ئەڵۆنسۆ: بیر لە دوورخستنەوەم ناکەمەوە

PM:09:37:02/12/2025

16 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەڵۆنسۆ دوپاتیکردەوە بیر لە دوورخستنەوەی ناکاتەوە و هێشتا لە سەرەتایی وەرزەکەدان و زۆر شت ماوە بیکەن.

پێش رووبەڕووبوونەوەی ئەتلەتیک بلباو، چابی ئەڵۆنسۆی راهێنەری ریاڵ مەدرید رایگەیاند، یارییەکی بەهێزیان لە پێشە کە دەبێت وریاییەوە مامەڵەی تێدا بکەن و بە وزەیەکی زۆرەوە بچنە یاریگا.

باسی لەوەشکرد، لەگەڵ یاریزانەکانی باسی یەکگرتووی و سەقامگیری یانەکەیان کردووە، دەشیانەوێت لە یارییەکەی بلباو کۆتایی بەو ئاستە خراپەیان بهێنن لە دەرەوەی یاریگای خۆیان لە لالیگا پێشکەشی دەکەن و یارییەکە هەلێک دەبێت بۆ ئەو کارەیان.

جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، بێلینگهام وەک یاریزانەکانی تری تیپەکەی لە دۆخەکە نیگەرانە، بەڵام ئاستی خۆی رۆژ لەدوای رۆژ باشتر دەبێت، سەبارەت بە گۆنزالۆ گارسیاش دەزانێت یاریزانەکە شایستەی خولەکی یاریکردنە چونکە ئاستێکی بەرزی هەیە.

ئەلۆنسۆ رەتیکردەوە لەسەر بابەتی دوورخستنەوەی زۆر قسەبکات و ئاماژەی بەوەکرد، هێشتا رێگایەکی زۆریان لە پێشە و دەیەوێت رۆژ بە رۆژ تیپەکەی باشتر ئامادەبکات، لە ئێستاشدا تەنها سەرنجی لەسەر یارییەکەی بلباوە.

وتیشی: تیپەکەم هەندێک ئاست و کوالێتی لەدەستداوە بەڵام بەردەوام دەبین لەسەر رێکخستنەوە، تۆپی پێ قورسە و ئاڵۆزە، وە دڵخۆشین مباپێمان هەیە گۆڵکارە و سەرکردەی تیپەکەیە.