AM:10:16:24/01/2022
2244 جار خوێندراوەتەوە
+
-
ڕامۆس پێیوایە لە
باشترین ساتەکانى وەرزەکەدا گەڕاوەتەوە و ناشیشارێتەوە لە سەرەتادا ڕووبەڕووى
ئاستەنگى بووەتەوە.
سێرجیۆ ڕامۆس
دڵخۆشە بە یارمەتیدانى پاریس سان جێرمان بە بردنەوە بەرامبەر ستاد ڕیمس لە هەفتەى 22ى
خولى فەڕەنسا، دواى ئەوەى توانى بۆ یەکەم جار گۆڵ بۆ یانە پاریسیەکە تۆماربکات.
ڕامۆس لە
لێدوانێکى ڕۆژنامەنوسیدا دەڵێت "دڵخۆشم بەوەى هەموو کاتەکە یاریم کرد و
گۆڵێکم تۆمارکرد، کە یارمەتیدەرى یانەکەم بوو بۆ بردنەوە لە بەردەم هاندەرەکانماندا،
هیوادارم گۆڵى زیاتر بکەم و لە کارکردنیش بەردەوامبم بۆ بەدەستهێنانەوەى تواناى
جەستەییم".
ڕامۆس ئاماژە
بەوەدەکات، تەنیا سێ هەفتەیە پەیوەندى بە ڕاهێنانەکانەوە کردووە و گەڕانەوەکەشى هەنگاوێکى
گرنگە، کە لە باشترین کاتى وەرزەکەدایە.
بەرگریکارە
ئیسپانیەکە باس لەوەشدەکات، لە سەرەتاى وەرزەکەدا ڕووبەڕووى ئاستەنگى بووەتەوە،
بەتایبەت دواى ئەوەى ساڵانێکى زۆر لە مەدریددا بووە، بەڵام بە تێپەڕبوونى کات
هاوسەنگى وەرگرتووە و ئێستاش واهەست دەکات لە دۆخێکى هزرى باشدایە.
ڕامۆس 35 ساڵ لە
سەرەتاى وەرزدا بە گرێبەستێک، کە تا هاوینى 2023 درێژەى هەیە، پەیوەندى بە پاریس
سان جێرمانەوە کرد، دواى ئەوەى گرێبەستەکەى لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید کۆتایى هاتبوو.
گ . ف