خەڵاتە تاکێکان لە ئێستادا تەنیا کات کوشتەنە!!

PM:07:11:29/11/2021
43300 جار خوێندراوەتەوە
بەرهەم جەلال
+ -

خەڵاتە تاکێکان لە ئێستادا تەنیا کات کوشتەنە!!

بڕیار وایە ئەمشەو بەفەرمی ناسنامەی ئەو یاریزانە ئاشکرا بکرێت کە دەبێتە خاوەنی تۆپی ئاڵتونی، ڕکابەرەکانیش بریتین لە "مێسی، لیفاندۆفسکی، ڕۆناڵدۆ"ن.

سەرەتا پێویستە هاندەر و خوێنەر تەواو ئەوەی لا ڕوون بێت خەڵاتە تاکە کەسێکان زۆرترین سەرنجو زۆرترین تێینی لەسەرە بەوەی چۆنو بە چ شێوازێک پاڵەوان دەستنیشان دەکرێت، ڕاستە کۆمەڵێک ڕێکار و چوار چێوە هەن بۆ ئەوەی بزانرێت کێ بۆچی بۆتە پاڵەوانو هەڵگری نازناوە تاکێکان.

سەرنج بدەن .....!

پێوەری بنەڕەت بۆ بوون بە خاوەنی تۆپی ئاڵتوونی تەنیا و تەنیا "هێنانی زۆرترین دەنگە" واتا ڕاپرسی دەکرێت کێ زۆرترین دەنگی هێنا ئەوە دەبێتە براوە، ڕاستیەکی بەڵگە نەویستە لە ئێستادا هیچ یاریزانێکی تۆپی پێ نییە هێندەی ڕۆناڵدۆ و مێسی سەپۆرتی ڕاگەیاندیان لەگەڵ بێت هەر بۆیە زۆرینەی سەرچاوەکان کۆکن لەسەر ئەوەی مێسی خەڵاتەکەی مسۆگەر کردوە و بۆتە خاوەنی حەوتەمین تۆپی ئاڵتوونی!!

مێسی شایستەیە.....؟

مێسی یان هەر یاریزانێکی دیکە شایستەیە یان نا! ئەمە پێویستی بە گفتوگۆیەکی زانستی وەرزشی دوور لە هەستو سۆزە پێویستە پێوەرەکان دەستنیشان بکرێت کە چۆن پاڵەوان دەستنیشان دەکرێت.

ئەوەی زانراوە ئەوەیە "ڕاهێنەر، کاپتن، ڕۆژنامەنوس" دەنگ دەدات بەڵام ئایا ئەو دەنگدەرانە لەسەر بنەمای زانستی دەنگ دەدەن یان هەستو سۆز و دەمارگیری کاریگەری هەیە لەسەر دەنگدانەکە؟! بۆ نموونە ڕاهێنەرێکی ئەرژەنتینی دەنگ دەدات بە ڕۆناڵدۆ! ڕاهێنەرێکی پۆڵەندی دەنگ دەدات بە مێسی! ڕاهێنەرێکی پرتووگالی دەنگ دەدات بە لیفاندۆفسکی! ئەمانە سەلمێنەری ئەوەن کە خەڵاتە تاکێکان سەر لەبەری جێگەی پرسیار و تێڕامانە پێویستە شێوازی ئەم خەڵاتانە بگۆڕێن بۆ دۆخێک کە دیار بێت چۆنو بە چ شێواز فڵانە یاریزان بۆتە پاڵەوان بە پێچەوانە خەڵاتە تاکێکان تەنیا کات کوشتە و پوکانەوەی ڕکابەرەکان.

من هیچ گومانم نییە لە چەند ساڵی داهاتوودا گۆڕانکاری گەورە و ڕیشەی لە پێدانی خەڵاتە تاکێکاندا دەکرێت چونکە لەمە زیاتر بەردەوام بێت خەڵاتەکە دەچێتە خانەی بێڕێزکردن بە تۆپ و توانای تاکی یاریزان.