ڕونکردنەوەکەی ڕۆناڵدۆ پێویستی بە ڕونکردنەوەیە !

PM:05:03:18/08/2021
3752 جار خوێندراوەتەوە
بەرهەم جەلال 3
+ -

درەنگانێکی شەوی ڕابردوو ڕۆناڵدۆ دەربارەی ئایندەی خۆی و پڕوپاگەندەکان ڕونکردنەوەیەکی تایبەتی بڵاوکردەوە لە هەژماری تایبەتی ئینستەگرامی خۆی .

لە پەیامەکەی ڕۆناڵدۆدا هەندێک باس و بابەت یەکلایکرایەوە بەڵام هەندێک بابەتیش بە ناڕوونی مایەوە ، گرنگترین قسەکانی ڕۆناڵدۆ بەمجۆرە بوو :-

سەرەتای قسەکانی ڕۆناڵدۆ باسی تایبەتمەندی خۆی کرد بەوەی ئەم هەمیشە بەکردار وەڵامی فشار و نەیارەکانی داوەتەوە هەڵبەت ڕۆناڵدۆ سەلماندیەتی تا فشاری زیاتر لەسەر بێت باشتر دەتوانێت ئاستی بەرز پێشکەش بکات بەڵام ئەوەی نا ڕوونە و جێگەی سەرنجە بۆچی ڕۆناڵدۆ ئەم دەنگۆیانە بەفشار دەبینێت چوونکە ئەمە یەکەمجار نییە هەڵای ڕاگەیاندنی لەسەر دروست بێت ، لە لایەکی دیکەوە ئێستا ڕۆناڵدۆ لەوە تێپەڕیوە موڵکی خۆی ووڵاتەکەی بێت بۆیە پێویستە ڕۆناڵدۆ ئەم دەنگۆیانە زۆر بە ئاسایی وەربگرێت ، ڕۆناڵدۆ لە درێژەی قسەکانیدا باسی بێڕێزی دەکات بەرامبەر خۆی ستافی ڕاهێنەر و ئیدارە لێرەدا سەد لە سەد ماڤی خۆیەتی بەرگری لە کەسایەتی خۆی بکات چوونکە تێگڕای دنیا دەزانن ڕۆناڵدۆ چییە و کێیە ؟! بەڵام جارێکی دیکە لێرەدا ئەوەی دۆن بە ناڕوونی هێشتیەوە ئەوە بوو دەنگۆی گواستنەوە بۆ سوکاتیە ! گومان لەوەدا نییە هەموو یانەیەک دەیەوێت ڕۆناڵدۆ بگوازێتەوە بەڵام ناکرێ ڕۆناڵدۆ نکوڵی لەوە بکات موچەی ساڵانەکەی زۆرە و ئەمەش بەربەستی بنەڕەتیە لەوەی ڕۆناڵدۆ نەتوانێت گرێبەست لەگەڵ یانەیەکی دیکە بکات لە ئێستادا

دواتر ڕۆناڵدۆ بە وردی و بە تایبەت باسی ڕیاڵ مەدرید دەکات ، گومان لەوەدا نییە ڕۆناڵدۆ مێژووی بۆ ڕیاڵ نوسیەوە و هەموو شتێکی پێشکەشی یانەی مێرەنگی کرد ئەوەی جێگەی سەرنجە ڕۆناڵدۆ بۆیە باسی ڕیاڵ هێناوەتە پێشەوە چوونکە وەرزی پارساڵ پێرێز زۆر بە ڕوونی ئەو پەیامەی بۆ ڕۆناڵدۆ نارد ئیدی تۆ ناگەڕێیتەوە بۆ ئێرە وێڕای پێزانیمان بۆ هەڵوێستی بەرز و تایبەتیت ، لەم چەند ڕۆژەی پێشتر دەنگۆی گێڕانەوەی ڕۆناڵدۆ تەواو گەرمبوو دواتر ئەنچلۆتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئێمە ڕێزی ڕۆناڵدۆ دەگرین بەڵام لە ئێستادا ئێمە ڕۆناڵدۆمان ناوێت ، لێرەدا ڕۆناڵدۆ دەیەوێت ئەو مەسجە بگەیەنێت بە ڕیاڵ مەدرید من کێم و چیم بۆ کردوون تکایە بە ڕێزەوە باسی من بکەن و ئەوە ڕۆژنامەکانە باسی گێڕانەوەم دەکەن نەک خۆم بۆیە بزانن چی دەڵێن ؟؟؟

