كێشەی وەرزشی کوردستان بە هەموو بەشەكانیەوە

PM:02:00:22/08/2021
9540 جار خوێندراوەتەوە
محەمەد ئەحمەد
+ -

وەرزشی كوردستان هەتیوو كەوتووە ، تكایە كەمێك بەرپرسان بیر لە بەرژەوەندی خۆتان مەكەنەوە مێژوو ڕەحم بە كەستان ناكات ئەو كورسیەی لەسەر دانیشتوون نەبێتە پەڵەیەكی ڕەش ، لەسەردەمی لەویدا وەرزش و تۆپی پێدان كردووە.

وەرزش لە سەدەی نوێ دا ، زیاتر لە پانزە ساڵە وەرزشی کوردستان لەلایەن چەند کەسایەتیەکی حزبی و نا ئەکادیمی بەڕێوەدەبرێت، بە درێژای ئەو ماوەیە وەرزش بە گشتی و ژێرخانەکەی بە تایبەتی هیچ پێشكەوتنێكی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینوە ، گرنگترین دەسکەوتەکانی ئەو دوو دەیە تەنھا نۆژەنکردنەوەو بنیاتنانی چەند یاریگایەکە ، كەم ئەزموونی یاریزان و نەبوونی خولی گەورە كێشەی هەرە سەرەكی وەرزشی كوردستانە ، ئەوانەش گەر بە یاریگا جیھانیەکان بەراوردیان بکەین، کەمترین مەرج و رێساکانی ستانداردبوونی تێدایە.

لە دوای رووخانی رژێمی بەعس پارەیەکی زۆر رژایە کوردستان، بەڵام بەھۆی نەبوونی میکانیزمێکی زانستی و کەسانی ئەکادیمی و شارەزا، بەشی زۆری ئەو پارەیە تەخشان و پەخشان کراو کەمترین خزمەت و پڕۆژەی پێ ئەنجامدرا، لە بری بنیات نانی شاری وەرزشی، بودجە بۆ کڕینی یاریزانی عەرەب تەرخان کرا، ھەندێ جاریش پارەی یاریگایەک لە چاککردنی چیمەنەکەی بەھەدەردرا.

ئاشکرایە گەندەڵیش یەکێکە لەو دەردە کوشندەیەی کە بە تەواوی ئەو سێکتەرەی ئیفلیج کردووە، لە پێدانی پارە بە یانەکان لە ساڵانی رابردوو، وێڕای نادادییەکی زۆر لە پشکی یانەکان، زۆرترین گەندەڵی بوونی ھەبووە، دڵنیام گەر ئەو بڕەی لەماوەی دە ساڵی رابردوو بە یانەکان بەخشرا، بە شێوەیەکی زانستی مامەڵەی لەگەڵ بکرابوایە، ئێستا بەشی زۆری یانەکان تا ئەندازەیەک گەیشتبوونە ئاستی خۆبژێوی و پێویستیەکی ئەوتۆیان بە ھاوکاری حکومەت نەدەبوو، وەلێ بەھۆی چەند بەرپرسێکی نەزان و ناحاڵی لە دۆخی وەرزشی کوردستان و ھەنگاوەکانی چۆنیەتی پێشخستنی، ئەم دەرفەتەشمان لەدەستدا.

ئاخر تو ویژدانتان نەتان بینی پایتەختەکەی ھەرێم ھۆڵێکی وەرزشی شیاوی نیە؟! لە کاتێکدا بە پارەی حکومەت ھۆڵی داخراو بنیات نراوە، کەچی تا ئێستاش موڵکیەت و ئیدارەدان و داھاتەکەشی بۆ کەسانی حزبی دەگەڕێتەوە! بەھۆی حزبیبوونی ئەو بەرپرسانە، ئەقڵ و ئیدارەیەکی تەواو حزبیانە وەرزش ئاراستە دەکات، بەم ھۆیەشەوە حزب دەستی بۆ بنجو بنەوانی ئەو کایە بردوەو یانەو تیپەکانیش بەسەر حزب و کەسایەتیەکانیان دابەشبوون.

کارەساتە ھەرە گەورەکەو داھێنانە ناوازەکەی ئەو بەرپرسانە، دروستکردنی سەدان یاریگای بچووک بوو، بێگومان لەسەر بودجەی حکومەت، وەلێ دیسان مولکیەت و ئیدارەدان و داھاتەکەشی بە رێکخراوێکی حزبی بەخشراوە، ئەمەش یەکێکە لەو فاکتەرانەی وایکردووە دامەزراوە وەرزشیەکان ھیچ داھاتێکیان وەچنگ نەکەوێت، چونکە گیرفانی حزب شوێنی خەزێنەی حکومەتی گرتۆتەوە! ئێستاش دوای بیست و شەش ساڵ لە حکومڕانی خۆمانە، گەورەترین دەسکەوتمان بۆتە ئەنجامدانی خولی تۆپی پێی کوردستان و گەورەو بچوکمان نزا بۆ بەڕێوەچوونی دەکەین، لە کاتێکدا بەھۆی ناکۆکی سیاسیەکان و کاریگەری قوڵی حزبایەتی و یەکتر شکاندن، خەریکە خولەکەش بۆ دۆخی جاران و دوو ئیدارەیی دەگەڕێتەوە، ئەوەش قێزەونترین و مەترسیدارترین پیلانە کە گرنگە بە تووندی بەرپەچی بدرێتەوەو بەم ھۆیەشەوە بەرپرسانی وەرزشی شەرم دایان بگرێت.

ئای خودایە چ کارەساتێکە؟ پاش ئەو ھەموو ساڵە لە جیاتی ئاماری دروستکردنی دەیان فێرگەو یاریگاو ھۆڵی داخراو بە وەرزشکاران بدەن، کەچی دێنە سەر شاشەی تیڤیەکان و بە شانازییەوە بەڕێوەچوونی خولەکان وەک دەسکەوتێکی گەورە نیشان دەدەن، وەک ئەوەی کوردستانیان گەیاندبێتە مۆندیال.

لە کۆتاییدا دەخوازم بەرپرسانی وەرزشی بەر لەوەی بکەونە بەر تانەو گوشاری وەرزشکارو میدیاکارو ئەکادیمیستان، بە خۆیاندا بچنەوەو چیتر کەسایەتی خۆیان لەکەدار نەکەن و دەرفەت بۆ ئەو کەسانە بڕەخسێنن کە لەتوانایاندایە بە بیرو فەلسەفەی زانستی تازە، تەکانێک بە وەرزشی ھەرێم بدەن و پلان و میکانیزمی سەردەمیانەش بۆ داھاتوو دابڕێژن، چونکە وەرزش و ژێرخانەکەی بەو شێوە ھەرەمەکیەی ئێستا ھەرگیز پێشڤەناچێت، بگرە زیاترو زیاتر بەرەو ئیفلیجبوون دەچێت، لەگەڵ ئەوەشدا بە پێویستی دەزانم رێز لە ماندووبوونی ئەو بەرپرسانەش بگیرێ کە دڵسۆزانەو لێپرسراوانە لە ساڵانی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان خزمەتیان بەو بوارە کردووە.