سەردێڕ:

جینۆسایدی ئەرمەن، پەیوەندییەکانی تورکیاو ئەمریکای ئاڵۆزترکرد

11/5/2019 9:58:27 PM
4228 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -


بورھان شێخ ڕەئوف
ناکرێ و ناتوانرێت تا ئەبەد بەری خۆر ی ڕاستیەکان بگێرێت , بەڵکو بە تێپەڕبوونی کات و ڕۆژگار زۆر ڕاستی ڕوون و ئاشکرا دەبنەوە و پەردەیان لە سەر ھەڵدەماڵرێت ,دەردەکەوێت کێ تاوانبارەو و کێ قوربانی .تەنانەت ھەندێک لەوکارو تاوانانەکاریگەری و زیانەکانی بۆ نەوەکانی داھاتووش دەمێنێتەوە.
بۆیە تورکیاش ناتوانێت تا کۆتایی دنیا نکووڵی لە جینۆسایدو قڕکردنی یەک ملیۆن و نیو ئەرمەنی بکات و پەنجەرەو دەرگاکانی  مێژوو کڵۆم بدات کە لە لە ساڵی ١٩١٥ و ساڵانی دواتریش ئەنجامی داوە, چونکە ئەوە ڕاستیەکی بەڵگە نەویستەوە دەیان دۆسیە و دۆکۆمینتی بەھێز ھەن دەیسەلمێنن .
دوا ھەنگاوی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە ٢٩ تشرینی یەکەم ٢٠١٩ بە کۆی دەنگ ٤٠٥ دەنگ بەڵێ بەرامبەر ١١ دەنگ ناڕازی دانیان نا بە جینۆسایدو قەتڵ و عام و قڕکردنی گەلی ئەرمەن لە سەردەمە دەوڵەتی عوسمانی , لە سادەترین واتادا ئەم مەسجە ماناو مەدلوولی ڕاشکاوانە بۆ دەوڵەتی تورکیا و سەرۆک کۆمارەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان ھەیە ئەویش ئەوەیە کە ھەڵەکانی ئێستا دەفتەری تاوان و قەرزە کۆنەکانی ڕابر دوو ھەڵدەداتەوە.
بەڵێ کوشتاری ئەرمەن پەڵەیەکی ڕەشە بەناوچاوانی تورکەوە لە ھەموو کاتێکدا , چونکە ئامارەکان و سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن کە پتر لە یەک ملیۆن ونیو ھاوڵاتی ئەرمەنی سڤیل و بێتاوان قڕکراوان و ژنی سکپڕ ورگیان دڕاوەو دەستدرێژی کراوەتە سەریان , پیاوانی پیرو پەککەوتەو و مناڵ و پیرەژن لەسەر ڕێگاو بانەکاندا لە خاچ دراون .
ئەگەرچی لە ڕابردوودا بە ھۆی سیستمی دوو جەمسەری جیھان و جەنگی ساردەوە ئەمریکاو ئەوروپیەکان و ناتۆ گرنگیەکی زۆریان بە تورکیا دەداو  وەکو ھێڵی پێشەوە بەرامبەر بە یەکێتی سۆڤیەتی جاران لێ ی دەڕوانرا, بەڵام ئێستا ئەو دیدە گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا ھاتووەو دەرھەق بە تورکیا لە لایەن ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی لە ناتۆ بەھۆی کۆمەک و ھاریکارییەکانی ئەردۆگان بۆ تاقم گروپە تیرۆریستەکان , زۆر لە قەبارەو گرنگیەکەی دابەزیووەو تەنانەت باسی ئەوە دەکەن کە کاتی ئەوە ھاتووە تورکیا لەو ھاوپەیمانێتیە وەدەرنرێت .
ھۆڤیەتی و دڕەندەیی تورکیا بەرامبەر کەمینە نەتەوەیی و ئتنیکیەکان  ھەرلە کۆنەوە تا ئێستا و بە تایبەتی ئەوەی لەم دواییەدا بەرامبەر بە کوردەکانی سوریا کردی یان ,  ھانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ی دا بە ھەردوو پارتی گەورەی دیموکرات و کۆمارییەکانەوە کە ھەوڵی سزادانی تورکیا بدەن ئەگەر لە ڕووی مۆراڵیشەوە بێت .
کاردانەوەکانی تورکیا بەرامبەر بەم بڕیارە 
لە ٣٠ تشرینی یەکەم ٢٠١٩ واتە ھەر ڕۆژێک دوای بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا , وەزارەتی دەرەوەی تورکیا باڵوێزی ئەمریکای لە ئەنقەرە بانگھێشت کرد تاوەکو نیگەرانی و ناڕەزایەتی حکومەتی تورکیا  بە ئەمریکا بگەیەنێت بەرامبەر بەو بڕیارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە بە فەرمی جینۆسایدی ئەرمەنەکانی لە لایەن دەوڵەتی عوسمانیەوە ناساند بوو لە سەدەی پێشوو .
ئاژانسی ئەنازۆڵی تورکی فەرمی لە زاری بەرپرسانی پایە بڵندی وڵاتەکەیەوە ئەوەی ڕاگەیاند بوو کە ئەم بڕیارە ھیچ بنەمایەکی یاسایی و مێژوویی نیەوە کە لە ساڵی ١٩١٥ ڕویداوە . بەڵکو ئەمە کاردانەوەیە بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی لە باکووری سوریا دەخوازن سزامان بدەن .
ھەروەھا گلەیی ئەوەیان لە ئەمریکا کردووە کە ئەم بڕیارە لە گەڵ گیانی ھاوپەیمانێتی نێوان ئەمریکاو تورکیا ناگونجێت  بە تایبەتی ھەردووکمان ئەندانی پەیمانی ناتۆین , لە ھامان کاتدا دژ بە ئەو ڕێکەوتننامەیەیە کە لە ١٧ ئۆکتۆبەر ٢٠١٩  لە نێوان ھەردوو وڵاتدا لە ئەنقەرە واژۆکرا سەبارەت بە دۆخی باکوری سوریا .
لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەئەوەش بکەین سەرەڕای بڕیاری بە فەرمی ناسینی جینۆسایدی ئەرمەن لە لایەن تورکیای عوسمانیەوە  ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بڕیارێکی تریشیان دەرکردووە ئەویش سزادانی ئەو کاربەدەست و بەرپرسە باڵانەی حکومەتی تورکیاو ئەو بانکانەی کە پشتیوانی حکومەتی تورکیایان کردووە لە ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی .