سەردێڕ:

پەیامەکەی تارا گەیشت

10/27/2020 11:30:23 PM
10260 جار خوێندراوەتەوە
پەروا عەلی
+ -

پڕۆژەی مێینەی تارای ھونەرمەند کاردانەوەی جیای لێکەوتەوە، ھەرچەندە بڕیار بوو چەند رۆژێک بەردەوام بێت، بەڵام ترس لە ھەڵچوونی ھەندێک توێژ و گروپ وایکرد بەپەلە داوابکرێت لەبەر بەرژەوەندی گشتی لاببرێت، ئایا ئەو دامەزراوە حکومیانەی مۆڵەتیان بەم چالاکییەداوە و رێگەیاندا بە ھەڵواسینی ئەو جلانەی ژنانێک کە توندوتیژیان بەرامبەر کرا، بڕوایان بە پڕۆژەکە نەما؟ یان ترسان لە گروپە ناڕازییەکان، ھەڵبەت تەنھا پیاوان نین بەڵکو زۆرێک لە ژنانیش ناڕازی بوون بە ھەڵواسینی ئەو جلانە.

زۆرێک لە ناڕازییەکان پێیان وابوو ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیە لە ناوەڕاستی شاری سلێمانی، پایتەختی رۆشنبیری، جوانییەکانی شار ئەشێوێنێ، ئاخۆ شار جوانییەکانی لەدەست نەداوە؟ ئەم پڕۆژەیە ناشرینی کرد؟

بەشێکی تر لە ناڕازییەکانی ئەم پڕۆژەیە پێیان وابوو عەیبەیەکی گەورەیە جلی ژنان بە تەنافێکی دوور و درێژدا ھەڵواسرێت پیاوان و ژنان سەربەرزبکەنەوە و سەیری بکەن، لەکاتێکدا ناتوانن لە ناخی پڕ توندوتیژی خۆیان رۆچن. باشە ئەگەر ھەڵواسینی جلی ژنان عەیبەیەکی ئەوەندە گەورەیە و حەرامە، ئەی زۆرێک لەو دوکاندارانەی بژێوی ژیانیان لەسەر فرۆشتنی جلی ژێرەوەی ژناندایە و لە بازاڕدا ھاوار ئەکەن (وەرنەوە بۆ کڕینی لیباس و ستیانی ژنان)، ئاخۆ ئەو پارەیەی ماڵ و منداڵی پێ بەخێو ئەکەن حەرامە؟

شەقامی شار، بازاڕی شار، شەوانی شار و فەزای شار ھەمووی پیاوانەیە، تارا دێت و ھەموو توندوتیژی و ناشرینییەکانی نێو ماڵە داخراوەکانی شار ئەخاتە سەر شەقام و بە بەرزی ھەڵیانئەخات، تا جلەکان پاکببنەوە لەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان کراون. دیارە ئەم کارە جگە لە لایەنە ئیستاتیکیەکەی لەڕووی سایکۆلۆژیشەوە تێڕامان و ھەڵوێستە لەسەرکردنی دەوێت.

ئاخۆ کێشەکە تەنھا ئەوە بێت کە نابێت توندوتیژییەکان ئاشکرا بکرێت و خەڵکی بزانن کە ئەو ژمارە زۆرە لە ژنان و کچانی نێو خێزانی کوردی رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە؟ یا شەرەف و کەرامەتی بکەرانی توندوتیژی لە کەدار ئەبێت؟ لەڕاستیدا چەمکی شەرەف لای ئێمە ھەر جارە و پێناسێکی بۆ دەکرێت بەپێی بارودۆخ، جاران شەرەف پەیوەست بوو بە خاکی پیرۆزی کوردستان، کە ئەگەر ژنێک لایدا لە عورف و عاداتی خێڵ و خێزان، ئەوە شەرەفی عەشیرەتی لەکەدار کردووە، یا گەر ژنێک پەیوەندی ھەبوایە بە کەسێکی غەیرە کورد ئەوە خاکی پیرۆزی کوردستانی لەکەدار کردووە، چەندین وێنایتری جیاواز بۆ پاراستنی شەرەف و کەرامەتی پیاوانی خێزان ھەیە لە رێگەی لەقاڵبدانی ژنان،  جەستە و تەنانەت جلوبەرگیشیان.

ئەو چالاکییەی ئەنجامدرا گۆمەکەی شڵەقاند و رووداوی دروستکرد کە زۆرینەی خەڵکی ھێنایە قسە، ئەمەش بۆ خۆی سەرکەوتنە، مەرج نییە چارەسەرێکی خێرا و بنەبڕ بێت بۆ کێشەکە بەڵام بۆ خۆی توانی پەیامەکەی بگەیەنێت، لەگەڵ ئەوەی ئەم خاتوونە گەنجێکە پێش ھەر شتێک خۆشەویستی بۆ ھونەرەکەی و پرسی ژنان ھەیە.