سەردێڕ:

بەرنامەی کۆمیدیی و زمانی بازاڕیی

11/23/2020 9:30:11 PM
3291 جار خوێندراوەتەوە
شوان ئادەم ئەیڤەس
+ -

زمانی بازاڕیی تەلەڤزیۆنە کوردییەکان و بەکارھێنانەوەی لەبەرنامە بەناو کۆمیدییەکانیاندا وایکردووە زەوق و چێژی ھونەری؛ رەونەقی جارانی نەمێنێت و رێسا پیشەییەکانی ئێستای بەرھەمھێنان و بڵاوکردنەوەی پەیامی میدیایی-ش بەھەند وەرنەگیرێن. لەو دۆخە شێواوەشدا، وەرگر یاخود بینەری بێچارە بووەتە قوربانیی سەرەکیی بەرەڵایی دەربڕین و ئازادیی جنێودان و جیاکاریی جێندەری!

ھەڵبەتە زمانی راگەیاندن؛ زیاتر مەبەست لێی ئەو زمانە گشتییە ئاسانەیە کە سەرجەم چین و توێژو تاکەکانی کۆمەڵگە بە جیاوازیی زار و زارۆچکەکانەوە بەکاریدەھێنن و لێی تێدەگەن، بەتایبەت ئەو زمانی دەربڕینەی لە گەیاندنی پەیامەکانداو لەرێی ھەواڵ و بەرنامە و فلم و دراما و جۆرە جیاوازەکانی دیکەی راگەیاندنەوە بەکاردەھێنرێت (ئەیڤەس و عەبدوڵا، ٢٠٢٠). ھەروەکچۆن کۆمیدیا؛ جۆرێکە لەجۆرەکانی ئەندێشە کە رەچەڵەکەکەی بۆ چەمکی (κωμῳδία, kōmōidía)ی یۆنانی دێرین دەگەڕێتەوە. بەجۆرێک لەدیموکراسییەتی ئەسینادا، رایگشتیی دەنگدەران دەکەوتە ژێر کاریگەریی ھەجووی سیاسی (political satire)ەوە کە لەلایەن شاعیرە کۆمیدییەکانی سەرشانۆوە دەخرایەروو. مەبەست لێی؛ ھەر گوتارێک یان کارێک بوو کە بەشێوەیەکی گشتیی پێکەنیناوی (humorous) بێت و ببێتە ھۆی خۆشکردنی دۆخی بینەران لەرێی وروژاندنی ئارەزووی پێکەنین. بەتایبەت لەسەر تەختەی شانۆ، تەلەڤزیۆن، فلم، کۆمیدیای وەستاو (stand-up comedy) و کتێب و ھەر جۆرە نێوەندێکی دیکەی خۆشباری (entertainment)ەوە (Henderson.,١٩٩٣).

بەپێی توێژینەوەیەک کە بەزمانی ئینگلیزیی بڵاوکراوەتەوە؛ جەخت لەسەر پەیوەندیی پلەبەندی کولتورەکانی چێژبینینی میللیی لەدۆخی کۆمیدیی تەلەڤزیۆنە ھۆڵەندییەکاندا کراوەتەوە و راپێویی لەگەڵ ٣٤٠ ھۆڵەندییدا کراوە. بەپێی وەڵامەکانیان چوار جۆر کولتوری کۆمیدیی چێژبینین بەدەرکەوتوون کە دووان لەوانە پەیوەندییان بەپلەبەندییەوە ھەیە، ئەوانیش: شێوازی بێنرخ و بازاڕی (lowbrow style) کە بۆ شارەزایانی پەروەردەیی چێژبەخش نییە و رقیان لێیدەبێتەوە؛ شێوازی بەنرخ و بەرزی رۆشنبیری (highbrow style) کە لەلای زۆرینەی ئەو کەسانەوە کەم ناسراوە کە ئاستی پەروەردەییان نزمە. ھاوکات رێوشوێنەکانی چاوپێکەوتن بەکارھێنراون؛ بۆ تێگەیشتن لە ھۆکارەکانی پشت ئەم نموونە نوێنەرایەتیی نەکراوانەی زانین و رقلێبوونەوە (knowledge and dislike). ئەو دەرئەنجامانەش زۆرتر لەگەڵ چەمکی چێژی رەوا (legitimate taste)ی پیربۆردیۆدا دەگونجێن وەک لە مۆدێلی کۆد و دژەکۆد (encoding/decoding model)ی ستیوارت ھۆڵ. ھەروەک ئارگیومێنتی سەرەکیی ئەو توێژینەوەیەش لەوەدا چڕبووەتەوە کە پێویستە تێگەیشتن لە چێژ دا ھەبێت نەک تەنیا وەک نموونەیەک لە دڵخوازییەکان (preferences)، بەڵکو وەک زانین یان مەعریفەیەکی کولتوری (cultural knowledge). ئەو کولتورەش بەپێی گروپەکان جیاوازە و لەبەردەوامییدان بەپلەبەندییەکانی چێژ (taste hierarchies)دا یەکلاکەرەوەیە (Kuipers, ٢٠٠٦: ٣٥٩). واتە دەرئەنجامەکانی ئەو توێژینەوەیە سوودبەخش بوون؛ لەدەستنیشانکردنی تایبەتمەندییەکانی بەرنامە کۆمیدییەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاستە جیاوازەکانی زمانی راگەیاندن و کاریگەریی خراپ بەکارھێنانی لەسەر بینەرانی ھۆڵەندا، بەتایبەت لەرووی ئاست و ئاڕاستە و تایبەتمەندێتیی میدیایی، کولتوری، پەروەردەیی و دەروونیی و کۆمەڵایەتیی ئەو پەیامانەی لەبەرنامەیەکی کۆمیدییەوە ئاڕاستەی وەرگران دەکرێن.

