مولەر: بیر لە وازهێنان ناکەمەوە

AM:10:05:08/02/2026

200 جار خوێندراوەتەوە

+ -

مولەر دوپاتیکردەوە هێشتا بیری لە وازهێنان نەکردووەتەوە و گەڕانەوەشی بۆ بایرن بە نزیک دانا.

تۆماس مولەر تاوەکو ئێستا چرکەساتی کۆتاییهێنان بە کاروانی وەرزشی خۆی دیاری نەکردووە و دوای ساڵانێکی پڕ لە دەستکەوت لەگەڵ یانەی بایەرن میونشن کە تێیدا 25نازناوی جۆراوجۆری بەدەستهێنا، ئەم یاریزانە تەمەن 37 ساڵە ڕووی لە کەنەدا کرد بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یانەی ڤانکۆڤەر وایتکاپسەوە بکات لە خولی ئەمریکی و گرێبەستەکەشی تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.

مولەر لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤاری دی وێڵت ئاماژەی بەوە کرد، هاوشێوەی هەموو بڕیارەکانی تری ژیانی پەلە ناکات لە راگەیاندنی خانەنشینبوون و پاڵنەری سەرەکیشی ئەوەیە تا ئەو کاتەی چێژ لە تۆپی پێ وەربگرێت بەردەوام بێت، هەر بۆیە مانگەکانی سەرەتای لە ڤانکۆڤەر بە خۆشحاڵییەوە بەسەر بردووە و ئێستاش چاوەڕوانی یەکەم وەرزی تەواوە لەو خولەدا.

پاڵەوانەکەی مۆندیالی 2014 لەگەڵ ئەڵمانیا باسی لەوەش کرد، لە کۆتایی وەرزی ڕابردوو هەستی بە فشارێکی زۆر کردووە بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە چونکە کاتێک دەتوانێت لە خولەکی 90دا بە لێدانی سزا گۆڵی سەرکەوتن تۆمار بکات، ئەو هەستە دەبێتە هۆی ئەوەی هێشتا بە پەرۆش بێت.

سەبارەت بە داهاتووش مولەر دانی بەوەدا نا کە گفتوگۆی لەگەڵ کارگێڕی بایەرن میونشن کردووە بۆ گەڕانەوە و وەرگرتنی پۆستێکی کارگێڕی، بەڵام جەختی کردەوە کە لە ئێستادا بیری لێ ناکاتەوە و دەیەوێت دوای وازهێنان بەردەوام بێت لە فێربوون، چونکە کاتێک دەست بۆ هەر کارێک دەبات دەیەوێت بە سەد لە سەدی توانایەوە ئەنجامی بدات.