سەردێڕ:

ئەوان چیان دەوێ و ئێمە چی

12/3/2020 1:08:35 PM
8300 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

ئەوان؛ مەبەست لێی داگیرکەرانن، ئێمەش؛ مەبەست کورد:

ئەگەر مێژوو بخوێنینەوە ئەوان سڕینەوەی کوردیان ویستووە بەخاک و خەڵکەوە ئێمەش لە شەڕی مانەوەدا بەردەوامین. 
گەورەترین کیشەی ئێمەش نەناسینی ئەوانە. واتە لە دوژمنناسیدا کڵۆڵین؛ بۆیە نەناسینی ئەوان شکاندنی خودە. لەبەر ئەوە کاتێک دوژمن ناناسین، کە واتە پیلانەکان و بیرکردنەوەی ئەوان ناناسین. لێرەوە دەکەوینە بەر دوو مەترسیی ترسناک!( مەترسییەکانی ناوخۆ و مەترسییە دەرەکییەکان) چونکە بە درێژایی مێژوو ئێمە لە جوگرافیایەکدا لەتەک چەند دراوسێیەکین. لەسەر ھەرچییەک جیاواز بووبن، لەسەر نەبوونی ئێمە کۆدەنگن. بەشداربووانی ئەو کۆدەنگییەش خاوەن ھێزن؛ ھێزی سەربازی و ئەمنی فەرھەنگی و ئایینی و سیاسی، بەردەوام لە ڕێگای دامەزراوەکانییانەوە توێژینەوە لەسەر ئێمە دەکەن و نەخشە و پیلانی وردی لەسەر دادەڕێژن، چونکە بوونی خۆیان لە نەبوونی ئێمەدا دەبیننەوە.

ئەم شەڕە ھەمەلایەنەش لە عێراقدا دژی ھەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت، درێژکراوەی ئەو پیلان و کۆدەنگییەیە، کە لە بڕینی موچە و بودجە و پێشێلکردنی دەستوردا خۆی دەبینێتەوە و بازنەی ھەمان پانتاییە ئێمە چی دەکەین؟ مەترسییەکانی ناوخۆ لە مەترسییەکانی دەرەوە کەمتر نین، لە پشێوی سیاسی و ئابوری و فەرھەنگتی خۆمان بووینەتە دوژمنی خۆمان. گەندەڵی تەنگی پێھەڵچنیوین. کاریگەری ئایدۆلۆجیای ئەوان بەردەوام خەڵکانێکی ئێمە دژی خۆمان ئاراستەدەکات. ئەمەش وای کردووە حزبەکان نمایشی حیزبییان لە بوونی کورد لەلا گرنگتربێت. ئەمەش لە ئەنجامی تێنەگەشتن لە فەلسەفەی سیاسەتەوە سەرچاوە دەگرێت. بۆیە ھەمیشە لە فەوزا دەگەڕێین بێ ئەوەی بزانین فەوزا داھێنەر نیە، عەقڵ داھێنەرە.

کە واتە بۆ مانەوە لە کۆتایی گەمە ناوچەیی و جیھانییەکەدا بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە مێژوو دەرمان نەکەن، پێویستە دڵسۆزان و ئاقڵمەندانی ھەموو لایەک بیربکەنەوە بۆ پاراستنی پرۆسەی سیاسیی ھەرێم. ئاسانترین ڕێگاش کۆبونەوەیەکی گشتییە لە سەرۆکایەتیی ھەرێم. لەوێ چیمان لە یەک دەوێ گفتوگۆی بکەین بە جدی قسە لەسەر ئەگەرەکان و ئێستاش بکرێت. ئێستایەک پاراستنی ھەرێم و گوزەرانی خەڵک لە تەوەرە گرنگەکان بن، چونکە خەڵک ماندووە، بێ دەرامەتە دۆخی سیاسیی ناوچەکەش لە کوڵاندایە. کاتیش لە بەرژەوەندیی ئێمەدا نییە. بۆیە ھەتا کار لە کار نەترازاوە بوێرانە و ژیرانە بێنە مەیدان بۆ چارەسەرکردنی کیشەکان. ئەگینا ڕەنجی ئەم جارەشمان وەک جارانی دیکە دەسووتێ، بۆیە تکایە ئەرێنی بیر لە دۆخەکە بکەنەوە.