PM:11:22:02/12/2025
72 جار خوێندراوەتەوە
+
-
ئەنچیلۆتی دوپاتیکردەوە ئاستی کێبڕکێ لە هەڵبژاردەکەی بەرزە و دەکرێت
ڤینیسیۆسیش بانگهێشت نەکات.
لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ بەرنامەی ئیسپۆرتێ ریکۆرد، کارلۆ
ئەنچیلۆتی راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل رایگەیاند، بۆ ئەو زۆر گرنگە هەر یاریزانێک
بانگهێشتی پێکهاتەکەی دەکات بەتەواوی ئامادەبێت، بابەتەکە تەنها نەیمار نییە بەڵکو
دەکرێت بۆ ڤینیسیۆسیش بەهەمان شێوەبێت، ئەو هیچ جۆرێک سازش ناکات لەسەر ئامادەیی
تەواوەتی یاریزانەکانی.
وتیشی: ئەگەڕ ڤینی لە سەدا 90 ئامادەبێت بۆ یاریکردن من ئەو بانگهێشت
ناکەم و یاریزانێک بانگهێشت دەکەم کە لە سەدا سەد ئامادەیە، بەڕازیل خاوەنی
هێرشبەری زۆر باشە و ئاستی کێبڕکێ تێیدا زۆر بەرزە.
ئەم لێدوانە نوێیانەی راهێنەرەکە لە کاتێکدایە، پێشتریش هۆشداری
داوەتە نەیمار کە دەبێت بە تەواوی لە پێکان چاکبێتەوە و لەرووی جەستەییەوە
بەتەواوی ئامادەبێت.
نەیمار ئەمساڵ پاش گەڕانەوەی بۆ سانتۆسی وڵاتەکەی زنجیرە پێکانێکی
تووشبووە و چەندین یاریش بەهۆیانەوە دابڕاوە، لە ئێستاشدا بەپێی زانیارییەکانی
رۆژنامە بەڕازیلییەکان بە پێکانەوە یاری بۆ یانەکەی دەکات و داهاتووی خۆی
خستووەتەوە مەترسییەوە.
لەلایەکی تریشەوە، ئاستی ڤینی لەگەڵ ریاڵ مەدرید لەم وەرزە جێگیر نییە
و چەند یارییەک باشە و چەند یارییەک ئاستی وەک پێویست نییە، ئەمەش وایکردووە
ئەنچیلۆتی هۆشداری پێبدات لە پێناو خۆ باشتر کردنی.