لە کۆتایدا ڕۆناڵدۆ دەڵێت دەمەوێت بێ دەنگی بشکێنم !! پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە ڕۆناڵدۆ چۆن و بۆ بێ دەنگی دەشکێنێت یان با بڵێین چی بووە بێ دەنگی دەشکێنێت ؟ تێگڕا دەزانین لە ئێستادا چی بە هاری کەین دەکرێت بەڵام نابینین کەین پەرچە کردارێکی هەبێت چوونکە ئەوەی دەگوزەرێ شتکی نۆرمەڵە ، لێرەدا باسێکی دیکە دێتە پێشەوە ئەویش ئەوەیە هەمووان دەزانین ئەم چەند هەفتەیە چی بۆ مێسی ڕکابەرە مێژووییەکەی ڕۆناڵدۆ کرا بۆیە دەشێت کەوتبێتە ژێر کاریگەری ئەو دۆخە بەو ڕونکردنەوەیە چاوی ڕاگەیاند بهێنەوە بەلای خۆیدا .

کۆتا باس و بابەت کە تەواو نا ڕوونە و پێویست بوو ڕۆناڵدۆ قسەی کۆتایی لەسەر بکات ئەوەیە ( ڕۆناڵدۆ بۆ باسی ئایندەی خۆی لەگەڵ یۆڤانتۆسدا نەکرد ؟؟؟ ) ناکرێت ڕۆناڵدۆ نکوڵی لەوە بکات بۆ تەحەدایەکی قورس و گەورە ڕویکردە یانەی یۆڤانتۆس ئەویش بەدەستهێنانی خوولی یانە پاڵەوانەکانبوو بەڵام ڕۆناڵدۆ سەرکەتوو نەبوو لە بردنەوەی ئەم تەحەدایە ئەمە لە لایەک لە لایەکی دیکەوە نابێت بە هیچ جۆرێک ڕۆناڵدۆ نکوڵی لەوە بکات نێوانی لەگەڵ یۆڤانتۆسدا باش نییە تێگڕا درک بەو ڕاستیە دەکات بۆیە پێویستە ڕۆناڵدۆ خۆی یەکلای بکاتەوە لەگەڵ یۆڤانتۆسدا بەوەی خۆشحاڵە یان نا ؟ یۆڤانتۆس ڕۆناڵدۆی دەوێت یان نا ؟ یۆڤانتۆس ئامادەیە گرێبەستی دۆن نوێ بکاتەوە یان نا ؟ نێوانی لەگەڵ ئەلیگریدا چۆن دەبێت ؟ گەر یۆڤانتۆس گرێبەستی ڕۆناڵدۆ نوێ دەکاتەوە ستارە پرتوگالێکە بارگە و بنە بۆ کوێ دەپێچێتەوە ؟! چوونکە خۆی زۆر بە ڕوونی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئامادەم ڕوبەری هەر کێشەیەک ببمەوە کەوایە دۆن زۆر باش درک بەو ڕاستیە دەکات کێشەگەلێکی تایبەت ڕوبەڕوی دەبێتەوە ، کۆتایی قسەکانیش دەڵیت ئەوەی دەیڵێن تەنیا قسە و باسە و شتەکان دەگوزەرێن .

ئەمەش وانییە چوونکە مێسی ڕکابەری لەگەڵ یانەی پاریسدا بتوانیت خولی یانە پاڵەوانەکان بەدەست بهێنێت چەند هەنگاوی دیکە دەچێتە پێشەوەی دۆن و پێدەچێت یاریەکەی لێ بباتەوە ئیدی مێسی ببێتە پاڵەوانی داستانەکەی نێوان هەر دووکیان .

لە لایەکی دیکەوە مێسی دەیسەلمێنیت یانەیەکەم منیان نەویستیوە بۆیە ڕۆشتووم یانەکەم لە ئاست مندا نەبووە بۆیە چەند ساڵە بێ نازناوی یانە پاڵەوانەکانم و جارێکی دیکە مێسی دەبێتە براوەئ تەحەدا زۆر سەخت و قورسەکە ئەویش بردنی یانە پاڵەوانەکانە .

بۆیە ئەم باس و مەبەستانە ئەوەمان پێ دەڵێن خوودی ڕونکردنەوەکەی ڕۆناڵدۆ پێویستی بە ڕونکردنەوەیە