سەردێڕ:

نزیکبوونەوەی سعودیەو سوریا

5/12/2021 12:28:14 PM
4474 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

دوای ساڵانێکی زۆری دابڕان و لێکترازان و دڕدونگی لە نێوان بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی دوای بەھاری عەرەبی، واجارێکی تر جموجوڵێکی دیبلۆماسی خێرا ھاتۆتە ئاراوە، ھەموو ئەو لێداوان و بانگەشانەیان بیرچووەتەوە کەبە یەکتریان وتبوو، بەجۆرێک  کورد واتەنی با بە دەواری شڕی نەکردبوو.

من ھەر لەم گۆشەنیگای خۆمەوە کەمو زۆر باسی ئەو پەیوەندی لێکنزبوونەوانەم کردووە لە سەرەتاکانیدا، ھەرلە نزیکبوونەوەی میسر و تورکیا، عەرەبستانی سعودیە و ئێران، قەتەر و سعودیە، ئیسرائیل و ئیماراتی عەرەبی، ئیسرائیل و وڵاتانی تری کەنداوی عەرەبی.

ئەوەی ئەمجاری دەخوازم باسی بکەم لێکنزیکبونەوەی عەرەبستانی سعودیە و سوریایە کە پەیوەندییەکانیان لە ساڵی ٢٠١١ ەو بچڕاوە بە ھۆکاری شۆڕشی سوریا و شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتە و دەستوەردانەکانی سعودیە لە سوریا و لێدوانەکانی عادل جبیر ی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی سعودیە کە دەیوت ناکرێت پەیوەندی و دانیشتن لەگەڵ خوێنڕێژ و جەلادی گەلی سوریادا ئەنجام بدرێت، بە ھەرحاڵ لە سیاسەتدا ھیچ شت مەحاڵ نیە و بەرژەوەندی و پێشھاتەکان دواجار بڕیاردەدەن.

رۆژنامەی بەناوبانگی (گاردیان)ی بەریتانی لە ٤/ئایاری ٢٠٢١ ئاشکرایکرد سەرۆکی ھەواڵگری سعودیە خالید حمیدان سەردانی دیمەشقی کردووە و چاوی بەھاوتا سوریەکەی عەلی مەملوک کەوتووە.

پەیامنێری ئەو رۆژنامەیە لەناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست نووسیوویەتی لە رۆژی ٣/٥/٢٠٢١ یەکەم کۆبوونەوەلەنێوانیاندا بەڕێوە چووە، کە ئەمە ھەنگاوی یەکەمی کرانەوەی چاواڕوانکراوە لە نێوان دوو وڵاتدا لە دوای ململانێیەکی درێژ.

ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان
بەرپرسەکانی عەرەبستانی سعودیە ئەوەیان بە رۆژنامە بەریتانیەکە  راگەیاندووە کە ھەفتە داھاتوو لە دوای جەژنی رەمەزان ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتی عەرەبی سعودیە و سوریا دەستپێدەکاتەوە، ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگە بۆ سوریا و سەرۆکەکەی بەشار ئەسەد لە ئێستادا بە تایبەتی کە لە ٢٥ئایاری ٢٠٢١ بەشار ئەسەد خۆی کاندید کردووتەوە بۆ خوولی چوارەمی سەرۆکایەتی کۆماری عەرەبی سوریا و ھەڵبژاردن لە سووریادا بەڕێوەدەچێت.

ھەموو ئەم پێشڤەچوون و پەیوەندییانە لە کاتێکدا رودەدەن عەرەبستانی سعودیە وڵاتێکی سەرەکی بوو لە و پلانەی لەئارادا بوو بۆ کۆتایی ھێنان بە رژێمی ئەسەد لە سوریا، ئەویش لە رێگەی چەکدار کردن و کۆمەکی ھێزەکانی ئۆپۆزەسیۆنی سوریا، دواتر دوای دەستوەردانەکانی روسیا لە سوریا تەرازوی ھێز گۆڕا و پێگەو رۆڵی عەرەبستانی سعودیە پاشەکشەی کرد.

گرنگی نزیک بوونەوەی  ئەم دووانە
ھەنگاوی پاشتری ئەم کرانەوەیە کردنەوەی باڵوێزخانەی سعودیەیە لە دیمەشق کە ئەمەش گرنگی زۆری بۆ سوریا ھەیە لە رووی سیاسی و ئابووریەوە کە پێگە و ھەژموونی وڵاتانی ئیقلیمی  لەسوریا لاواز دەکات و بە پێچەوانەوەی پێگەی عەرەبی بەھێزدەکات.

لە رووی ئابوریشەوە بەھۆی جەنگی درێژخایەنی سوریاوە ئابوری ئەو وڵاتە داڕوخاوەو گەلی سوریا ئێستا بە یەکێک لە ھەژارترین گەلانی ناوچەکە دێتە ھەژماردن، نزیکبوونەوەی سوریا لە وڵاتانی زەنگینی کەنداو بە تایبەتی عەرەبستانی سعودیە دەستەکەوتی گەورەی بۆ خەڵکی سوریا دەبێت و بەتایبەتی تر بۆ سەرۆک ئەسەد کەبەجۆرێک لە جۆرەکان ڕەوایەتی بەدەست دەھێنێتەوە.

لەلایەکی ترەوە بۆ سعودیە گرنگە بەشداری لە ئاوادەنکردنەوەی سوریادا بکات، روسیاش پێی باشە سەرمایەی کەنداو بگەڕێتەوە بۆ سوریا، روسیا و سوریاش ھەوڵدەدەن لە رێگەی نزیک بوونەوە لە سعودیە کاریگەریان   لەسەر  ئەمریکا ھەبێت دەربارەی دۆسیەی سوریا بە تایبەتی کە ھێزەکانی ئەمریکا  لە باکوری سوریا ن و ھاوپەیمانی ھەسەدەن.

ھۆکاری کرانەوەی سعودیە بەڕوی سوریادا 
دوای ئەوەی ھەردوو ھاوپەیمانی ناوچەیی سعودیە  میسرو ئیمارات  پەیوەندیەکانی خۆیان ئاسایی کردەوە لە گەڵ سەرۆکی  سوریا بەشار ئەسەد، ئیتر سعودیەکانیش خێرا وەخۆ کەوتن و ھەنگاوی ھاوشێوەیان نا.

کورد و ئەم لێکنزبوونەوانە
یەکێک لەو بابەتانەی کەلەم کۆبوونەوانەدا باس دەکرێت بێگومان مەسەلەی کوردو ئایندەی کوردە لەم ناوچەیەدا، چونکە کورد یەکێکە لە چوار نەتەوەی ئەم ناوچە (( تورک عەرەب فارس کورد ))ئەگەر تائێستا بێبەش و بێبەری کرابێت لەمافە سیاسی و سەرەتاییەکانی خۆی، ئەوا  ئەم ناوچە نەئارامی و نەسەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیوە، بۆیە بۆلەمەودواش ئەگەر بخوازن بەھەمان ریتمی ڕابردوو ئەم ناوچەیە بەڕێوەبەرن دڵنیابن ئارامی و سەقامگیری بەدینایەت و ئەو ھاوکێشەیە ھاوسەنگ نابێت.