سەردێڕ:

گەشەپێدان شکستیخوارد

4/14/2021 4:39:40 PM
3134 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا کە باکگراوندێکی ئیسلامی ھەیە لە ١٤ ئابی ٢٠٠١ دامەزرێنرا لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری ئێستا و سەرۆکی پێشوو عەبدوڵڵا گویل و ھاوڕێکانیانەوە، ئەو پارتە نۆزدە ساڵە بێ بچڕان دەسەڵاتدارە، پێنج یەکی حوکمڕانی تەمەنی کۆماری تورکیای کردووە کە ساڵی ١٩٢٣ دامەزراوە و کۆتایی بە ‌خەلافەتی ئیسلامی دەوڵەتی عوسمانی ھێناوە، ئەم حزبە توانی جێ پەنجەی خۆی بەسەر مێژووی تورکیاوە بەجێ بھێلێت بە باش و خراپیەوە.

 دوای ئەو گۆڕانکارییانەی کە ‌پارتی داد و گەشەپێدان بە خۆیەوە بینی لە ھەموو شار و بازنە و ناوەندەکانی حزب، دوای نوێکردنەوەی متمانە بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان، حزبەکە زۆر گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆوەبینی ھەر لە پەیکەری حزب و ناوەندەکانی بڕیاردان لە کۆنگرەی حەوتەمی حزبەکە کە لە رۆژی ٢٤/٣/٢٠٢١ لە ئەنقەرە لە ژێر دروشمی (متمانە و سەقامگیریی لە پێناوی تورکیادا). 
ھەر لە ‌کۆنگرەدا ئەردۆغانی سەرۆکی حزب نەخشەڕێی حزبەکەی خستەڕوو بۆ ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٣ یان ھەر ھەڵبژاردنێکی تری پێشوەختە کە ‌بێتە پێشەوە لە ژێر گوشاری ئۆپۆز‌سیۆندا، جگە لەوەش تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخە سیاسی و ئابوورییە سەختەی کە تورکیای پێدا دەڕوات و کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەو جیابوونەوە و لێکترازانانەی کە حزبەکەیان لەماوەی رابردوودا بەخۆیەوە بینی. 
گرنگترین گۆڕانکارییەکان لە داد و گەشەپێداندا: 
 ١/ مانەوەی ئەردۆغان بە سەرۆکی حزب و بە دەستھێنانی دەنگی ھەموو دەنگدەرانی کۆنگرە کە ١٤٢٨ کەس بوون، لە کاتێکدا ئۆپۆز‌سیۆن داوای دەست لەکارکێشانەوەی ئەردۆغانیان لە سەرۆکایەتی حزب دەکرد بۆ ئەوەی بەیەک مەودا بەرامبەر بە ھەموو لایەنەکان بووەستێت.
٢/ دەرکەوتنەوە و دانانەوەی بینالی یەڵدرم سەرۆک وەزیرانی پێشوو دوای ئەوەی لە ھەڵبژاردنەکانی شارەوانی ئیستا‌نبوڵ شکستی ھێنا بەرامبەر بە کاندیدی جەھەپە ئەکرەم ئیمام ئۆغلو بە ‌جێگری سەرۆکی حزب لە گەڵ ھاوڕێکەی نوعمان قورتولموش.
٣/ زیادکردنی ئەندامانی کۆمیتەی باڵای سەرکردایەتی حزب لە ٥٠ کەسەوە بۆ ٧٥ کەس، لەوانە ٢٨ کەسیان لە سەرکردایەتی پێشوو ماونەتەوە لە جێگەی خۆیان، ٤٧ کەسی نوێ ھاتنە سەرکردایەتی کە لە ناوچە و شارە جیاجیاکانەوە ھاتوون و گەنجی زۆریشی تێدایە.
٤/ رێژەی نوێنەرایەتی ژنان لە کۆمیتەی باڵای سەرکردایەتی حزب بەرزبۆوە بۆ ١٩ ژن.