لەبەرامبەردا و بەپێی توێژینەوەیەکی دیکە کە لەپێناو دەرخستنی ئاستی خراپ بەکارھێنانی زمانی راگەیاندن لە بەرنامە کۆمیدییەکانی تەلەڤزیۆنە کوردییەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق و کاریگەرییان لەسەر بینەران ئەنجام دراوە؛ سوود لە بۆچوونی ١٤٥ بەرتوێژ و شیکردنەوەی ناوەڕۆکی بابەتەکانی ١٢ ئەڵقەی ھەڵبژێردراوی ساڵانی ٢٠١٨-٢٠٢٠ی بەرنامەیەکی کۆمیدیی کەناڵێکی ئاسمانیی کوردیی وەرگیراوە. بەپێی دەرئەنجامە بەدەستھاتووەکانی ئەو توێژینەوەیە؛ خراپ بەکارھێنانی ئاستەکانی زمانی راگەیاندن لەو بەرنامە کۆمیدییەدا؛ کاریگەرییێکی نەرێنیی لەسەر بینەرانی بەرنامەکە ھەبووە. بەجۆرێک زۆرینەیان لەوەدا ھاوڕان کە ئەو بەرنامەیە بووەتە سەکۆیەکی میللیی بۆ ئاساییکردنەوەی جنێودان، بەخشینەوەی تۆمەت و ناوزڕاندنی کەس و گروپەکانی کۆمەڵگە و ھۆکارێک بۆ شێواندنی زمانی کوردیی و شێوەزارەکانی، بەرھەمھێنانی توندوتیژی زارەکیی و دەروونیی و تۆخکردنەوەی جیاوازییە رەگەزییەکانی نێوان نێر و مێ. ھەروەھا بووەتە ھۆی تێکدانی زەوق و سەلیقەی بینەرانی و رێزنەگرتنی خواستەکانیان و زیاتر بەدگۆیی و لاساریی منداڵان و ھەرزەکاران و ھۆکاری بێبەھاکردنی ئەتەکێتی کارکردنی ھونەریی و بنەما پەروەردەییەکان و سوکایەتییکردن بە خێزان و کولتوری کوردیی و تایبەتمەندییەکانی. لەناوەخنی بابەتەکانی ئەڵقە پەخشکراوەکانیشییەوە، ئەوە دووبارە بوەتەوە کە بەئامانجگرتنی پێکەنین، برەودان بە زمانی بازاڕیی، برەودان بە کولتوری باوی پیاوسالاریی و جیاکاری جێندەری، برەودان بە تابۆ کۆمەڵایەتیی و سێکسییەکان، شێواندنی یاسای زمان و تێکەڵاوکردنی شێوەزارەکان، برەودان بە ناو و ناتۆرەی کەسەکان، بەھەندوەرنەگرتنی رێنماییە تەندروستییەکان و پێشێلکردنی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن و پێوەرەکانی؛ ناسنامەی سەرەکیی ئەو بەرنامە کۆمیدییە بوون (ئەیڤەس و عەبدوڵا، ٢٠٢٠). ھەربۆیە گرنگە سنورێک بۆ پاشاگەردانی میدیای کوردیی و تراژیدیای بەرنامە کۆمیدییەکانی دابنرێت.