ئەلیگرى لە نازناوى خولى ئیتاڵیا بێهیوا بووە

PM:01:08:28/11/2021

732 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ڕاهێنەرى یۆڤانتۆس دووپاتیکردەوە یانەکەى کێبڕکێى نازناوى خولى ئیتاڵیا ناکات و پێیوایە سود لەو هەلانە وەرناگرن کە درووستیان دەکەن.

ماسیملیانۆ ئەلیگرى ڕاهێنەرى یۆڤانتۆس دواى دۆڕاندنەکەى بەرامبەر ئەتلانتا لە خولى ئیتاڵیا ئاماژەى بەوەکرد، ئاستیان لەو یارییەدا هەر وەک یارییەکانى بەرامبەر لازیۆ و فیۆرینتینا و میلان وابووە، بەڵام سود لەو هەلانە وەرناگرن، کە درووستیان کردوون، دەنا ئەتلانتا تەنیا یەک شوتى بۆ گۆڵەکەیان لێداوە.

ئەلیگرى دەڵێت "هەندێک دوودڵى هەیە و یاریزانەکانیش بەپەلەن، بەڵام دەبێت لە کارکردن بەردەوامبین بۆ پێشکەشکردنى ئاستێکى باش، هەوڵ دەدەین یارییەکانى داهاتوو ببەینەوە بۆ ئەوەى متمانە و هێمنى بەدەستبهێنینەوە".

ئەلیگرى پێیوایە یۆڤانتۆس تیپێکى زۆر باشە و دواى ئەو ئاستە ناتوانێت لۆمەى یاریزانەکان بکات و پیرۆزبایى ئەو هەوڵەیان لێ دەکات و پێشیوایە دواى 14 هەفتە شایەنى ئەو پلەیەن کە تێیدان و دەشڵێت "لە سەرەتادا خەڵکى دەیانوت ئەمە بەهێزترین پێکهاتەیە و پێویستە کاڵچیۆ بەدەستبهێنن، بەڵام تێبینیمکردووە ئەمە درووست نییە".

ئەلیگرى دووپاتیدەکاتەوە، ئەوەى لەسەریانە کارکردنى بەردەوام و تۆمارکردنى گۆڵى زۆرە، لەبەرئەوەى کێشەى گۆڵکردنیان هەیە، کە بەهۆى ئەمەشەوە متمانەیان لەدەستداوە.

گ . ف