سەردێڕ:

عێراق لە داخوازی خزمەتگوزارییەوە بۆ شۆڕش

11/10/2019 6:05:59 PM
2962 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

ئەگەرچی لە عێراقی نوێ دا ئەمە یەکەم جار نیە خۆپیشاندان و ناڕەزایی لەلایەن کۆمەڵانی بەرینی خەڵکەوە بە شێوازی جیا جیا دەرببڕێت، بەڵکو ئەوە مافێکی دەستوورییەو دەستووری عێراق ئەو مافەی بۆ گەلی عێراق فەراھەم کردووە، ھەر بۆیەش پێشتریش سوونەکان و دانیشتوانی ھەرێمی کوردستانیش پەنایان بۆ بردووە لە کاتی پێویستدا تەنانەت قوربانیشی لێ کەوتۆتەوە.

ئەوەی ئەمڕۆ لە شارە کانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەگوزەرێت سەرەتا داخوازییەکانیان لە چاکسازی و دابینکردنی خزمەتگوزاریدا کورت کردبووەوە، بەڵام ئێستا دوای ئەوەی خۆپیشاندانەکان درێژەی کێشا تا ئەم ساتەوەختەی من ئەم وتارە دەنووسم ھەواڵەکانی باس لە کوژرانی ٢٧٥ کەس  و برینداربوونی ١٢ ھەزار کەس دەکەن، داخوازییەکانی خۆپیشاندەران گۆڕانکاری بنەڕەتی و گەورەی بە سەردا ھاتووە، باسی گۆڕینی دەستوور و دادگاییکردنی ھەموو گەندەڵکاران و دوورخستنەوەی ئەم تاقم و دەستانەی کە ئێستا لە سەر شانۆی سیاسەت لە عێراقدا ڕۆڵی کارایان ھەیە و تا بینا قاقایان نوقم گەندەڵی و بێ دەربەسییە بەرامبەر بە ئایندەی گەل و وڵات.

لە لایەکی ترەوە خوازیاری کۆتایی ھێنان بە دەستوەردانی دەرەکین لە عێراق و بە تایبەتی ڕۆڵی ئێران کە بە ئاشکرا لە دروشم و ھوتافی خۆپیشاندەراندا بە ئاشکراو بە دەنگی بەرز و بە بێ سڵەمینەوە دەبینرێت.
ئەگەر شانازی عێراقی نوێ، دیموکراسی و مافی ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندان و مانگرتن بوو بێت، ئەوا ئێستا کە لوولەی چەکەکان ڕوو لە سینگی کچ و کوڕانی خێر لە خۆ نەدیووی عێراق بێت، ئەنجومەنی نوێنەران کە بنەمای سیستمی دیموکراسی پەرلەمانی عێراق بێت، ئەو ژمارەی قوربانیەکان بێت کە لە سەرەوە ئاماژەم پێداوە، ئێستا ئیتر ئەمەی دەگوزەرێت ناکرێت ناوی لێ بنێین دیموکراسی، بەڵکو بارودۆخێکی فشۆڵ و لاوازو بێ ھیچ بنەمایەک و پێگەیەکی جەماوەرییە، بەڵکو  ئەوە کۆمەڵە ھێزو تاقمێکی ناکۆک و وابەستەی وڵاتانی ئیقلیمی و نێو دەوڵەتین.

کابینەکەی عەبدولمەھدی 
ئەو کابینەی عادل عەبدولمەھدی سەرۆکایەتی دەکات و ساڵێک و چەند ڕۆژێک بە سەر تەمەنیدا تێ پەڕیووە، بە خراپترین کابینەکان دێتە ئەژماردن چونکە کەموکورتی و کێشەی چوار کابینەی پێش خۆی کۆبووەتەوەو بەسەر ئەمدا شکاوەتەوە و ئەمیش ھیچ پشتیوان و ھێزێکی گەورەی لە پشت نیە تا بتوانێت ئەو بەرنامانەی کە دایناوە جێبەجێیان بکات، بەڵکو دەستی بەستراوەتەوە لە لایەن ھەموو قەوارەکانەوە ھەرچەندە بەڵێنی ئەوەیان پێدا کە دەستی واڵا بکەن، بەڵام نەیانکرد و تەنانەت بۆ دانانی وەزێرێک ھەشت مانگ دەنگیان لە سەر نەدەدا.

ئایندەی لایەنە تائیفیەکان و ناسنامەی خۆپیشاندەران 
کاتێک عەبدولمھدی کرا بە سەرۆک وەزیران وەکو کاندیدی ڕێککەوتن و سازان بۆ ڕێگرتن لە بەریەککەوتنی لایەنە شیعیەکان کە دانیان بە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکاندا نەدەناو بە تایبەتی گومانیان لە سەر دەنگدانی ئەلکترۆنی ھەبوو کە ساختەی گەورەی تێداکرابوو، پرسیارێک لێرەدا خۆی قووت دەکاتەوە کە زۆر لۆجیکیە کە ئایا ھێزگەلێک بڕوای بە دۆڕان لە ھەڵبژاردندا نەبێت و بڕوای بە گۆڕانکاری و دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەستەڵات  نەبێت، چۆن ھەڵسووکەوت و گوێ ڕایەڵی داخوازییەکانی خەڵکی بێ کارو برسی دەبێت؟

لە کۆتاییدا ئەوەی تێبینی کراوەو ئامارەکانی چالاکوانان لە گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان ئەنجامدراوە ٧٥% ئەوانە بێ لایەنن و سەربە ھیچ حزبێکی سیاسی نین و ٢٥% دەرچووی زانکۆو پەیمانگاکان و ھەڵگری بڕوانامەی بەرزن، ئەوانەن کە بەشداری ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ یان نەکرد، ھەموومان ئاگادارین کە ڕێژەی بەشداریکردن لەو ھەڵبژاردنەدا زۆر لاواز بوو. ئەم خەڵکە ئێستا ھاتوون داوای مافەکانیان دەکەن، بەڵام باشترە بە ئاشتیانەو دوور لە توندو تیژی بەردەوام بن و ڕێ نەدەن ئاژاوە گێڕو دەستی دەرەکی بەلاڕێیدا بەرن.