۆیە لە ساڵانی ١٩٨٧-١٩٨٨دا دەیان ھەزار خێزانی کوردی بە زۆرەملێ راگواست و ئەنفال و ژەھربارانی کردن.

ئەزبەنی، ئەوە چ عەقڵێکە، چ لۆژیکێکە، چ تیۆرەیەکی خوێندنەوە و تەفسیرکردنی رووداو و مێژووە، وا دەکات کۆنگرێسی ئەمریکی لە دووری ھەزاران میلەوە، ناوەندە گرنگەکانی وەک ناتۆ و پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، ئەکادیمی و ھونەرمەندان و تەنانەت رایگشتیش، ئەو راستییە ببینن، کە ئەوەی تورکیا دەیکات لە ھێرش و پەلاماردان، دژی خودی کوردە، پێچەوانەی پرەنسیپە سەرەتاییەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤە، دژی ئازادی و بوون و ناسنامەی کوردە، نەک پەکەکە، کەچی تۆ ئەو راستییە زۆر سادەیە نەبینیت!

لە کۆتاییدا، ھیوادەخوازم ھەر وەک ئێستا شاد بژی، بەڵام ئەگەر رووداو و مێژوو بەمجۆرە تەفسیر دەکەیت، ھەرگیز تەمەنت بەشی ئەوە نەکات، رۆژێک لە رۆژان، یاداشت و بیرەوەرییەکانت تۆمار بکەیت، لەبەر ئەوە نا، کە پێمخۆش نەبێ تێر تەمەن بیت، بەڵکو لەبەر ئەوەی شتێکمان بۆ تۆمار نەکەیت، کە مێژوو و میتۆدی مێژوویی تیایدا شەرمەزار بێت.