٥/ کۆمیتەی سەرکردایەتی فراوانکرا بۆئەوەی نوێنەرایەتی ئایین و ئتنیکە جیاوازەکانی تورکیا بگرێتەخۆ.
٦/ ھەر لەبەر رۆشنایی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لەپەیکەری حزبدا کراوە، پێشبینی دەکرێت گۆڕانکارییەکیش لە کابینەی حکومەتدا بکرێت. لەلایەکی ترەوە ھەندێک لە چاودێرانی بارودۆخی ئاکەپە و تورکیا لەو بڕویەدابوون کە زاواکەی ئەردۆگان (بەرات بەیرەق) کە پێشتر وەزیری دارایی و گەنجینە بوو لەم کۆنگرەیەدا بگەڕێتەوە و پێگە و پۆستی حزبی وەربگرێت، بەڵام وا دەرنەچوو لەبەرئەوە وادیارە ھێشتا ناکۆکییەکان ھەر ماون لە نێوانییاندا و کاتی زیاتری پێویستە. پەیامی ئەردۆغان بۆ دەرەوە و ناوخۆ ئەردۆغان وتارەکەی لە کۆنگرەدا ئاڕاستەی دەرەوە و ناوخۆش کردبوو، ھەروەھا ئەو ریفۆرم و گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووریی و مرۆییانەی خستەڕوو کە وەکو نەخشەڕێی حزبن بۆ یادی ١٠٠ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٣، ھەروەھا باسی ھەموو ئەو دەستکەوتانەی کرد کە حزبەکەی لە ماوەی ١٩ساڵی فەرمانڕەواییدا بۆ گەلی تورکیای بە دەستھێناوە.
 بۆ بەرەی ناوخۆ داوای لە ھەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کرد کە ھاوکاریان بن بۆ ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێ بۆ تورکیا دوور لە ‌ھەر بیربۆچوون و ئایدیۆلۆژیایەک، لە کاتێکدا ئەردۆغان ئەم داخوازییە دەکات لە ساڵی ٢٠١٧ دەستووری تورکیایان ھەموار کردەوە و سیستمی حوکمڕانیی وڵاتەکەیان گۆڕی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی.
 ھەر لەو وتارەدا پێداگریی کرد لەسەر ھاوپەیمانی گەل ئەو ھاوپەیمانێتییەی کە ئەکەپە و مەھەپەی ناسیۆنالیست و رەگەزپەرست پێکەوە دەبەستێتەوە و پێکەوە دەستووریان گۆڕی، وتیشی لە ساڵی ٢٠٢٣ پێکەوە سەرکەوتنی گەورەتر بەدەست دەھێنین لەگەڵ مەھەپە و دەوڵەت باخچەلی.
 پەیامەکەی بۆ دەرەوەی تورکیا ئەردۆغان لە پەیامەکەیدا روو لە وڵاتانی دەرەوە وتی: ئامادەین ژمارەی دۆستەکانمان زیادبکەین، کۆتایی بە ‌حاڵەتی دوژمنایەتی بھێنین لە ماوەی داھاتوودا و ناوچەکە بکەینە مێرگێکی ئارام، پەیوەندییەکانمان دادەڕێژینەوە لەسەر بنەمایەکی دروست لەگەڵ ئەمریکا و روسیا و وڵاتانی عەرەبی و یەکێتی ئەوروپا کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی تورکیا و ئامانجەکانی گەلی تورکیادا بگونجێت. لە کاتێکدا ئەردۆغان ئەم لێدوانانە دەدات کە وڵاتەکەی تێوەگلاوە لە زۆرێک لە کێشە و ململانێکانی ناوچەکە ھەر لە عیراق و سوریا و لیبیا و یەمەن و لوبنان و سۆمال و قەتەر و شوێنی تریشەوە.
 مەبەستی ئەردۆغان لەم باسوخواسانە ناوەندەکانی راپرسی دۆخی نالەبار و باری خواری ئەکەپە و ھاوپەیمانێتی گەلییان دەرخستووە لە ماوەی رابردوودا، بە تایبەتی لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی ٢٠١٩ کە ئەکەپە شارەوانیی شارە گەورەکانی ئیستا‌نبوڵ و ئەنقەرە و ئەدەنە و ئەزمیریان لەدەستدا لە بەرامبەر کاندیدەکانی ئۆپۆزسیون بە سەرکردایەتی جەھەپە، ھەربۆیە ئەو ریفۆرم و گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوورییانە لە دەوڵەت و پەیکەری حزبی ئەکەپەدا مەبەست لێی بەدەستھێنانەوەی ئەو دەنگانەیە کە لەدەستیداوە و ئاشتکردنەوەیانە.
 ئەردۆغان و پرسی ژنان ئەردۆغان لە کاتێکدا پاشەکشەی کردووە لە رێکەوتنامەی ئیستا‌نبوڵی تایبەت بە مافی ژنان و پاراستنی خێزان، کە ئەمەش لەگەڵ ناڕەزاییەکی زۆری ژناندا روبەڕوبۆوە، لەو کاتەدا رێژەی ژنانی زیادکردووە لە کۆمیتەی باڵای سەرکردایەتی حزبدا، لەلایەکی ترەوە رێژەی کورد لە کۆمیتەی باڵای سەرکردایەتی حزبدا زیاددەکات بۆ راکێشانی سۆز و دەنگی کورد لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا، لەولاوە لە ھەوڵی داخستنی (ھەدەپە)دایە بە ھاوکاریی مەھەپە. لەلایەکی ترەوە ئەردۆغان لەڕێگەی دانانی ھەندێک گەنج و لاو بۆ سەرکردایەتی حزب دەخوازێت سۆز و دەنگی گەنجانی وڵات بۆلای خۆی رابکێشێت ئەوانەی کە ژمارەیان حەوت ملیۆن کەسە و بۆ یەکەمجارە بەشداریی دەنگدان دەکەن، بەڵام ناتوانێت قسەیان لەگەڵدا بکات، چونکە ئەمانە لەوەتەی لە دایکبوون ھەر ئەم حزبەیان لە دەسەڵاتدا بینیووە و حەزیان بە گۆڕانکاریی و دەموچاوی نوێیە. پێناچێت ئەم ھەنگاوانەی ئەردۆغان و ئەکەپە بتوانن باری لاری ھاوپەیمانێتی گەل راست بکەنەوە، بەھۆی ئەو ھەموو قەیران و تەنگژانەی کە بەرۆکی تورکیایان گرتووە بە تایبەتی دوای سەرھەڵدانی کۆرۆنا ڤایرۆس و دۆسێکانی مافی مرۆڤ و ئەو گرفتانەی بەھۆی کشانەوەی لە رێکەوتننامەی ئیستا‌نبوڵی تایبەت بە پاراستنی مافی ژنان و خێزان بەرەوڕووی بۆ‌تەوە، ھەروەھا ھەوڵدانیان بۆ داخستنی (ھەدەپە)، ئەو لێکترازان و جیابوونەوانەی کە ئەکەپەی گرتۆتەوە، ئەرکی ئەردۆغان و ئەکەپەیان قورسکردووە لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا لە بەرامبەر ھاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن کە لە ھەوڵی ئەوەدان کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەردۆغان بھێنن.

کۆتایی بەم باسوخواستە بە وتەیەکی نووسەری تورکیا (حوسنی مەحلی) دەھێنم، کە لە دوا وتاریدا دەربارەی ئەکەپە نووسیوێتی «دوای بیست ساڵ لە ‌دامەزراندنی داد و گەشەپێدان، دادپەروەریی ونبووە و گەشەپێدانیش شکستی ھێنا».