سەردێڕ:

عه‌ره‌ب و یه‌هود له‌ دوژمنه‌وه‌ ده‌بن به‌دۆست؟

9/26/2020 8:48:58 PM
4628 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

ئەگەرچی یەکەم رێککەوتنی ئاشتی لە نێوان میسر و ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٧٩ ئیمزا کرا بەناوی رێککەوتننامەی (کامپ دیڤید ) لەلایەن ( ئەنوەر سادات )ی سەرۆکی ئەوکاتی میسر و( مناحیم بیگن )ی سەرۆک وەزیرانی دەوڵەتی ئیسرائیلی ئەوکات بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەوسای ئەمریکا (جیمی کارتەر )، کە ئەمەش کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا ھێنا کار گەییە ئەوەی میسر لە کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی دەربکرێت و ھەموو وڵاتانی عەرەبی و تەنانەت ھەندێک وڵاتی ئیسلامیش پەیوەندییە دیبلۆماسیەکانیان لەگەڵ میسر بقرتێنن.

لە دوای ئەوەش ئیسرائیل رێککەوتنەکانی ئۆسلۆ لەگەڵ فەلەستینیەکان و رێککەوتنی وادەی عەرەبە لەگەڵ ئوردن و ئەم رێککەوتننانەی ئەم دواییە لەگەڵ ئیمارات و بەحرەین بەست، ئەوەی گرنگە بەلامەوە و مەبەستمە باسی بکەم و بیوروژێنم بە کورتی لەم وتارەدا ئەوەیە ئایا رێککەوتننامە ‌و پەیماننامە ‌و پرۆتۆکۆلاتی فەرمی دەتوانن کێشە و قەیرانێکی قوڵی فرە رەھەندی وەکو کێشەی عەرەب-ئیسرائیل چارەسەر بکەن؟

کێشەیەک حەفتا و دوو ساڵە درێژەی ھەیە و سێ شەڕی گەورە لە نێوانیاندا لە ساڵەکانی ١٩٤٨ و ١٩٦٧ و ١٩٧٣ روویداوە ‌و ھەموو عەرەب لە کەنداوی عەرەبیەوە تاوەکو ئۆقیانووسی ئەتڵەسی خەڵکی یەھود و دەوڵەتی ئیسرائیل بە دوژمنی زایۆنیزم ناو دەبەن و لە ھەموو پڕۆگرامەکانی خوێندنیاندا رەنگی داوەتەوە ‌و وا بە ئاسانی لە بیرەوەری گشتی نەتەوەی عەرەبدا ناسڕێتەوە.

ئەگەر لە ئێستادا سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ کە کەمتر لە دوو مانگی ماوە بۆ ھەڵبژاردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتی، دەخوازێت بەم رێککەوتنە خێرا و پەلە پەلانە لە نێوانی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو باڵانسی دەنگەکانی بەرز بکاتەوە بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتیەکەی لەلایەن یەھودییەکانی ئەمریکاوە ‌و سوود لە پێگە ‌و توانا داراییەکانیان وەربگرێت.

لەلایەکی ترەوە نەتەوەی عەرەب لە بەرامبەر پشتیوانی ئەمریکا و ئەوروپا و روسیا و زۆرێکی تر لە وڵاتانی جیھان لە دەوڵەتی ئیسرائیل لە ھەموو کۆڕ و کۆبوونەوە و مەحفەلە نێودەوڵەتییەکاندا، ھەست بە پشتگوێخستن و زوڵمێکی گەورە دەکەن، وەکو دەرئەنجامێکی ئەو ناھەوسەنگییە ئەو ھەموو رەوتە جیھادی و تیرۆریستی و توندوتیژە سەری ھەڵداوە لە ناو ھەناوی کۆمەڵگای عەرەبیدا کە لە ھەموو کون و کەلەبەرێکی ئەم جیھانە بەدی دەکرێت، نمونە زۆرن ھەر لە رووداوەکانی ١١ سێپتێمبەر لە ئەمریکا تاوەکو دەیان و سەدان کردەوەی تیرۆریستی خۆکوژی لە شارە گەورەکانی جیھان لە ئەوروپاوە بۆ ئاسیا و ئەفریقیا و ئوستراڵیا و...ھتد .

