مێسی چی بۆ خۆی و ئینتەر میامی کرد؟

AM:11:54:07/12/2025

168 جار خوێندراوەتەوە

+ -

مێسی سەرکردایەتی ئینتەر میامی کرد بۆ بوون بە پاڵەوانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئەمریکا و جەختیکردەوە کە نازناوی زیاتری دەوێت.

لیۆنێل میسی، ئەستێرەی ئەرجەنتین و یاریزانی ئینتەر میامی، بەردەوامە لە نوسینەوەی مێژوو، لە دوایین دەستکەوتیش سەرکردایەتی یانەکەی کرد بۆ بردنەوەی نازناوی خولی ئەمریکا و ژمارەی نازناوەکانی لە مێژووی خۆیدا بۆ 48 نازناو بەرزکردەوە.

ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە دوای تەنیا حەوت ساڵ لە دامەزراندنی یانەکە، یەکەم نازناوی خولی ئەمریکای بۆ ئینتەر میامی بەدەستهێنا، ئینتەر میامی پاڵەوانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئەمریکایە و یەکەم یانەیە لە یەک وەرزی خولەکەدا 101 گۆڵ تۆماربکات بە درێژایی مێژوو.

میسی تەمەن 38 ساڵ، بە تۆمارکردنی 77 گۆڵ و 44 ئەسیست، گۆڵکار و گۆڵدروستکاری مێژوویی یانەی ئینتەر میامییە، ئەم ژمارەیە بە کەمتر لە سێ ساڵ بەدەستیهێنا.

مێسی دوای بەدەستهێنانی نازناوەکە وتی: ئێمە لە سەرەتاوە بەرپرسیارێتیمان هەڵگرت، خاوەنی یاریزانانین کە دەتوانن یارییەکان یەکلایی بکەنەوە و شێوازی یاریکردنمان زۆر باش بوو.

وتیشی: زۆر دڵخۆشم بە بردنەوەی ئەم نازناوە، ویستم بە باشترین شێوە ماڵئاوایی لە بۆسکێتس و ئەلبا بکەم، بەڵام ئەم نازناوە بۆمن بەس نییە و ساڵی داهاتوو دەمەوێت نازناوی زیاتر ببمەوە.