سەردێڕ:

وەحشەکەی ناو ھەناوی مێژوومان

9/18/2020 1:25:47 PM
5395 جار خوێندراوەتەوە
ڕەحمان غەریب
+ -

ھێشتا تەپوتۆزی ئەو ھێرش و پەلامارانەی بەسەر دیداری کاک مەلا بەختیار دەربارەی کتێبەکەی "لە بری بیرەوەری" کە جارێ لە چاپخانەیە نەنیشتۆتەوە، بە ناوی بەرگری لە "راستی" ئاگرێگ لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان گیرساوەتەوە بە ئاوی ھەردوو بەنداوەکەمان ناکوژێتەوە.

زۆرێک لە یادەوەری چوونە ناو رووداوەکانی مێژوومان، ھەر وابووە، یادەوەرییەکانی (مام جەلال)، کە بڵاوکرایەوە، ھەرای دونیای نایەوە، پێشتریش یادەوەرییەکانی مامۆستا بەھادین نوری یان ھاوڕێ ئەحمەدی بانیخێڵانی، یان ھاوڕێ ئەبو شوان (قالەی رەشید ناسکە) یان ھاوڕێ کەریم ئەحمەد، دەیان سەردەکردەی چەپی عێراقی و کوردستانی، کە یادەوەرییەکان بڵاوکرایەوە بە ھەمان شێوە تیمێک لە ناو حزبی شیوعی و دەرەوەی حزبی شیوعی توڕە کرد.

لە سەردانێکماندا لەگەڵ دوو ھاورێ بۆ لای کاک نەوشیروان، کاک ئاواتی شێخ جەنابیش ئامادەی بوو، باس ھاتە سەر ناکۆکییەکانی شاخ و شەڕی ناوخۆی ھەشتاکان، پێیی ووتم" تەنھا ھاوڕێ کەریم ئەحمەد بە ئینسافەوە باسی مێژووی کردوە"، چونکە یادەوەرییەکانی نزیک بوو لە گێڕانەوەی خۆی دەربارەی کۆمەڵکوژی پشتئاشان و قڕناقە. 

کاک نەوشیروان لەو دانیشتنەدا یادەوەرییەکانی ھاوڕێیانمان ( ئەبو شوان و ئەبو سەرباز)ی بەشێوەیەک وەسفکرد و رەتکردەوە، ھەستی بریندار کردین، نامەوێت ئەوە بنوسم کەچی تر ووترا، منیش چیم وەڵام دایەوە.

ئاساییە لە ناو مێژووی بزوتنەوەی سیاسی ھەرکەسە و لە گۆشەیەکەوە دیمەنی خۆیناوی ئەو سەردەمەمان پیشان بدات و بریندارمان بکات، تا بە تەواوەتەی مێژووەکە ببینین، رەنگە لە کۆتایشدا ھەر ناتەواو بێت، چونکە کەس لەو سەرکردانە تاقانە شاھێدحاڵ نین لەسەر رووداوەکانی ئەو زەمەنەی وەحشێک لەھەناویدایە راکشاوە، خەبەری بکەینەوە کەم کەس بە سەلامەتی لە ژێر دەستی قوتاری دەبێت. 

بۆ ئەوەی ئەم نوسینە بە ھەڵە لێکنەدرێتەوە، ئەوەتەی کاک بەختیار دەناسم دووجار لەگەڵی دانیشتووم، یەکەمین جار لەساڵی ٢٠١٠ لەگەڵ خاوەن ئیمتیازی رۆژنامەی ھاوڵاتی (تاریق فاتیح)، دووھەمین جاریش لەگەڵ ھاوکارانم لە سەنتەری متیرۆ ٢٠٢٠، (بەڵام سێ جار لە نزیکەوە کاک نەوشیروانم بینیوە) تقدیری زۆرم بۆی ھەبووە لە دروستکردنی ئۆپۆزسیونێکی مەدەنی ئاشتیخواز، لە دووریشەوە تەقدیرم بۆ کۆششەکانی کاک بەختیار ھەبووە، وەک سیاسەتمەدارێکی دینامیکی لە فراوانکردنی بزوتنەوەی مەدەنی و فکری یەکسانیخوازی.

ھەقی وەڵامدانەوە و رەتکردنەوەی بەشێک یان سەرتاپای گێڕانەوەی، کاک بەختیار، ماف و ئەرکیشە، ئەوەی بەگێڕانەوەکە ھەستی بریندار بووە با بەرگری لە سەرکردەکەیان بکەن. بەرگری و وەڵام نەک بەرمھێنانی کینەی سیاسی و ڤیدیۆی ئاستنزمی پۆپۆلیستیانە بەناوی وەفا بۆ رێبازەکەی کاک نەوشیروان. لەگەڵ ئەوپەڕی رێز بۆ ھەندێ نوسین و لێدوان بە ئامانجی جەدەلی سیاسی بنیاتنەرانە دەخرێنە روو. 

شکاندنی شکۆی ئینسانی نوسەرێک کە مێژوو دەگێڕێتەوە، لە کەسانێکەوە کە تا دوێنێ وەک بەرگریکاری ئازادی رادەربڕین شاشەکانیان داگیرکردبوو،. نە مافەو نە ئەرکە، نە وەفا، بەڵکو ھەوڵێکە بۆ ژیاندنەوەی ئەخلاقی زەمەنێک لە ناو رووداوەکانی شۆڕش کە مخالفی سیاسی ئەگەر نەکرایە بە قوربانی فیشەکێک، لە تەویلەی حەیوان سجن دەکرا.