لە مانگی ئابی رابردوودا پەیوەندییەکانی دەوڵەتی ئیمارات و ئیسرائیل ئاسایی کرایەوە، دواتر باسی رێککەوتنی عەرەبستانی سعودیە و ئیسرائیل بە گەرمی ھاتە ئاراوە بەھۆی چەند فاکتەرێکەوە :-

١-پەیوەندی نزیکی شازادەی جێنیشین محەمەد بن سەلمان لەگەڵ جارید کۆشنەری زاوای ترەمپ و ئەندازیاری سەودای سەدە و خودی ترەمپ.

٢-دیدی شازادە محەمەد بۆ گۆڕینی سعودیە لە وڵاتێکی کۆنزێرڤاتیڤەوە بۆ وڵاتێکی نوێ سەردەمیانەوە و نوێ و کراوە.

٣-دروستکردنی جەمسەرێکی بەھێز لە نێوان سعودیە ‌و ئیسرائیل کە ھەردووکیان دۆستی ئەمریکان دژ بە ئێران .

کەچی سەرەڕای ئەو فاکتەرە بەھێزانەش بەربەستی گەورە بۆ پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعودیە و ئیسرائیل ھاتنە پێش، لەلایەن خودی مەلیک سەلمان پادشای وڵاتەوە بە گوێرەی ئەو ھەواڵانەی دزەییان کردووە بۆ میدیاکان شا سەلمان وتوویەتی ئێمە خاوەنی دەستپێشخەری خاک بەرامبەر بە ئاشتین کە دوو دەیە بەر لە ئێستا کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبیش بە فەرمی پێشتیوانیان کرد، کە ئیسرائیل لە خاکە داگیرکراوەکان پاشەکشە بکات بەرامبەر بە ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان یان بەڵێن بدات کە پاشەکشە بکات لە داھاتوودا، بەڵام پێچەوانەی ئەمە واتە ئاساییکردنەوەی خۆڕایی و بێ بەرامبەر خیانەتە لە مەسەلەی فەلەستین بە رای فەلەستینیەکان .

بۆیە عەرەبستانی سعودیە لە رووی قەوارە و پێگە و ژمارەی دانیشتوانەوە زۆر جیاوازە لە بەحرەین و ئیمارات، جگە لەوەی حیجاز لانکەی ئایینی ئیسلام و شوێنی ھەموو مەزارە پیرۆزەکانی ئیسلامە و خۆی بە خاوەن و دەمڕاستی ھەموو موسڵمانانی جیھان و کێشەکانیان دەزانێت، بۆیە لە ئێستادا و بە زیندویەتی شا سەلمان گرێدانی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل کارێکی سانا نییە، بۆیە پێدەچێت لە سەردەمی شازادە محەمەد دا ئەو گۆڕانکارییە بێتە دی کە خاوەنی دونیابینی نوێیە کە دەخوازێت عەرەبستان بکاتە ھێزێکی ئیقلیمی بەھێز و کاریگەر بە ھاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل .

لە کۆتاییدا ھەرچەندە ھەندێک ئاماژە بەدی دەکرێن لە لایەن میدیاکانی سعودیە و پیاوانی ئایینی ئەو وڵاتەوە کە باسی دوژمنی زایۆنیزم ناکەن و میدیاکان باسی ھۆلۆکۆست دەکەن، بەڵام وەکو گەواھیەکیش بۆ وتەکانی سەرەوەم لەسەر پەروەردە و ھەڵوێستی نەتەوەی عەرەب، ئاکامی راپرسییەکی پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژھەڵاتی دوور کە لە عەرەبستانی سعودیە ئەنجامیانداوە دەخەمەڕوو کە زۆربەی زۆری سعودیەکان دژی ئاساییبوونەوەی پەیوەندی وەرزشی و بازرگانین لەگەڵ ئیسرائیل تەنھا ٩% لایەنگری ئاسایی کردنەوەن لەگەڵ ئیسرائیل.