میدیاكاری وەرزشی كوردی و كۆچی كوردان

AM:12:05:10/11/2021
44452 جار خوێندراوەتەوە
زاگرۆس نانەکەلى
+ -

ناتوانم میللەتم لە زیللەت وعیلەت بێت،منیش لە ناز ونیعمەت و غەفڵەت،ناكرێ مناڵ و خانمان وپیر،سەرما قڕیان بكات وئێمەش لە هەوای نیشتمان پێكی بێ هۆشی هەڵبدەین،ڕەوایە كورد لە دارستانی ئازادی سێدارەی بۆ هەڵدەی و ئێمەش لەشەقامی وڵات ببین بە زوڕنا لێدەری دارستانی ئازادی، گەر میللەتم غەرقی مەرگ بوو، ناسنامەی مرۆڤایەتی تەنها رۆژووی شەیتانە.

میدیاكاری وەرزشی پیشە وئەرك و ئیتك و بەرپرسیاریەتییە،میدیاكاری وەرزشی كوردی گەر ئەركی تەنها هەواڵ وبابەت و راپۆرتی وەرزشی بێت،ئەوا ئەركی مرۆڤەكانی سەر زەوی، تەنها خواردن و خەو و خەیال و خۆشی و خۆشەویستی و خۆخافلاند و خزان بۆ خەرەندی خەوخۆشەكان و ختۆكەی خەواڵو و خورمای خاس و خەباتی هاڕونی خۆخان بێت،ئەوا مرۆڤایەتی تەنها خەون وخەیاڵە.

گەر میدیاكاری وەرزشی تەنها ئەو یانە بردیەوە ئەمەیان دۆڕاندی،فلان یاریزان بالۆن دۆڕ دەباتەوە،یان ئەوی تر موستەحەقە،یان هەڵبژاردنی یانەكانی وڵات ببێتە خەمی خەمخۆری بێ خەمان،یاخود لەسۆشیال میدیا بكەین بە بەزمی مەتح وسەنای خۆمان بۆ خۆمان،یانیش چایخانە بكەین بە سەنتەری توێژینەوەی شیكەرەوەی وەرزشی وڵات،یان هەر وەك چۆن تا ئێستاش پێناسە و ناسنامەی خودی پیشەكەی خۆمان پێ ڕەوا نابینن،ئینجا لە جەنگەڵستانی ئازادی خوێن و سەرمای پایز گیانی كۆچبەرانی كورد هەڵوەرێنێ،منیش بێ دەنگ و چاو بەسترا و زمان بڕاو و گوێ كەڕ و هەست مردوو سەیری مەرگەساتی میللەتەكەم بكەم،ئەم پیشەیە بەزانست و ئیتكەوە رەت دەكەمەوە،گەر مرۆڤایەتی بەم شێوەیە بێت.

وەرن واز لە كڕینی یاریزان و یانە دڵخوازەكەت و سەرسامی یاریزانەكەت و بۆندی خەیاڵاوی و واژووی سەرسامەكەت و پیشە بێ رۆحەكەت بێنە، فریای ناخ و هەستی نەتەوە و رۆحی پاكی نێو جەنگەڵستانەكانی دارستانی ئازادی و هەتك و فەوتانی گەلەكەت بكەوە،چونكە گەر تۆ نەتەوە و نیشتمانت نەبوو،لەكۆتایی هیچت نیە ونابیت بە هیچ.