سەردێڕ:

گێڕانەوەی ئەرشیفەکانی بەعس لە ئەمریکاوە بۆ عێراق

9/19/2020 9:27:45 PM
3465 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

لە ٣١ ئابی ٢٠٢٠ حکومەتی عێراق ( ٤٨ ) تەن دۆکۆمێنت و ئەرشیفی  حزبی بەعس و حکومەتی عێراق وەرگرتەوە لە حکومەتی ئەمریکا کە بە گوێرەی رێککەوتنێکی پێشووتر لە نێوانیان واشنتۆن و بەغداد واژۆ کرابوو .

ئەوەی روونە لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق یان داگیرکردنی لەلایەن ئەمریکاوە ساڵی ٢٠٠٣، ھێزەکانی سوپای ئەمریکا دەستیانگرت بە سەر زیاتر لە پێنج ملیۆن لاپەڕە لە دۆکۆمێنت و نامەی نێردار و وەڵام لە نێوان سەرکردایەتی ھەرێمی عێراقی حزبی بەعسی فەرمانڕەوا (١٩٦٨-٢٠٠٣ ) و دامودەزگاکانی دەوڵەتی عێراق، کە پەیوەندییان بە کاروباری کارگێڕی و ئەو راپۆرتانەوە ھەیە کە ئەندامەکانی حزبی بەعس لەسەر ھاوڵاتیان و دراوسێ و خزم و کەسوکاری خۆیان نووسیویانە، کە تۆمەتباریان دەکەن بەوەی کە رەخنەیان لە سەدام حسێنی سەرۆکی رژێمی پێشوو گرتووە، یان لەسەر سەربازەکانی سوپای عێراق کە تۆمەتباریان دەکەن بە خیانەت کاتێک کە بە دیل گیراون لە جەنگی ھەشت ساڵەی عێراق و ئێراندا و زۆر بابەتی تریش .

ھەرچەندە حکومەتی عێراق دوای وەرگرتنەوەی ئەو دۆکۆمێنتانە کە ئەرشیفی سەرکردایەتی حزبی بەعسە، یەکسەر لە شوێنێکی نھێنی ھەڵیگرتن، نیازیشیان نییە ناوەڕۆکی ئەو دۆکۆمێنتانە بۆ خەڵکی عێراق ئاشکرا بکەن لە ئێستادا یان بیانخانەڕوو تاوەکو خاوەن پەیوەندی و توێژەران و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی مێژوویی کەڵکی لێ وەربگرن، ئیتر لەبەرئەوەی بێت رووداوەکان کاتێکی زۆریان بەسەردا تێنەپەڕیووە ھێشتا، بەشێکی زۆر ئەو کارەکتەرانە لەوەیە تا ئێستا لە ژیاندا مابن و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بخاتە مەترسییەوە ز

گرنگی ئەو ئەرشیفە

لە کاتی سەردانەکەی ئەم دواییەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق  بۆ ئەمریکا دوای ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لێی کرا، بەشی سێیەمی ئەرشیفی عێراقی رادەستکرا کە پێشتر ئاماژەم پێدا، بەشەکانی تر پێشتر وەرگیرابوو وە لەلایەن عێراقەوە بەشی یەکەم دۆسیەی حکومەت و ھەواڵگری بوو، بەشی دووەم دۆسیەی کورد بوو، دۆسیەی سێیەم و کۆتاییش ئەم دۆسیە بوو کە کازمی وەریگرتەوە گرنگترینی دۆسیە و بابەتە ھەستیارەکان بوو لەبەرئەوەی تەواوی کۆنووسی کۆبوونەوە ناوخۆییە تایبەتەکانی سەرکردایەتی (قوتری ) ھەرێمایەتی حزبی بەعسی لە خۆگرتووە، جگە لە ناوەی سەرکردەکانی حزب و ئەو نووسرا و موراسەلاتانەی کە لە نێوان سەرکردایەتی حزبی بەعس و دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ئاسایش و ھەواڵگری لەوکاتەدا کراوە، جگە لەو پڕۆسەی چاودێری و سانسۆرەی کە حزبی ناوبراو بەرامبەر بە ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی عێراق بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە ئەنجامی داوە، کە بەشێکی زۆری ئەوانە فەرمانڕەوای عێراقن ئێستا، ھەروەھا ناوی ھەموو ئەو کەسانەشی تێدایە کە دامودەزگاکانی بەعس بەکاری ھێناون بۆ سیخوڕی و سانسۆری گەلی عێراق .

ھەربۆیە ئێستا بەشێکی زۆری عێراقییەکان خوازیارن ئەو دۆسیانە ببینن بۆ ئەوەی چارەنووسی کەسوکارە بێ سەر و شوێنەکانیان بزانن جگە لە چارەنووسی کوەیتیەکان کە لە کاتی داگیرکردنی کوەیتدا شوێن بزر کران ساڵی ١٩٩٠ .

کازمی و ئەرشیفەکە

بەو پێیەی مستەفا کازمی لە دامەزراوەی زاکیرەی عێراقی کە لە ساڵی ٢٠٠٣ لە ئەمریکا دامەزراوە بۆ دۆکۆمێنت کردنی سەردەمی فەرمانڕەوای بەعس پێشتر کاری کردووە، زۆربەی ھەرەزۆری ئەو دۆسیانەی بینیووە و سوودی لێ وەرگرتووە بە تایبەتی لەوکاتەی سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری عێراق بوو پێش ئەوەی ببێت بە سەرۆک وەزیرانی عێراق، ھەرچەندە وا راگەیەنرا کە رادەستکردنەوەی ئەو دۆکۆمێنتانە لەکاتی سەردانەکەی کازمی بۆ واشنتۆن پەیوەندی بە ھۆکاری تەکنیکییەوە ھەبووە نەک سیاسی ورد، لەبەرئەوەی لایەنی ئەمریکی لێکتێگەیشتنی پێشتری لەگەڵ لایەنی عێراقی ھەبووە سەبارەت بەم دۆسیانە .

بەڵام لە عێراق بە پێچەوانەوەی لێدوانەکانی ئەمریکا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت کە ئەمە نیاز پاکی نییە و کازمی ھەوڵدەدات کە خۆی ناوەڕۆک و وردەکاری دۆسیەکان بزانێت دژی ھەندێک کەسایەتی و لایەن لە ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراقدا بەکاری بھێنێت و بەتایبەتی زۆر لایەن و کەسایەتی و پیاوی ئاینی و مەزھەبی و سەرۆک خێڵ و تەنانەت میدیاکاریش ھەن کە کاریان بۆ دامودەزگا جاسوسی و داپڵۆسێنەرەکانی رژێمی بەعس کردووە و ئێستا لەسەر شانۆی سیاسەتی عێراق ژمارەی دیارن و لە پێشەوەن خۆیان وا نمایش دەکەن کە دژی رژێمی پێشوو و سیستمی دیکتاتۆری بوون .

لە کۆتاییدا ماڵپەڕ و ناوەندەکانی نزیک لە بەعس لە گرنگی ئەم دۆکۆمێنتانە کەم دەکەنەوە و دەبێژن ئێمە حزبی فەرمانڕەوا بووین و بە ئاشکرا کارمان کردووە، نەک کاری نھێنی ئەو ئەرشیفی دەوڵەت و حکومەتە.